عێراق بۆ ئه‌نجامدانی سەرژمێری سود لە ئەزمونی سەرژمێریی میسر و ئوردن وەردەگرێت
  2019-08-25       756       
بەغدا و هەولێر سەرقاڵی ئامادەكارین بۆ سەرژمێری و بەرپرسێكی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستانیش، باس لە دواگۆڕانكاریی قۆناغەكانی سەرژمێری لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەكات و پێی وایە، هەماهەنگیی هەولێر و بەغدا لەو بارەیەوە لە قۆناغێكی باشدایە.

ئاوێنه‌: بە بڕیارێكی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، دامەزراوەكانی عێراق و دەستەی ناوەندیی ئاماری عێراق سەرپشک كراون بۆ ئەوەی لە كۆتایی ساڵی 2020 سەرژمێری لە عێراق و هەرێمی كوردستان بكرێت.

سیروان محەمەد، سەرۆكی دەستەی ئاماری هەرێم، رایگه‌یاند "ئامادەكاریی سەرەتایی لەو بارەیەوە كراوە، ئێستا لە قۆناغی كۆبونەوە و بیروڕاگۆڕینەوەداین لەگەڵ بەغدا، چاوەڕوانیش دەكەین ئاستی كۆبوونەوەكان فراوانتر بكرێت، بۆ ئەوەی قەوارە و چوارچێوەی سەرژمێری بۆ ساڵی داهاتوو ئامادە بكرێت، هەروەها چاوەڕی دەكرێت دوو هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوەی دووەمی دەستەی باڵای سەرژمێری لە عێراق ئەنجام بدرێت، یەكەم كۆبوونەوەش 3 مانگ پێش ئێستا بوو".

سیروان محەمەد بۆ میدیای پارتی وتیشی "سەرژمێری 3 قۆناغە، یەكەم: ئامادەكاری. دووەم: قۆناغی جێبەجێ كردن. سێییەم: راگەیاندنی ئەنجام.

ناوبراو وتیشی: وەک دەزانن ئەم سەرژمێرییە جیاوازە، چونكە ئەم جارە بە شێوەی ئەلیكترۆنی دەبێت بۆ ئەوەی كەموكورتی نەمێنێت. هەروەها بڕیارە ئەم جارە شێوازی زۆر پێشكەوتوو لە سەرژمێریدا پەیڕەو بكرێت و بۆ ئەم مەبەستەش سوود لە ئەزموونی سەرژمێریی میسر و ئوردن وەردەگیرێت، كە لە ساڵی 2015 و 2017 و ئەنجامیان دا، ئێمەش وەک هەرێمی كوردستان لەگەڵ تیمی عێراق سەردانی ئەم دوو وڵاتەمان كردووە و زانیاریمان لەو بارەیەوە دەست كەوتووە و وەختێكی كەممان ماوە بۆ ئامادەكاری، بۆیە دەبێت هەوڵەكان بۆ سەرژمێری چڕ بكرێنەوە".

ناوبراو راشیگەیاند: "دەستەی ئاماری هەرێم لەگەڵ بەڕێوەبەراتییەكان و وەزارەتەكان لەسەر خەتە بۆ ئەوەی دەستەی باڵای سەرژمێری لە كوردستان دروست بكرێت، بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستی و پەروەردە و وەزارەتەكانی دیكە بەشدارن و كە ئەم دەستەیە پێک هێنرا، دەتوانێت سەرپەرشتیی هەموو قۆناغەكانی سەرژمێری لە كوردستان بكات".

سیروان محەمەد دەشڵێت: "رەنگە مانگی 11ی ساڵی 2020 سەرژمێری دەست پێ بكات".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×