کتێبی (ئایدۆلۆژیست)ی بەختیار علی و کۆمەڵگەی ئێمە
  2019-08-27       3216       
تەوەهوم یان ڕیالێتی

کتێبی (ئایدۆلۆژیست)ی بەختیار علی و کۆمەڵگەی ئێمە

ئا: جه‌بار ئه‌حمه‌د

ئەم کتێبەی بەختیار هاوشێوەی کتێبە فکرییەکانی تری، دەچێتەوە سەر هەمان هێڵ و ڕایەڵی پێویستیی گەشەی هۆشیاری تاک وەک بنەمای ئازادبوون. بەختیار جیاواز لە نوسەرانی تر ئومێد لەسەر هیچ حیزب و جوڵانەوەیەکی نوێی ناو کایەی سیاسی کۆمەڵگەی کوردی هەڵناچنێت، ڕەخنەشی لەنوسەرانی تر هەر لەسەر هەمان بنەمایە.

بەختیار ڕەخنەی دەسەڵاتی کوردی دەکات، بەڵام ئومێدی بە دەسەڵاتی پەرلەمانی نییە کە لە کوردستان چاکسازی بکات، وەک خۆی دەڵێت هەموو هێلکەکان ناخاتە ناو سەبەتەی پەرلەمانەوە.

هاوشێوەی بەشێک لە نوسەرانی تر، ڕیفراندۆم و بانگەشەی دەوڵەتی کوردی وەکو وەهم و خەیاڵات و درۆ، یان وەکو پەردەیەک و توێژاڵێکی تەنکی داپۆشەری دزی و چەتەگەری دەسەڵات دەبینێت، بەڵام نابێت بە بەشێک لە جوڵانەوەی نەخێر، چونکە ئەوکارە بە تەسلیم بوون بەو نەهج و سیستەمە تەماشا دەکات.

بۆ بوون بە بەشێک لە ڕاگرەکانی سیستەم و شەرعیەتپێدانی، بەختیار نمونە بە دەروێش و سۆفییەکان دەهێنێتەوە، ئەگەرچی دەروێش و سۆفییەکان و ڕێبازەکەنیان لە مێژوودا وەکو شۆڕشگێڕ و شۆڕش دەرکەوتوون، بەڵام لەبنەمادا بەرجەستەکەری ڕاستەقینەی ئایدۆلۆژیای دونیای ئیسلامن. هەربۆیە پێیوایە کە زۆرکات سیستەم ڕۆحی خۆی لە فۆرمی کەسانی یاخی و بەرەنگار و لاتەریک (منعزل)ی شێوە شۆڕشگێڕدا بەرجەستە دەکات، کە وەکو بتشکێن دەردەکەون، بەڵام لەڕاستیدا جێگای هەڵگرتن و پاراستن و نمایشی پەیامە تایبەتییەکانی سیستەمن(بڕوانە: کتێبی ئایدۆلۆژیست، لا٤٦)، ئەگەر ئەو کەسانە لەچاوی کۆمەڵگاوە کەسانێکن دژ بە ڕیتمی جێگیر و دۆگمای سیستەم دەجەنگن، بەڵام جەوهەری بوونیان پاراستن و درێژکردنەوەی سیستەمی باڵا و باڵادەستە.

هەروەها بەختیار لەم کتێبەیدا باس لە بەریەککەوتنی خۆرهەڵات بەخۆرئاوا لە سەدەی بیست دا دەکات، کاتێک خۆرئاوا دێت و سەرقاپی دواکەوتوویی خۆرهەڵات لادەدات و تاکی خۆرهەڵات لەبەرامبەر هێز و گەشە و گەورەیی خۆرئاوادا هەست بە ترس و بچوکی و لاوازیی و دواکەوتوویی خۆی دەکات و توشی شۆک دەبێت.

بەختیار بە ووردی ناگەڕێتەوه بۆ ڕیشە و مێژووی بەریەککەوتنی ئەو دوو جیهانە، ئاوڕ بۆ بەریەککەوتنەکانی ڕابردوو ناداتەوە و جیاوازی نێوانیان بەئێستاوە گرێ نادات و بەراوردی جۆری بەریەککەوتنەکانی ئێستا و ڕابردوو ناکات.

