وەزیری دەرەوەی ئێران بەسەردانێك گەیشتە شوێنی كۆبونەوەكانی لوتكەی جی7
  2019-08-25       1034       

پاریس و تاران گەیشتنی محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ شوێنی كۆبونەوەكانی لوتكەی جی7 لە شاری بیاریتس-ی فەرەنسا پشتڕاستدەكەنەوە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا كە لەو شارەی فەرەنسایە بۆ بەشداریكردن لە لوتكەی جی7، ئامادە نەبو هیچ لێدوانێك دەربارەی گەیشتنی زەریف بدات. 

ئاوێنە: سەرۆكایەتی كۆماری فەرەنسا، لەڕاگەیەندراوێكدا پشتڕاستی كردەوە كە جەواد زەریف دەچێتە شوێنی كۆبونەوەكانی لوتكەی جی7 بەڵام هیچ پلانێكی كۆبونەوە لەنێوان ئەو و وەفدی ئەمریكادا نییە. 

سەرانی حەوت وڵاتی زلهێزی جیهان لە شاری "بیاریتس"ی فەرەنسان كە یەك لەوانە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكایە. 

عەباس موسەوی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گەیشتنی محەمەد جەواد زەریف-ی بۆ ئەو شارەی پاریس پشتڕاستكردەوەو لە تویتێكدا رایگەیاند كە سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی ئێران لەسەر بانگهێشتی هاوتا فەرەنسییەكەی بوە بۆ بەردەوامیدان بە گفتوگۆكان دەربارەی دەستپێشخەرییەكەی ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنساو سەردانەكەی گفتوگۆكردن لەگەڵ وەفدی ئەمریكی لەخۆناگرێت. 

عەباس موسەوی وتویەتی"لەسەر بانگهێشتی جان ئێف لودریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، وەزیری دەرەوەمان محەمەد جەواد زەریف گەیشتە شاری بیاریتس، شوێنی گرێدانی لوتكەی جی7، بۆ بەردەوامیدان بە گفتوگۆكان دەربارەی دەستپێشخەرییەكەی سەرۆكی فەرەنسا."

وتوشیەتی"هیچ دیدار و وتوێژێك لەگەڵ وەفدی ئەمریكی لەمیانی ئەم سەردانەدا نابێت."

دەستپێشخەرییەكەی ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا پەیوەستە بە هەوڵەكانییەوە بۆ كەمكردنەوەی گرژییەكانی نێوان واشنتۆن و تاران دەربارەی پرسی ئەتۆمی ئێران.

لای خۆیشییەوە دۆناڵد ترەمپ، رەتیكردەوە هیچ لێدوانێك لەوبارەیەوە بدات.

بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز كاتێك لە ترەمپ پرسی دەربارەی هەواڵی گەیشتنی وەزیری دەرەوەی ئێران كراوە بۆ شوێنی لوتكەی جی7، سەرۆكی ئەمریكا وتویەتی"هیچ لێدوانێكم نییە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×