نوری مالیكی: وەڵامی توندی ئیسرائیل دەدەینەوە
  2019-08-23       709       
نوری مالیكی
نوری مالیكی سەرۆكوەزیرانی پێشوتری عێراق بەدوری نازانێت ئیسرائیل بۆردومانی جبەخانەکانی حەشدی شەعبی کردبێت‌و ده‌ڵێت، "ئەگەر سەلمێنرا ئیسرائیل لەپشت هێرشەكانه‌وه‌یه‌، ئه‌وا وەڵامی توندی دەدەینەوە".

ئاوێنه‌: نوسینگەی مالیكی له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگەیاندوە، "بەردەوامیی ئیسرائیل بۆ بەئامانجگرتنی عێراق، دەبێتە هۆی گواستنەوەو راكێشانی ململانێی زیاتری‌ ئێران لەناو عێراقدا".

نوری مالیكی هۆشداری داوەتە ئیسرائیل‌و وتویەتی، ئەگەر سەلمێنرا ئیسرائیل لەپشت هێرشەكانی ئەم دواییەی سەر بنكەكانی حەشدی شەعبییە، عێراق وەڵامی توندی دەداتەوە.

سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی قانون داواشیكردوە كە عێراق‌و هەمو وڵاتانی ناوچەكە بەرپرسیارێتی پاراستنی ئاسایشی ناوچەكە بگرنە ئەستۆ.

ئه‌م وتانه‌ی‌ مالیكی‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ دوێنێ پێنجشەممە، رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی له‌زاری چه‌ند به‌رپرسێكی ئه‌منی ئیسرائیلی‌و ئه‌مەریكییه‌وه‌ ئاشكرای كردبو كه‌ فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی ئیسرائیل جبه‌خانه‌كانی حه‌شدی شه‌عبیان له‌عێراق كردۆته‌ ئامانج، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئێران ئه‌و جبه‌خانانه‌ به‌كاردێنێت بۆ هه‌ڵگرتنی چه‌ك‌و ته‌قه‌مه‌نی‌و پاشان ده‌یانگوازێته‌وه‌ بۆ سوریا.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×