بەر لەسەدەی بیست و لەچەند قۆناغێکی مێژوودا خۆرهەڵات بەر خۆرئاوا کەوتووە، دیارترینی ئەو بەرکەوتنەش بریتییە لە سەردەمی شەڕی نێوان خاچ و ئیسلام، بەوپێیەی مەسیحییەکان لە خۆرئاواوە دەهاتن. جیاوازی بەریەککەوتنی یەکەم بەراورد بە بەریەککەوتنی دووەم دەتوانین لە دوو خاڵی گرنگدا بخەینەڕوو:

یەکەم ــ بەریەککەوتنی یەکەم، بەریەککەوتنی نێوان دووهێزی هاوشان و هاوبەرابەرە، هێزی خۆرهەڵات لاوازتر و بێهێزتر نییە لە هێزی خۆرئاوا، بەڵکو لەهەندێک ڕووەوە لەوانەیە بەهێزتریش بێت، هەربۆیە دەبینین هێزی خۆرهەڵات زیاتر پەلهاوێژ و داگیرکارە نەوەک خۆرئاوا، بەڵام لەبەریەککەوتنی دووەم دا هێزی لاوازی خۆرهەڵات دەکەوێتە بەرامبەر هێزی مەزن و گەشەسەندوی خۆرئاوا. هەر یەکەم لەحزەی بەریەککەوتن بە شکستی خۆرهەڵات و ملکەچبوونی دەستپێدەکات. 

هەرچەندە هەندێک جوڵانەوەی بەرەنگاری سەرهەڵدەدەن، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات تاکەکان بە گوێڕایەڵی و پابەندی باردەهێندرێن و تەواوی سیستەمی فێرکاری و ئابوری و سیاسی و ...هتد، ڕاستەوخۆ لەسیستەمی خۆرئاواوە وەردەگیرێت و پێوەی پەیوەست و گرێدەدرێت.

دووەم ــ لە بەریەککەوتنی یەکەم دا، ناکۆکی و ململانێکە لەنێوان دوو ئایین دایە، ئیسلامی و مەسیحی. دوو ئایین کە هەریەکێکیان ئەوی تری بەرامبەر بە شایستەی کوشتن دەزانێت و بە ئاشکراش بانگەشەی بۆ دەکات.

بەڵام بەریەککەوتنی دووەم لەنێوان دوو هێزدایە کە یەکێکیان ئایینی و تەقلیدییە و ئەوەی تریان مۆدێرن و عەلمانییە و ئاین تیایدا پێگە و ڕۆڵێکی ئەوتۆی نەماوە.

ئەمجارە خۆرهەڵات بەهەمان ڕیتوال و پێودانگی ئایینیی پێشووەوە، بەڵام لەهەناوەوە شلۆق و شەلەل و داتەپاوی پڕ نادادیی و ستەم، بەرامبەر خۆرئاوای مۆدێرن و عەلمانی و خاوەن گەشەی هزریی و زانستی و سیستەمی نوێی ژیان دەوەستێتەوە.

پێشتر و لەبەریەککەوتنی یەکەم دا، تاکەکانی خۆرهەڵات ئامادەی بەرگری و پشت بەخوا لەناوبردنی دوژمن بوون، بەڵام ئەمجارە و لە بەریەککەوتنی دووەم دا هەست دەکەن بەناوی خواوە فێڵیان لێکراوە و فریودراون و دەسەڵات چەند بۆگەن و دووڕووە و ماسکی ئایینی بۆ شاردنەوەی ڕووی ناشرینی خۆی بەکارهێناوە، ئەمە نەک هەستی بەرەنگاری لای تاکی خۆرهەڵات دروست ناکات، بەڵکو ویست و حەزی کۆچ بۆ خۆرئاوا، یان لاسایی کردنەوە و زوو تەسلیم بوون بە سیستەمی غەربی لەناو دەروونیاندا گەشە پێدەدات.

ئەگەرچی لەم کتێبەدا خوێنەر بەر نائومێدییەکی زۆر قوڵ و سەخت دەکەوێت، توشی جۆرێک لە یەئس و وەستانێکی ترسناک دەبێت، بەڵام بەختیار ناخوازێت ئومێدی ساختە و درۆیینە و فریودەرانە بۆ خوێنەر بچنێت، تەنانەت ڕەخنەی دروشمە بەتاڵەکانی سیاسەتیش دەکات وەک بانگەشەی ئومێدگەش، دواڕۆژی ڕوناک، چارەنوسی ڕۆشن، هیوای زیندو، ئامانجی ڕوون، و دەیان شیعاری تری گەشبینیی کە هاوکات کورتبین و دەمامکدارن و بۆ ئامانجی شەخسی و حیزبیی و بنەماڵەیی، بازاڕسازییان بۆ دەکرێت.

