بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی هەولێر: پڕۆژە تەواونەکراوەکان دووبارە دەستپێدەکرێنەوە
  2019-08-26       1093       
بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی هەولێر رایگەیاند، ''لە سنووری شاری هەولێر سێ پڕۆژەی نیشتەجێبوونمان هەیە کە تەواو نەکراون پڕۆژەکانی؛ دەشتی بەهەشت، کۆیەستی و کانی ئەڵمانی بۆیە بانگەواز دەکەین هەر وەبەرهێنەرێک بتوانێت پڕۆژەکەی جێبەجێ بکات ئەوا پڕۆژەکانیان پێ دەدەین''.

ئاوێنه‌: سامان عارەب، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی هەولێر لە لێدوانێکدا وتی، ''ئاگاداری ئەو وەبەرهێنەرانە دەکەینەوە کە لە پڕۆژەکانیان دەستبەکار نەبوونەتەوە لە کورترین ماوەدا دەست بە کارەکانیان بکەنەوە، ئەگەر سەیری شاری هەولێر بکەین بەشێکی زۆر لە پڕۆژەکان دەستیان بەکارەکانیان کردووەتەوە، تەنها چەند پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون ماوە بۆ ئەوانیش بانگەواز دەکەین کە هەر وەبەرهێنەرێک دەتوانێت ئەو پڕۆژانە تەواو بکات، ئێمە پڕۆژەکانیان پێ دەدەینەوە''.

هاوکات ژمارەیەک پڕۆژەی نیشتەجێبوون بە ناتەواوی بەجێهێڵدراوە و خەڵکێکی زۆریش ڤێلا و خانووەکانیان کڕیووە کە چارەنووسیان نادیارە و لەبارەی ئەم پڕۆژانەش، سامان عارەب وتی، ''لە سنووری شاری هەولێر سێ پڕۆژەی نیشتەجێبوونمان هەیە کە تەواو نەکراون پڕۆژەکانی؛ دەشتی بەهەشت، کۆیەستی و کانی ئەڵمانی بۆیە بانگەواز دەکەین هەر وەبەرهێنەرێک بتوانێت پڕۆژەکەی جێبەجێ بکات ئەوا پڕۆژەکانیان پێ دەدەینەوە''.

شایەنی باسە سامان عارەب وتیشی، ''نزیکەی سەدا ٧٠ تا ٨٠ی پڕۆژەکان دەستبەکاربوونەتەوە و هەر وەبەرهێنەرێکیش دەستبەکارنەبێت ئەوا مۆڵەتەکەی هەڵدەوەشێتەوە'' و ئاماژەی بەوەیشدا کە لە سنووری پارێزگای هەولێر لە سەرەتای دەستبەکاربوونیان تا ئێستا نزیکەی ٥٥ مۆڵەتی وەبەرهێنان بەهۆی جیاجیا هەڵوەشێندراوەتەوە.

جێگای ئاماژەیە پڕۆژەی دەشتی بەھەشت کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٠ دەستی بەکارەکانی کرد و دەبوو لە میانی دووساڵدا یەکەکانی بەسەر هاوبەشەکانیدا دابەش بکات، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٣دا کارکردن لە پڕۆژەکە وەستا، ئەم پڕۆژەیە لە ٤٢٧ ڤێلا و ھەزار و ٢٢٨ شوققە پێکھاتووە، شوققەکان شەش نھۆمی و ١٢ نھۆمین، سەرجەم ڤێلاکان و زۆربەی شوققەکان فرۆشراون، کڕیارەکانیش زیاتر عەرەبن و بەشێکیشی کورد و نەتەوەکانی دیکەن، رووبەری پڕۆژەکە ١٥٠ دۆنمە و دەکەوێتە باکووری رۆژھەڵاتی شاری ھەولێر.

هەروەها پڕۆژەی نیشتەجێبوونی کۆیەستی لە ٣٦ ڤێلا و ٤٥٠ خانوو پێکدێت کە لە ساڵی ٢٠١٢ دەستی بەکارەکانی کرد و بڕیاربوو لە میانی دووساڵدا تەواوبکرێت، بەڵام پڕۆژەکە لە ساڵی یەکەمییەوە راوەستاوە و تا ئێستاش بەم شێوەیە ماوەتەوە.

پڕۆژەی کانی ئەڵمانی لە ٣٢٠ خانوو پێکدێت لە ساڵی ٢٠١٠ دەستکرا بە دورستکردنی پڕۆژەکە و لە ساڵی یەکەمی دەستپێکردنییەوە کارکردن لە پڕۆژەکە وەستا و لە سەرەتاشدا نرخی هەر خانوویەک زیاتر لە ٢٠٠ هەزار دۆلار بوو، بەڵام بە هۆی تەواونەکردنی پڕۆژەکە و دروستبوونی قەیرانی دارایی، نرخی خانووەکان دابەزیووە و لەئێستاشدا خەڵک لە چاوەڕوانی دەستپێکردنەوەی پڕۆژەکەیە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×