دادگا فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی "شاسوار عه‌بدولواحید"ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌
  2019-08-25       917       

دواى نزیکەى مانگێک لە فەرمانى دەستگیردنى شاسوار عەبدلواحید لە لایەن دادگاى لێکۆڵینەوەى سلێمانییەوە، ئەمرۆ دادگای تاوانەکانى سلێمانى بە سیفەتی تەمیزی فەرمانی دەستگیرکردنى سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێی هەڵوەشاندەوە.

ئاوێنە: كەناڵی ئێن ئاڕ  تی رایگەیاند، بەپێى نوسراوێکى دادگاى تاوانەکان کە رێككەوتی ٢٥ى ٨ى لەسەرە، هاتوە، کە پێشتر هەمان سكاڵا هەبوە لە هەمان دادگا و داخراوە.

ئێن ئاڕ تی بە بێ بڵاوكردنەوەی وێنەی نوسراوەكە، هێمای بۆ ئەوە كردوە كە لە بەشێکى دیکەى نوسراوەکەى دادگاى تاوانەکاندا هاتوە، لێکۆڵینەوە بکرێت کە ئایا گرێبەست لە نێوان کۆمپانیاکە و سکاڵاکاران بەشێوەیەکى ئسوڵى کراوە یاخود نا، وە ئەگەر بە ئسوڵى کرابێت وە بەرەزامەندى خۆیان، ئەوە ئەو کات فێڵ لە کوێدایە.

ئەوەشی خستۆتەڕو كە ئەمە جگە لەوەی دادگای تاوانەکان بە سیفەتی تەمیزی رایگەیاندوە کە چۆن پێش لێکۆڵینەوەی ورد فەرمانی دەستگیرکردن بۆ کەسێک دەردەکرێت لەسەر داوایەکى لەو جۆرە؟ لە کاتێکدا پێشتر هەمان دۆسیە داخراوە لە دادگا.

هاوکات ئۆفیسی یاسایی جوڵانەوەى نەوەی نوێ بە هاوکاری ئۆفیسی میدیایی راگەیەنراوێکیان بڵاوکردەوە و دەڵێن، لە نێوان ٢٠١٩/٣/٣ تاوەکو ٢٠١٩/٧/٢٤ واتە لە نێوان کەمتر لە پێنج مانگ، چوار فەرمانی گرتن بۆ سەرۆکى جوڵانەوەکە دەرچوە، هۆکارەکەشى دەگەرێننەوە بۆ بەرەوپێشچونی جوڵانەوەکە و گۆڕینی شێوازی کاری حیزبایەتیی، لە شێوازی تەقلیدیی و باوەوە بۆ شێوازی خزمەتکردنی هاوڵاتییان و ملنەدانی بۆ دەسەڵات و تەسلیم نەبون بەویست و حەزی دو پارتی دەسەڵاتدار.

وەک لە راگەیەنراوەکەشدا هاتوە، لە ماوەی ئەو ١٠ ساڵەی شاسوار عەبدولواحید کۆمپانیا بازرگانیەکان و پرۆژە وەبەرهینانەکانی هەبوە (٢٠٠٧ تا ٢٠١٧) بە هیچ شێوەیەک و لە هیچ کاتێکدا هیچ فەرمانێکی دەستگیرکردنى بۆ دەرنەکراوە لە ژێر هیچ ناونیشان و بیانویەکدا، نە بە تۆمەتی "هەڵخەڵەتاندن" نە "کاری تری نا یاسایی"، هیچ دادگایەکی هەرێمی کوردستان حوکمی ناوبراوی نەداوە و بە پێچەوانەوە، چەند جارێک لە ساڵانی ٢٠١٥ و ٢٠١٦ لەسەر مەسەلەی پرۆژەیەکی بازرگانیی بە ناوی (چاڤیلاند) بێتاوانیی ئەو دەرچوە و دادگا دۆسیەکانی هەمو داخستوە (چ لە دادگای مەدەنیی و چ لە دادگای سزایی).

ئۆفیسی یاسایی و میدیایی جوڵانەوەکە داوایان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی و كونسوڵخانەكان و نێردە نێودەوڵەتییەکان هەیە لە هەرێمی کوردستان کە زیاتر فشار بکەنە سەر دەسەڵات، بە مەبەستی رێزگرتنی رای جیاواز و فرەڕەنگیی و فرەحیزبیی سیاسیی لە هەرێم.


زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
كه‌شناسێكی كورد واده‌ی هاتنی شه‌پۆلێكی بارانباران و هه‌وره‌ بروسكه‌ی راگه‌یاند
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×