بەشێکی تری کتێبەکە هەڵوەستەکردنە لەسەر ئەو ڕۆحی کۆیلەبوون و بچوکی و بودەڵەییەی دەروونی تاکی خۆرهەڵاتی تەنیوە، ئەو هەستی خۆبەکەمزانینەی تاکی خۆرهەڵاتی کۆنترۆڵکردووە، وەک ئەو (دەربار)ەی لە فیلم کارتۆنی (ئاسکە ئاڵتونیەکە)دا دوای ئەوەی پاشاکەی لەناو ئاڵتونە بە بەردبووەکاندا چارەنوسی بەرەو مەرگ و لەناوچونە، ئەوا دەگەڕێت بۆ پاشایەکی تر، تاوەکو لەلای ببێتەوە دەربار و خزمەتکار، واتا ناتوانێت بەبێ بوونی ئاغایەک کە خاوەندارێتی بکات، بژیت، بۆیە هەمیشە بۆ کەسێک دەگەڕێت کە بتوانێت لەلای ببێتەوە ملکەچێکی بودەڵە، هەروەک ئەو کۆیلانەی سەردەمانێک پێیان وابوو هەرکات خاوەن کۆیلە دەستیان لێبەربدات ئەوا دەمرن.

تاکی خۆرهەڵاتیش دوای بەرکەوتنی بە خۆرئاوا وبەتاڵبوونەوەی سیحر و جادوی پێشوو، یاخود نەنگ بوون و کاڵبوونەوەی، پەنا دەباتە بەر ڕەمزی تر و سونبولی تر، وەک ئەوەی بەختیار دەڵێت "تاکی خۆرهەڵات ئیتر لەجیاتی ئەوەی چاوەڕێی ڕزگارکەری غەیبانی بێت، چاوەڕێی فریادڕەسی سیاسییە، لەبری جەستەی پیرۆزی خەلیفە، جەستەی پیرۆزی نەتەوە لەدایک دەبێت"(بڕوانە: هەمان سەرچاوە، لا٤٦). ئەم تەبدیل و ئاڵوگۆڕە کۆی کایەکانی تریش دەگرێتەوە، شێخ و مەلا و غەیبانیەت و پزیشکی میللی و خێڵ و موعجیزەی دینی و شیفای پیاوچاکان و حوجرە و تەکیەی ئایینی وسروتەکانی دەروێشان و ...هتد، جێگەیان بۆ شتی تری دەرهاویشتەی مۆدێرنەی ئەوروپا لەق دەبێت، بەڵام ئەوەی وەکخۆی دەمێنێتەوە، ئەو ویستی تەسلیمبوونەیە کە لەناو دەروون و بیرکردنەوەی تاکی خۆرهەڵاتدا پنج داکوتاوبووە، واتا تاکی خۆرهەڵات لەجیاتی ڕزگاربوون لەو هەموو سنور و بەربەست و سروت و گقوسات و ڕیتوالانەی دوێنێ، دێت و خۆی دەخاتە ناو باوەشی کۆمەڵێک دەزگا و ڕێسا و چوارچێوەی تری کۆتکەر و کۆککەری دیسیپلینساز.

بەختیار جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە بەرکەوتنی خۆرهەڵات بە خۆرئاوا و مەئویس بوون لەوەی کە خودا چیتر ئەو ڕۆڵی ڕزگارکەرییە ناگێڕێت وەک ئەوەی پێشتر هەیبوو، ئەمە وائەکات هەندێک کەس پێیان وابێت پێویستە لەدەرەوەی خەیاڵکردنی پشت بەستن بەخوابۆ هێز بگەڕێین، کە دواتر ئەم دیدگایە دەبێتە بنەمایەک بۆ سەرهەڵدانی بیری ڕزگاری ئیلحادی و کۆمۆنیستی لەناو وڵاتانی ئیسلامی. 

