2019-08-23   641     
گونای كوبیلای
وته‌بێژی پارتی دیموکراتی گەلان -هه‌ده‌په- لابردنی سەرۆکی شارەوانییەکان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ شكستی پارتی داد‌و گه‌شه‌پێدانی ده‌سه‌ڵاتدار له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی 31ی ئازار‌و پێیوایه، "ده‌سه‌ڵات په‌لاماری ئیراده‌ی گه‌ل دەدات‌و ده‌یه‌وێت به‌و جۆره تۆڵه بكاته‌وه".
ئاوێنه: له‌باره‌ی لابردنی سه‌رۆكی سێ شاره‌وانییه‌كه‌و دانانی خۆسەپێنەکان بۆ سێ شاره‌وانییه‌كه، گونای كوبیلای، وته‌بێژی هه‌ده‌په رایگه‌یاند، ده‌سه‌ڵات كه شكستی 31ی ئازاری پێ قبوڵ ناکرێت، په‌لاماری ئیراده‌ی گه‌ل دەدات‌و ده‌یه‌وێت به‌و جۆره تۆڵه بكاته‌وه.
گونای كوبیلای وتیشی، جگه له‌سه‌رۆكی گشتی ئاكپارتی، مه‌هه‌په‌و پارتی وه‌ته‌ن، سەرجەم چین‌و توێژه‌كانی توركیا دژی دانانی خۆسەپێنەکان -قه‌یوم-ن بۆ سه‌رۆك شاره‌وانییه‌كانی هه‌ده‌په.
به‌بۆچونی ئه‌و، "ده‌سه‌ڵات له‌قه‌یرانی شه‌رعیه‌تدایه، ده‌سه‌ڵات كه توانای به‌ره‌نگاربونه‌وه‌و روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی هەدەپەی نییه له‌زه‌مینه‌ی سیاسه‌تی دیموكراسیدا، له‌رێ لایداوه‌و ده‌یه‌وێت هه‌ده‌په له‌تاوانه‌وه بگلێنێت‌و له‌چالاكیی بخات".
وته‌بێژی هه‌ده‌په داوا له‌ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا ده‌كات كه لەبڕیارەكه‌یان پاشگه‌ز ببنه‌وه‌و سه‌رۆك شاره‌وانییه‌كان بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ سه‌ر ئه‌ركه‌كانیان‌و "ئه‌و له‌كه‌یه بسڕنەوە کە داویانه له‌نێوچاوانی وڵاته‌كه‌مان".
ڕۆژی 19ی ئابی 2019 هێزە ئەمنییەکانی تورکیا باڵەخانەی شارەوانییەکانی ئامەدو وان‌و مێردینیان ئابڵوقەداو بەفەرمانی وەزیری ناوخۆی تورکیاش سەرۆکی ئەو سێ شارەوانییە لەکارەکانیان دورخرانەوە.
سەرۆک شارەوانییە دورخراوەکان؛ عەدنان سەلجوق مزراکلی، هاوسەرۆکی گەورە شاری ئامەد، بەدیعە ئۆزگۆکچەئەرتان، هاوسەرۆکی گەورە شاری وان‌و ئەحمەد تورک، هاوسەرۆکی گەورە شاری مێردین بون کە سەر بەپارتی دیموکراتی گەلان -هەدەپەن.
لەشوێنی ئەوانیش ئەرکی بەڕێوەبردنی گەورە شارەوانییەکانی ئامەد درا بەحەسەن باسری گوزەلئۆغڵو، پارێزگاری ئامەد، گەورە شارەوانی مێردین درا بەمستەفا یامان، پارێزگاری مێردین‌و گەورە شارەوانی وانیش درا بەمحەممەد ئەمین بیلمەز، پارێزگاری وان.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا بیانوی لابردنی سه‌رۆك شاره‌وانییه‌كانی گه‌ڕاندۆته‌وه بۆ بونی "پەیوەندییان بەرێکخراوی تیرۆریستییەوە".