ئەمازۆن 10 ساڵە ئاگری وای بەخۆیەوە نەبینیوە
  2019-08-24       2395       

ئا: ئاوێنە

دارستانی باراناوی ئەمازۆن لە بەرازیل روبەڕوی ئاگركەوتنەوەیەكی گەورەی چڕ بۆتەوە كە لەماوەی 10 ساڵی رابردودا ئاگری وای بەخۆیەوە نەبینیوە.

ئاگرەكە زیاتر ئەو بەشانەی دارستانەكەی گرتۆتەوە كە دەكەونە ویلایەتەكانی "رورایما"و "روندونیا"و "ئەمازۆن" لە باكوری وڵات.

لەگەڵ ئەو وێنانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاودەكرێنەوە لەژێر هاشتاگی (#PrayforAmazonas نوێژ بۆ ئەمازۆن بكەن)، دەقیق نین، بەشێكی زۆریان وێنەی ئاگرەكەوتنە كۆنەكانی بەر لە چەند دەیەیەكن و هەندێكیشیان لەبنەڕەتدا وێنەی بەرازیل نین.

كەوایە ئەوەی لە دارستانی ئەمازۆن رودەدات بە دیاریكراوی چییەو كاریگەری راستەقینەی ئاگرەكە چەندە؟

بەرازیل لەمساڵدا (2019)، ئاستێكی پێوانەیی لە ئاگركەوتنەوە تۆماركردوە، ئەوەش بەپێی ئاژانسی ژینگەی بەرازیلی.

بەپێی پەیمانگای نیشتمانی بۆ لێكۆڵینەوە ژینگەییەكان لە بەرازیل، ئەو داتایانەی لەڕێگەی مانگی دەستكردی خۆیەوە تۆماری كردون، نیشانی دەدەن تێكڕای ئاگرەكان لەسەدا 85 زیادیان كردوە بە بەراورد بە ساڵی رابردو.

بەپێی داتا رەسمییەكان، لەماوەی هەشت مانگی یەكەمی ئەمساڵدا 75 هەزار ئاگركەوتنەوە لە دارستانەكانی بەرازیل تۆماركراون كە ئەوەش بەرزترین ژمارەیە لە ساڵی 2013ەوە. لەماوەی هەشت مانگی یەكەمی ساڵی رابردودا ژمارەی ئاگركەوتنەوە تۆماركراوەكان لە 40 هەزار تێنەپەڕیوە.

ئاگرەكان لە دارستانی ئەمازۆن لە وەرزی بێبارانیدا تەشەنەدەسەنن كە ئەو وەرزەش لە مانگی تەمموزەوە دەست پێدەكات تا مانگی تشرینی یەكەم. ئاگرەكان دەكرێ هەندێك جار بە سروشتی وەك لەڕێگەی هەورە بروسكەوە بكەونەوە. بەڵام هەندێك جاریش جوتیارەكان و ئەوانەی داردەبڕنەوە بۆ ئامادەكردنی زەوییەكان لەپێناو داچاندنی بەری نوێ یاخود بۆ لەوەڕاندنی ئاژەڵ، دەستیان لەوەدا هەیە.

چالاكوانان دەڵێن؛ گوتارە دژە ژینگەییەكانی خایەر بۆڵسۆنارۆ، سەرۆكی بەرازیل هانی پڕۆسەی لەناوبردنی درەختەكان دەدات. لەبەرامبەردا سەرۆكی بەرازیل، كە گومانی هەیە لە گۆڕانیی كەشوهەوا، رێكخراوە ناحكومییەكان تۆمەتباردەكات بەوەی لە پشت ئاگركەوتنەوەكانەوە بن تا وێنەی حكومەتەكەی ناشیرین بكەن.  

بەڵام لەگەڵ ئەوەش سەرۆكی بەرازیل بەم دواییانە زانیویەتی كە حكومەت كەرەستەی پێویستی كەمە بۆ كوژاندنەوەی ئاگرەكان.

باكوری بەرازیل بەهۆی ئاگرەكەوە زیانی زۆری پێگەیشتوە

 ئەو ناوچانەی دارستانەكە كە زۆرترین زیانیان پێگەیشتوە دەكەونە باكوری بەرازیل. رێژەی ئاگرەكە ویلایەتەكانی "رورایما"و "ئەگری" "روندونیا"و "ئەمازۆن"ی لەباكوری وڵات زۆر زیادی كردوە بەراورد بە تێكڕای ئاگركەوتنەوە لە چوار ساڵی رابردودا. 

