خالد شوانی‌: کەرکوک بەدۆخێکی‌ تەواو نائاساییدا تێپەڕدەبێت
  2019-08-23       1275       
خالد شوانی‌

به‌بۆچونی‌ خالد شوانی‌، کەرکوک بەدۆخێکی‌ تەواو نائاساییدا تێپەڕدەبێت‌و پرۆسەی‌ بەعەرەبکردنی‌ شاره‌كه‌ بەردەوامیی‌ هەیە. هۆشداریش ده‌دات كه‌ ئەنجامدانی‌ سەرژمێری‌ له‌كه‌ركوك بەزەرەری‌ کورد تەواو دەبێت.

ئاوێنه‌: خالد شوانی‌، وه‌زیری‌ هه‌رێمی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و ئەندامی‌ سەرکردایەتی‌ یەکێتی‌ له‌باره‌ی‌ دۆخی‌ شاری‌ كه‌ركوكه‌وه‌ به‌ده‌نگی‌ ئه‌مریكای‌ راگه‌یاندووه‌، "پرۆسەی‌ بەعەرەبکردنی‌ شاری‌ کەرکوک بەردەوامیی‌ هەیەو هەوڵی‌ گۆڕینی‌ دیمۆگرافیای‌ شارەکە دەدرێت، ئەم هەنگاوانەش لە ژێر سەرپەرشتی‌ هێزێکی‌ نامۆدا ئەنجامدەدرێن.

به‌وته‌ی‌ ئه‌و، هەرچەندە لەئێستادا تەنها کورد دەنگ هەڵدەبڕێت، بەڵام تورکمان‌و عەرەبی‌ ڕەسەنیش لەم دۆخە زەرەرمەند دەبن، له‌و روه‌وه‌ دەڵێت، "بەرنامەی‌ هەمە لایەنە بۆ کۆنترۆڵکردنی‌ دۆخی‌ کەرکوک لەهەمو ڕویەکەوە هەیە."

خالد شوانی‌ داوای‌ لەهێزە کوردییەکان کرد خۆیان بۆ دو ڕوداوی‌ گەورە لەکەرکوک ئامادە بکەن، کە بریتین لەئەنجامدانی‌ هەڵبژاردنی‌ پارێزگاکان‌و پرۆسەی‌ سەرژمێریی‌ گشتی‌ کە بڕیارە لەکۆتایی‌ ساڵی‌ داهاتودا ئەنجامبدرێت.

ناوبراو راشیگه‌یاندووه‌، "گەر کورد خۆی‌ بۆ هەڵبژاردن ئامادە نەکات، ئەوا دەرئەنجامێکی‌ مەترسیداری‌ بۆی‌ دەبێت."

ئه‌و وه‌زیره‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم بەپێویستی‌ دەزانێت هێزە کوردییەکان رێگە نەدەن سەرژمێری‌ لەکەرکوک ئەنجامبدرێت، بەو پێیەی‌ هەوڵی‌ گەورە بۆ گۆڕینی‌ دیمۆگرافیای‌ شارەکە لەئارادایە.

ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات،  "دەبێت ئەوەی‌ کەرکوکیەو لەتۆماری‌ ساڵی‌ 57دا ناوی‌ تۆماکراوە، ئەوانە لەسەرژمێری‌ ساڵی‌ داهاتودا تۆمار بکرێن، کورد غەیری‌ ئەمە قەبوڵ نەکات."

خالد شوانی‌ باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئەنجامدانی‌ سەرژمێری‌ لەئێستادا بەزەرەری‌ کورد تەواو دەبێت، چونکە ئاوارەیەکی‌ زۆر هێنراوەتە کەرکوک، "ئەمە زیانی‌ گەورە بەپێکهاتە ڕەسەنەکانی‌ کەرکوک دەگەیەنێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×