هەروەها هەندێک کەسی تر پێیان وایە کە ئەوە خودا نییە پشتی لە مرۆڤەکان کردووە و بەجێیهێشتوون، بەڵکو ئەوە مرۆڤەکانن گومڕا و سەرلێشێواو بوون و دەستیان لەخودای خۆیان بەرداوە و شتە پوچە دونیاییەکان فریوی داون، ئەم ڕەوتی بیرکردنەوەیەش داوای گیرسانەوە بەدین و گەڕانەوەی جارێکی تر بۆ دین دەکەن و بەشێوەی توند دەچنەوە ژێرباڵی عەقڵی فێندەمێنتاڵی دیین، وەکو قاعیدە و داعش و سەلەفییەکان. 

بەڵام بەختیار ناگات بەو ئاکامەی کە خۆرهەڵات لە خۆرئاوا بڕوانێت وەکو دوژمن (وەک ئەو هەوڵانەی قاعیدە و هاوپەیمانەکانی کردیان بۆ زەرەردان لە ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی)، بەڵکو هێزگەلەکانی خۆرهەڵات لەشێوەی فاشیزم(ستەمگەری و دیسپۆتیزمی و دیکتاتۆرییەتی عەلمانی و ئایینی)، دوژمنی ناوخۆیی وەکو درز هەڵوەشان و لەناچونی خۆیان دەبینن، بۆیە دەبینین فاشیەتی تورک کورد وەک ئەو ئاگرە ترسناکە دەبینێت کە خەریکە هێزی تورکیا پارچە پارچە و هەلا هەلا دەکەن، ئەمەش تورکیا هاندەدات کە بۆ پاراستنی یەکێتی و هێز و مانەوەی خۆی لەبەرامبەر خۆرئاوا، کورد سەرکوت بکات و ڕێگەی دەنگی ناڕەزایی پێنەدات.

هەروەها بەختیار باس لە ئەویدی بینەر دەکات(بڕوانە: هەمان سەرچاوە لا٦۹)، وەک ئەوەی ئێمە لەسەر تەختەی شانۆ و لەبەرامبەر چاوی زەق و بەئاگای ئەویتری تەماشاکەردا، پێویستە لەسەرمان دڵی بینەرەکان ڕازی بکەین، بەڵام لەبەرئەوەی ئێمە دواکەوتوو و وێرانین، بۆیە تەمسیلی درۆیینە بۆ ئەو چاوی تەماشاکەرە دەکەین، کە چاوی ئەویتری خۆرئاوایە. واتا سەرنجی زیاتری بەختیار ئەویتری خۆرئاوایە کە بینەرێکی ووردی شانۆگەرییەکەیە. 

بەدڵنیایی ئەوە جەوهەری ئەو مەسەلەیە کە دەبینین دەسەڵاتداران لە خۆرهەڵات و تایبەتتر لە کوردستان هەمیشە دەیانەوێت ووڵات وەکو ناوچەیەکی خزمەتکراو و پاک نیشانبدەن، دەیانەوێت سستەمی سیاسی وەکو سیستەمێکی دیموکرات و پارێزەری مافەکانی مرۆڤ نمایش بکەن، ئەگەرچی هیچ بڕوا و قەناعەتیان بەهەڵبژاردن و تەداولی ئاشتیانەی دەسەڵات نییە، بەڵام هەڵبژاردنیش بەڕێوەدەبەن. هەرچەندە ئەگەر هاوڵاتی ئەم هەرێمە بیت و ئەندامێکی ئاگامەندی ئەم کۆمەڵگەیە بیت و لەناو واقیعەکەدا بژیت، ئاسان دەتوانیت درکی ئەوەبکەیت کە هەڵبژاردنەکان لە درۆیەک زیاترنین، بەڵام بۆ بەرچاوی ئەویتری بینەر، بەرچاوی ئەویتری خۆرئاوا، نمایشێکی جوانە.

ئەگەر لە شاشەی تیڤییەکانی دەسەڵاتەوە بینەرێک سروشت و وێنای کوردستان ببینێت، وەکو هەر ووڵاتێکی ئەوروپی و پڕ خزمەتگوزار و ئازاد ئەیبینێت، بەڵام ئەو ناوەڕۆکە هەلاهەلابوو و وێرانەیەی کە شاردراوەتەوە، ئەسڵی واقیعەکەیە.

