عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ناوی دو كاندیدی نوێی بۆ وه‌زاره‌تی داد و وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده به‌مه‌به‌ستی متمانه پێدانیان ره‌وانه‌ی په‌رله‌مانی عێراق كرد‌و ده‌شڵێت؛ له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا ناوی كاندیدانی وه‌زاره‌ته‌كانی به‌رگری و ناوخۆ-ش ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان ده‌كه‌ن.
ئاوێنه: عادل عه‌بدولمه‌هدی، به نوسراوێك كه ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق كردوه ناوی دو كاندیدی نوێی بۆ وه‌زاره‌ته‌كانی په‌روه‌رده‌و وه‌زاره‌تی داد ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان كردوه كه كاندیده‌كه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده بریتیه له "سه‌فانه حسێن عه‌لی حه‌مدانی" و كاندیده‌كه‌ی وه‌زاره‌تی دادیش بریتییه له "دادوه‌ر ئه‌ركان قادر وه‌لی كه‌ریم بیبانی."
به‌خیتار شاوه‌یس په‌رله‌مانتاری یه‌كێتی له په‌رله‌مانی عێراق كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر به‌دانانی نوسراوه‌كه‌و وێنه‌ی سیڤی هه‌ردو كاندیده‌كه له‌هه‌ژماری خۆی له فه‌یسبوك هه‌واڵه‌كه‌ی پشتڕاستكردۆته‌وه‌و وتویه‌تی"كه ئێستا ناوی ئه‌و كاندیدانه گه‌یشتۆته په‌رله‌مان."
به‌پێی سیڤییه‌كانیان سه‌فانه له‌دایكبوی ساڵی 1963ی به‌غدایه‌و هه‌روه‌ها دادوه‌ر ئه‌ركان-یش له‌دایكبونی 1975ی كه‌ركوك و دادوه‌ره له دادگای به‌دائه‌ی كه‌ركوك.
سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق داوای له‌سه‌رۆكی په‌رله‌مان كردوه كه ناوی ئه‌و دو كاندیده بۆ متمانه پێدان بخاته به‌رده‌م په‌رله‌مان و ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه كه هه‌ردو ناوه‌كه له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی لێپرسینه‌وه‌و دادپه‌روه‌ری و ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌وه وردبینی كراون.
سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه كه به‌م نزیكانه ناوی كاندیدانی هه‌ردو وه‌زاره‌تی به‌رگری و ناوخۆ-ش ره‌وانه‌ی په‌رله‌مانی عێراق ده‌كه‌ن بۆ ته‌واوكردنی پێكهاته‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی.