"حاجیانی هەرێم بۆ فەریزەی حەجی ئەمساڵ 45 ملیۆن دۆلاریان بردۆتە سعودیە"
  2019-08-23       1163       

رۆژی (30) ئەم مانگە كۆتا كاروانی حاجیان دەگاتەوە هەرێمی كوردستان، بەرێوەبەری حەج و عومرەی سلێمانیش ئاشكرای دەكات، ئەمساڵ حاجیانی هەرێم (45) ملیۆن دۆلاریان بردوەتە سعودیە و دو حاجیش لەوێ گیانیان لەدەستداوە.

ئاوێنە: كامەران عەلی، بەرێوەبەری حەج و عومرەی سلێمانی، ئەمڕۆ هەینی، بە میدیای رەسمی گۆڕانی راگەیاند؛ بۆ ئەمساڵ  بەمەبەستی بەجێهێنانی فەریزەی حەج حەوت هەزارو 130 حاجی هەرێمی كوردستان گەشتیان كردوە بۆ وڵاتی سعودیە و لەو رێژەیەش دو هەزارو 900 حاجی خەڵكی پارێزگای سلێمانی بون.

ئاشكراشی كرد، هەر حاجیەكی هەرێمی كوردستان چوار هەزارو 200 دۆلار(42 وەرەقە) تێچوی گەشتەكەی بوەو ئەو حاجیانەشی لە رێگەی پشكی بازرگانییەوە بەشداریان كردوە شەش هەزارو 500 دۆلار(65 وەرەقە)، تێچوی گەشتەكەیان بوە.

جەختی كردەوە،  بە كۆی گشتی حاجیانی هەرێم بۆ فەریزەی حەجی ئەمساڵ (45) ملیۆن دۆلاریان بردۆتە وڵاتی سعودیە.

لەبارەی گەڕانەوەی حاجیانی هەرێم، بەرێوەبەری حەج و عەمرەی سلێمانی رایگەیاند؛ گەڕانەوەی كاروانی حاجیان بۆ هەرێم بە شێوەیەكە رۆژێك لە رێگەی فڕۆكەخانەی سلێمانییەوە و رۆژی دواتر لە فڕۆكەخانەی هەولێرەوە، تا ئێستاش سێ هەزار حاجی گەڕاونەتەوە و (30)ی ئەم مانگەش كۆتا كاروانی حاجیان لە هەولێر دادەبەزن.

کامەران عەلی ئاماژەی بەوەكرد، رۆژانە هەشت كاروان كە (380) حاجی لە خۆی دەگرێت  لە رێگەی فڕۆكەخانەی سلێمانییەوە دەگەڕێنەوەو تا ئێستاش یەك هەزارو 700 حاجی لە كۆی دو هەزارو 900 حاجی سلێمانی، گەڕاونەتەوە و (29)ی ئەم مانگە كۆتا كاروانی حاجیانی پارێزگای سلێمانی دەگەڕێنەوە.

لەبارەی دۆخی حاجیانی هەرێم لە وڵاتی سعودیە، كامەران عەلی باسی لەوەكرد، حەجی ئەمساڵ لە كەشێكی گەرم و ئارامدا بەڕێوەچوە و لە كاتی عەرەفە و مینا دو جار باران باریوە و حاجیانی هەرێمیش لە شاری مەككە لە هۆتێل و لە كێوی عەرەفەش لە ژێر خێمە و خێوەتدا بێ كێشەو گرفت بون.

وتیشی"لە وەرزی ئەمساڵی حەجدا دو کەس لە حاجیانی هەرێمی كوردستان كە خەڵكی هەڵەبجە و دهۆك بون لەوێ گیانیان لەدەستداوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×