بینەرێکی تر کە بەختیار باسی نەکردووە، بەڵام لەتاکی خۆرئاوایی ووردتر و بەدیقەتتر سەیری تەختەی شانۆکە و ووردترین جوڵەی ئەکتەرەکانی دەکات، بریتییە لە کوردانی تاراوگە. ئەو کوردانەی لە ووڵاتانی خۆرئاوایی پەناهەندەن هەمیشە بەچاوی سۆزەوە لە قەزیەی کوردی دەڕوانن، بۆیە دەبینین بەشێکی نمایشی دەسەڵات بۆ ئەوانیشە، دیارترین نمایشیش کە ڕووی لەکوردانی تاراوگەبوو، بریتییە لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، دەنگنەدان بە بەڵێ لەکاتی ڕیفراندۆمەکەدا بەلای کوردێکی دانیشتووی خۆرئاوا وەکو کارەسات و ئەحمەقیەت و خیانەت دەبیندرێت، چونکە نواندنە درۆیینەکانی دەسەڵات تەواو هەست و زیهنەتی ئەو جۆرەی بینەریان داگیرکرووە، بەڵام کاتێک ئەو تاکە لەکوردستان بژیەت و کەمێک ئاگایی مەعریفی هەبێت، هەست بەو گاڵتەجاڕییە دەکات و مەترسییەکانی پشتەوەیشی دەبینێت.

پرۆسە وەهمییەکانی توانەوەی گشت لەناو تاکدا، قسەکردن و بیرکردنەوەی تاک بەناوی ڕۆحییەتی گشتییەوە لای بەختیار بە کەسی (ئایدۆلۆژیست)ەوە گرێدراوە، ئایدۆلۆژیست وەکو دەنگی گروپ و ڕۆحی بیرکەرەوەی کۆمەڵگە کە بۆ چارەیەکی دەستەجەمعی دەگەڕێت (بڕوانە:هەمان سەرچاوە، لا٨۲)، بەڵام دەکرێت ووردتر بڕوانین و ئایدۆلۆژیست وەکو (دەربار)ی ئاغا، یان سیناریۆنوسی شانۆکە ببینین کە تەشویقی توانەوەی کۆمەڵ لەناو تاکی سەرکردەدا دەکات، (باوکی ڕۆحی ــ بارزانی نەمر)، (سەرکردە وسەرۆکی کاریزمی و باوکی هەژاران ــ نەوشیروان مصگفی)، (ڕێبەری گەلی کورد ــ عبدالله ئۆج ئالان)، (هەموومان بۆتۆ تۆش بۆ هەموومان ــ جلال گالبانی)، (إژا قال صدام، قال عراق ــ صدام حسین)، ئەم دەستەواژانەن کە تاک بەناوی کۆمەڵگەوە و لەبری کۆمەڵگە قسە دەکات، یاخود وەکو ڕۆحی کۆمەڵگە و ووزەی ناوەکی و هۆکاری مانەوەی کۆمەڵگە خۆی بەیان دەکات، کە بەبێ ئەو، بەبێ ئامادەبوونی جەنابیان و لەدەرەوەی سایە و سێبەری مەزنی ئەوان، تاکەکان دەکەونە بەرتۆفانی لەناوچوون و وێرانە.

بوونی تاک بە (سوبێکتی بانگ نەکراو)، سوبێکتێک کە لە ئامادەییەکی تەواودایە بۆ تەسلیم بوون و بوون بە بەشێک لەهێزێک کە ڕێکی بخات و ئاڕاستەی بکات، لای بەختیار نمونەیەکی جوان و زیندوو دەدۆزینەوە، ئەویش ئەو هەزاران سەرباز و ئەفسەرانەی عیراقن کە دوای ڕوخانی ڕژێمەکەی سەدام نێردرانەوە ماڵەوە، بەڵام هەمیشە چاوەڕێی بانگێک بوون تاوەکو کۆیان بکاتەوە (بڕوانە: هەمان سەرچاوە، لا ۱۰۲)، هەربۆیە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان ئاسان وەکو کێڵگەی گەورەبوونی خۆیان کەڵکیان لێوەرگرتوون.