لە ویلایەتی "رورایما" تێكڕای ئاگركەوتنەوە لەمساڵدا لەسەدا 141 زیادی كردوەو لە "ئەگری" بە رێژەی لەسەدا 138 و لە ویلایەتی "روندونیا" بە رێژەی لەسەدا 115 و لە  ویلایەتی "ئەمازۆن"یش بە رێژەی لەسەدا 81. بەرەو باشوریش لە ویلایەتەتی "ماتۆ گروسۆ دو سۆل" رێژەی ئاگركەوتنەوە لەمساڵدا لەسەدا 114 زیادی كردوە.
ئەمازۆن، گەورەترین ویلایەتی ئەمازۆن، دۆخی نائاسایی راگەیاندوە.

ئاگرەكە بڕێكی زۆر دوكەڵ و كاربۆنی لێكەوتۆتەوە

پەڵە دوكەڵی چڕی ئاگرەكە ئاسمانی ناوچەی ئەمازۆن و زیاتر لەوێشی داپۆشیوە.

بەپێی خزمەتگوزاری كۆپەرنیكۆس بۆ چاودێری كەشوهەوا، سەربە یەكێتی ئەوروپا، دوكەڵی ئاگرەكان گەیشتۆتەوە كەناراوی زەریای ئەتڵەسی و بەدوری 3.200 كیلۆمەتر  ئاسمانی "ساوپاوڵۆ"ی تاریك كردوە.

لە ئاگرەكانەوە بڕێكی زۆر دوانۆكسیدی كاربۆن بەرهەمهاتوە، بەپێی خزمەتگوزاری كۆپەرنیكۆس لەئێستادا بڕی دوانۆكسیدی كاربۆن لە جیهاندا گەیشتۆتە 228 مێگا تۆن كە ئەوەش بەرزترین رێژەیە لەساڵی 2010ەوە.

هەروەها لە ئاگرەكانەوە گازی یەكەم ئۆكسیدی كاربۆنیش بەرهەمهاتوە، ئەوەش لەئاكامی ئاگرگرتنی تەختەكان بەهۆی كەمی ئۆكسجینەوە.

بەپێی نەخشەكانی خزمەتگوزاری كۆپەرنیكۆس گازی یەكەم ئۆكسیدی كاربۆن كە ئاستێكی بەرزی كوشندەیی هەیە، گەیشتۆتە ئەودیو هێڵە كەناراوییەكانی ئەمریكای باشور.

لە ئەمازۆن نزیكەی سێ ملیۆن جۆری روەك و ئاژەڵ و هەروەها ملیۆنێك لە دانیشتوانی ئەسڵی ناوچەكە دەژین. ئەمازۆن بۆ كۆنترۆڵكردنی پلەی گەرمی زەوی زۆر گرنگەو دارستانەكانی ساڵانە ملیۆنان تۆن گازی كاربۆن هەڵدەمژن.

لەكاتی بڕینەوەو سوتانی درەختەكاندا، ئەو كاربۆنەی درەختەكان گلیانداوەتەوە دێتەوە ناو هەواو توانای دارستانە باراناوییەكانیش بۆ هەڵمژیری كاربۆن كەمتر دەبێتەوە.

چەند وڵاتێكی دیكەش زیانی ئاگرەكەیان بەركەوتوە

ژمارەیەك وڵاتی حەوزی ئەمازۆن، كە روبە رەكەی 7.4 ملیۆن كیلۆمەتری چوارگۆشە دەبێت، لەمساڵدا بەرزبونەوەی ژمارەی ئاگركەوتنەوە تێیاندا زیادی كردوە.

دوای بەرازیل، ڤەنزوێلا لەڕوی ژمارەی ئاگركەوتنەوەكانەوە بە پلەی دوەم دێت كە زیاتر لە 26 هەزار ئاگركەوتنەوەی بەخۆیەوە بینیوەو دوای ئەویش بۆلیڤیا بەپلەی سێیەم دێت بە 17 هەزار ئاگركەوتنەوە.

حكومەتی بۆلیڤیا فڕۆكەی بەكرێ گرتوە بۆ كوژاندنەوەی ئاگرەكان لە رۆژهەڵاتی وڵات. بڵێسەی ئاگرەكان نزیكەی شەش كیلۆمەتر چوارگۆشە لە دارستان و لەوەڕگاكانی گرتۆتەوە.

حكومەتی بۆلیڤیا ژمارەیەكی زۆتر كارمەندی فریاگوزاری ناردۆتە ناوچەكەو لە ئێستاشدا خەریكی دروستكردنی پەناگەیە بۆ پاراستنی ئەو ئاژەڵانەی لە ئاگرەكان هەڵهاتون.

 

سەرچاوە/ بی بی سی


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×