حەشدی شەعبی دەڵێت؛ ئیسرائیل بۆردومانی هێزەكەیانی لە قائیم كردوە
  2019-08-25       1150       

حەشدی شەعبی، بۆردومانكردنی هێزەكانیان لە شارۆچكەی قائیم لەلایەن فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە دەخاتە ئەستۆی ئیسرائیل و دەشڵێت؛ بۆردومانەكە هاوكات بوە لەگەڵ چاودێریكردنی ئاسمانی ناوچەكە لەلایەن فڕۆكە ئەمریكییەكانەوە.

ئاوێنە: ئۆپەراسیۆنەكانی حەشدی شەعبی، ئەمشەو یەكشەممە، لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، لەچوارچێوەی زنجیرەیەك هێرشی ئیسرائیلدا بۆ سەر عێراق جارێكی دیكە ئیسرائیلییەكان ئەمڕۆ لەڕێگەی دو فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە لەسەر رێگەی "عەكاشات"ی قائیم و لەدوری 15 كیلۆمەتر لە سنوری سوریاوە هێزەكانی حەشدی شەعبی كردۆتە ئامانج.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە ئەو دەستدرێژییە هاوكات بوە لەگەڵ چاودێریكردنی ئاسمانی ناوچەكە لەلایەن فڕۆكە ئەمریكییەكانەوەو وێڕای ئەوەش باڵۆنێكی گەورەی چاودێری لەئاسمانی نزیك روداوەكە هەبوەو بۆردومانەكەش هاوكات بوە لەگەڵ دەستپێكردنی قۆناغی چوارەمی ئۆپەراسیۆنەكانی "ئیرادەی سەركەوتن" لە رۆژئاوای عێراق بە بەشداری هێزەكانی حەشدی شەعبی، پۆلیسی فیدراڵی بۆ شوێنپێهەڵگرتنی گروپە تیرۆریستییەكان.

ئۆپەراسیۆنەكانی حەشدی شەعبی هێمای بۆ ئەوە كردوە كە ئەو دەستدرێژییە هێزەكانیان لە بەجێهێهانی ئەركی نیشتمانی خۆی لە دژایەتی تیرۆر و بەرگریكردن لەخاكی عێراق و ئاسایشەكەی ساردناكەنەوەو روبەڕوی هەمو دەستدرێژییەك و ئەو لایەنانەش دەبنەوە كە پشتیوانی دەكەن.

هەرچەندە ئۆپەراسیۆنەكانی حەشدی شەعبی لە بەیاننامەیەكدا هێمای بۆ ئەوە كردوە كە بەهۆی بۆردومانەكەوە چەكدارێكیان كوژراوەو یەكێكی دیكەش برینداربوە. بەڵام پێشتر فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی حەشدی شەعبی لەئەنبار رایگەیاندبو كە دو چەكداریان كوژراون و یەكێكی دیكەشیان بریندار بوە.

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی حەشدی شەعبی لەئەنبار رایگەیاندبو، ئەمڕۆ یەكشەممە دو فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی نەناسراو خاڵێكی جێگری لیوای 45ی حەشدی شەعبیان لە كەرتی ئەنبار(15 كیلۆمەتر لەدوری سنوری عێراق سوریا) كردۆتە ئامانج.

بەیاننامەكە ئاماژەی بەوەدا بو كە بەهۆی بۆردومانەكەوە دو چەكداری حەشدی شەعبی كوژراون و یەكێكی دیكە بریندار بوە و دو ئۆتۆمبێلی هێزەكەشیان گڕی گرتوە.
لەلایەكی دیكەوە كەناڵی "مەیادین" بڵاویكردبوەوە كە لەو چەكدارانەی حەشدی شەعبی كە كوژراوە فەرماندەیەكی مەیدانی هێزەكە بوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×