بەڵام دەکرێت لەهەمان کاتی کوردستانیش جۆرێکی تری (سوبێکتی بانگ نەکراو) ببینین. لەدوای ڕوخانی سەدام و ڕژانی ئەو پارە زۆرەی لە بەغداوە بۆ کوردستان دەهات و قەبەیی و ترسناکی ئاستی دزی بەرپرسان و گەورەبوونی بۆشایی و جیاوازی نێوان بەرپرسان و کەسوکاریان لەگەڵ خەڵکی هەژار، وایکردبوو گەنجەکانی ناو چینە هەژار و مامناوەندەکان ببن بە (سوبێکتی بانگ نەکراو)، هەر ئەمەش وایکرد حیزبێکی وەک (بزوتنەوەی گۆڕان) لە فەترەیەکی زەمەنی زۆر کورتدا بە قەبارەیەکی گەورەوە دەربکەوێت، واتا بەجۆرێک لەجۆرەکان سوبێکتی بانگ نەکراو لە کوردستان وەکو تاکێکی پەراوێز و ئاوڕلێنەدراوە، پەیامی گۆڕانی وەکو بانگێک بینی کە ئاڕاستەی کراوە، هەربۆیە زوو تەسلیم بەو بانگە بوو.

بەختیار لەڕێگەی ڕەخنەکردنی تیۆرەکەی (ئاڵتۆسێر) دەربارەی تاکی بانگکراو، دوو ئەگەر یاخود پرسیار دەخاتەڕوو، یەکەم ئەگەر تاک بانگ نەکرێت چی؟!...، خاڵی دووەم کە خاڵە گرنگەکەیە بریتییە لە بوونی دوو دەنگ لە یەک کاتدا، واتا ئەگەر تاک لەیەک کاتدا دوو دەنگ بانگی بکەن، بەختیار نمونە بە (جاش)بوون دەهێنێتەوە (بڕوانە: هەمان سەرچاوە، لا۱٥٨)، واتا ئەو کاتەی تاکی کورد لەبەردەم بانگی شۆڕشی کوردی و بانگی دەوڵەتە سەردەستەکاندایە، بەواتایەکی تر لەهەمان کاتدا لەبەردەم دوو دەنگدایە کە پێکەوە بۆ دوو ئاڕاستەی جیاواز بانگی دەکەن.

هەروەها دەکرێت هەمان فۆڕمپێدان بۆ نمونەی کایەی گشتی و کایەی تایبەت، خواستی گشتی و خواستی تایبەتی تاکی دەسەڵاتداری کوردی لە کوردستانی باشور وەربگرین، کاتێک دەسەڵاتدار لەلایەکەوە لەبەردەم ڕەهەندێکی مرڤدۆستانەدایە کە داوای دەستپاکی و دڵسۆزی و خزمەتی بەرژەوەندی گشتی لێدەکەن، لەلایەکی تریشەوە ڕەهەندێکی ئەنانی و خۆپەرستی لەناخیدایە کە داوای فێڵ و کەڵەکە کردنی سامان و بەرژەوەندییە تایبەتییەکان لێدەکەن، واتا لەهەمان کاتدا دوو دەنگی خۆپەرستی و لەخۆبوردوویی بانگی دەکەن.

سەرنجی کۆتاییم لەمەڕ کتێبەکە بریتییە لە،دووخاڵ، یەکەم خوێنەر لەکاتی خوێندنەوەی ئەم کتێبەدا هەستدەکات کە ئیشکردنە لەسەر ڕەخنەکردنی بۆچونەکانی (د. مەریوان وریا و د. فاروق رەفیق) بە ڕاستەوخۆ یاخود ناڕاستەوخۆ، بەڵام ئەو ڕەخنانە هەندێکجار زێدەڕەوی تێداکراوە و خوێنەر هەست بەبوونی جۆرێک لە کینە و ڕقی شاراوەی بەختیار دەکات بەرامبەر هاوڕێکانی دوێنێی، بۆیە من کەمتر ئاوڕم لەو لایەنەی کتێبەکە داوەتەوە.

دووەم خوێنەر دەبێت درکی ئەوەبکات کە وەک هێڵێکی گشتی ئیشکردنی ناو کتێبەکە، هاوکێشەیەک درێژ دەبێتەوە، ئەویش پچڕانی پەیوەندی خوایە بە ڕۆژهەڵاتەوە، دەستلێبەربوونی خوا یان دەستلێبەردانی مرۆڤی خۆرهەڵات بۆ خوا، ئەم ڕایەڵە درێژە کەتەواوی کتێبەکەی بەخۆیەوە گرێداوە، بۆچونێکە جێگەی خوێندنەوە و هەڵوەستەی جدییە، من بێجگە لە سود و چێژی زۆر لەو بەشەی کتێبەکە، هیچی تری سەربارم نییە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×