قائیمقامیەتی سلێمانی هۆشداری لەخواردنەوەی جۆرە شەربەتێك دەدات
  2019-08-24       655       

به‌هۆی خراپ عه‌مباركردنیه‌وه‌، لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی ده‌ست به‌سه‌ر بڕێكی زۆر شه‌ربه‌تدا ده‌گرن و سه‌رۆكی لیژنه‌كه‌ هۆشداری لە خواردنەوەی ئەو جۆرە شەربەتە دەدات.

ئاوێنە: قائیمقامیەتی سلێمانی لەڕاگەیەندراوێكدا لەزاری عیسمه‌ت محه‌مه‌د، سه‌رۆكی لیژنه‌ی كۆگاكانی سه‌ربه‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی رایگه‌یاند؛ به‌هۆی خراپ عه‌مباركردن و گومانی خراپبون و نه‌شیاوی بۆ خواردنه‌وه‌ له‌ گۆكایه‌كی ناوچه‌ی "فه‌ره‌جئاوا"ی شاری سلێمانی‌ لیژنه‌كه‌ ده‌ستی به‌سه‌ر (700) كێس شه‌ربه‌تدا گرتوه.

وتی؛ شه‌ربه‌ته‌كه‌ له‌ جۆری (فستقە)یە‌و به‌تامه‌كانی (پرته‌قاڵ، قۆخ و هه‌نار) له‌ به‌غداوه‌ هاورده‌ كراوه‌و (16) هه‌زارو  800 دانه‌یه‌، له‌لایه‌ن لیژنه‌هاوبه‌شه‌كانه‌وه‌ نمونه‌ی ره‌وانه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی سلێمانی كراوه‌ بۆ پشكنین.

وتیشی؛ ئه‌مجۆره‌ شه‌ربه‌ته‌ له‌ دوكانی گه‌ڕه‌كه‌كاندا زیاتر به‌ منداڵ ده‌فرۆشرێت، بۆیه‌ پێویسته‌ دایكان و باوكان زیاتر ئاگاداری ئه‌و خواردن و خواردنه‌وانه ‌بن منداڵه‌كانیان ده‌یخۆن، رێگریان لێ بكه‌ن له‌ خواردن و خواردنه‌وه‌ی خراپ و ماوه‌به‌سه‌رچو.

ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد؛ ته‌ندروستی سلێمانی وه‌ڵامی پشكنینه‌كه‌ی به‌نه‌شیاو بۆ خواردنه‌وه‌ داوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ به‌فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی و له‌لایه‌ن لیژنه‌ی له‌ناوبردنه‌وه‌ له‌ناوچه‌ی ده‌ره‌وه‌ی نیشته‌جێبونی هاوڵاتیان ته‌واوی شه‌ربه‌ته‌كه‌ له‌ناوده‌برێت و خاوه‌نه‌كه‌شی روبه‌روی رێكاری یاسایی ده‌كرێته‌وه‌.


زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×