لەبەریتانیا چی ڕودەدات؟ ‎هەڵپەساردنی پارلەمان‌و دەرچونی لەیەكیەتی ئەوروپا
  2019-08-29       2606       

‎ئا: كاوە ڕەش،  بەریتانیا

  
‎تا دێت كاردانەوەكانی بڕیاری داخستنی پارلەمانی  بەریتانیا لەناوخۆدا فروانتر دەبێ، بەجۆرێك  خەڵكی ئەو وڵاتەی كردوە بە دو بەرەوە. 

‎هەرچەندە لەسەر ئاستی ئەوروپا  هێشتا كاردانەوەی ئەوتۆ لەلایەن سەرۆكی وڵاتانەوە نیشان نەدراوە، بەڵام لەدورەوە هاوپەیمانە نزیكەكەی بەریتانیاو بۆریس جۆنسن، دۆناڵد ترەمپ  لە تویتێكدا ئەو كارەی سەرۆك وەزیرانی بەعەقڵانی وەسفكردو دەڵێ "ئەو دەزانێ چی دەكات".
‎ئەو كاتەی ‎لەجوڵەیەكی دراماتیكیداو لەبەرەبەیانی  ڕۆژی چوارشەممە، بۆریس جۆنسن  سەرۆك وەزیرانی نوێی بەریتانیا، بەفەرمی داوای لەشاژنی وڵات كرد، فەرمان بكات بۆ داخستنی ئەو وەرزەی  پارلەمان  و كردنەوەی وەرزێكی نوێی كارو یاسادانانی پارلەمان. ئەمەش وادەكات ئەندام پارلەمانەكان دەرفەتی كەمتریان هەبێ بۆ  ‎مشتومڕی پرۆسەی دەرچونی بەریتانیا لەیەكییەتی ئەوروپا.
‎پارلەمان بۆ پێنج هەفتە لەكار دەكەوێ، ئەمەش لەكاتێكدایە كەتەنها نۆ هەفتە ماوە بۆ دەرچونی  بەریتانیا، لەیەكییەتی ئەوروپا.  ئەو كەسانەی لەبەرەی مانەوەی بەریتانیان لەیەكییەتی ئەوروپا،  ئەو بڕیارەی سەرۆك وەزیران بە كودەتا دەزانن بەسەر پارلەماندا. 
‎مستەر جۆنس دەوێ پارلەمان  لەوەرزێكی نوێ و بەپرۆگرامی نوێوە دەست پێبكاتەوە لە ١٤ ئۆكتۆبەردا، لەجیاتی ئەوەی سێ هەفتەی پشووی هەبێ لەكاتی ئاساییدا. پارلەمان لەدەوربەری ١٠ی سێپتێمبەردا دەبێ كۆتای بەو ورەزەی بهێنێی و خۆی كۆبكاتەوە.

‎ئێستا چی ڕویداوە؟
‎بەشێوەیەكی ئاسای پارلەمان هەموو پایزان بۆ چەند هەفتەیەك دەچێتە پشوی خۆیەوە، بەڵام ئەمجارەیان بۆریس جۆنسن لەناو وەرزی ئێستای پارلەماندا ناوبڕی تێداكرد، لەكاتێكدا ووڵات بەناو ڕەوشێكی سەختدا گوزەر دەكا. 
‎بەشێوەیەكی ئاسای بەریتانیا  دەبوو لە ٢٩ مارچ هاتبایە دەرەوە لەیەكییەتی ئەوروپا، بەڵام پارلەمان سێ جار ڕێكەوتنی سەرۆك وەزیرانی  ڕابردوی ڕەتكردەوە، ئەمەش وایكرد ڕۆژی دەرچون درێژ بكرێتەوە بۆ ٣١ ئۆكتۆبەر.
‎جۆنسن كە یەكێك بوو لەو كەسانەی ڕابەرایەتی كامپەینی درچوونیان دەكرد،بەڵێنی داوە لە٣١ ئۆكتۆبەردا،بەریتانیا  دەربكات لەیەكییەتی ئەوروپا، (بەكردن یان مردن) وەیان  دەرچون بەڕێكەوتن یان بێ ڕێك نەكەوتن.
‎بەهەرحاڵ، زۆربەی ئەندامانی پارلەمان  لەلایەنی ئۆپزیسۆن و بەشێك لە پارلەمانتارانی پارتی پارێزگارانی دەسەڵات، لەگەڵ ئەوە نین كەبەبێ ڕیكەوتنی نێوان یەكییەتی ئەوروپاو بەریتانیا، پرۆسەی چونە دەرەوە ڕوو بدات.
‎ترسی ئەو ئەندام پارلەمانانەش  لەڕووداوەو لەپرۆسەی برێكزت  بەبێ ڕێكەوتن، دەگەڕێتەوە بە زیان گەیاند لەئابووری ووڵات و بەرز بونەوەی نرخی  پێداویستیەكانی خەڵك، هەرەها سنورداركردنی بەریتانیاش بە دەست ڕاگەیشتن بەبازاڕی گەورەی هاوبەشەوە  ووڵاتیش دەچێتە ناو سنورداركردنی بازاڕەوە.
‎پارلەمانتارانی  ئۆپزیسۆن  هەڕەشەی سەندنەوەی متمانە لەحوكمەت دەكەن و دەیانەوێ بەیاسا ڕێگری بكەن ڕوودانی دەرچون بەبێ ڕێككەوتن.


‎ئایا یاساییە پارلەمان لەكار بخرێ؟ 
‎بەڵێ، ئەوە یاساییەو ئەو كاتانە ڕو دەدات، كەكۆتایی بەوەرزی  پارلەمانی دێی و سەرەتای  وەرزێكی نوێی  كاری پارلەمانی دەست پێدەكات، بەڵان لەو ڕەوشەی ئیمڕۆدا ئاسایی نەبوو.
‎ڕێگری كردن بەیاسا  لەبەرامبەر حوكمەتدا، لەمەڕ داخستنی پارلەمان  ڕەنگە كارێكی زەحمەت بێ، چونكە حوكمەت هیچ كارێكی یاسا شكێنی نەكردوە، تەنها بۆ ڕێگری كردن لەحوكمەت  دەتواندرێ بەر لەداخستنی پارلەمان، لێسەندنەوەی متمانە لەحوكمەت  بخرێتە دەنگدانەوە، یان  ئەندام پارلەمانەكان بەناچاری لەگەڵ مەترسی  دەرچوونی بەبێ ڕێكەوتن ڕازی بن.
‎قسەكەری پارلەمانی بەریتانیا،  جۆن بێركۆ، ئەو بڕیاڕەی حوكمەتی بەدەرچون لە دەستور وەسفكرد و توڕەی خۆی نیشاندا كەئەندامانی  پارلەمان نەتوانن بەتەواوی مشتومڕی پرۆسەی دەرچون  بكەن.

‎چۆن پارلەمان  لەكار دەخرێ؟ ‎ئەی شاژن؟
‎هەرچەندە شاژن وتەی خۆی هەیە، بەڵام ئەویش سنوردارە. ‎بەشێوەیەكی تەكنیكی حكومەت  داوا لەشاژن دەكات كەكارەكانی پارلەمان  ڕابگرێت، ئەمەش بەشێوەیەكی ئاسایی و فەرمی ڕەسمیاتێكە كەشاژن لەدەرەوەی بڕیاڕی سیاسیانە دەهێڵێتەوە .
‎ئەگەر شاژن ڕەتی بكاتەوە، ئەوە ڕەنگە بێ وێنە بێت. ‎بەڵام ڕەتی نەكردەوە.

‎چی ڕوو دەدات لەداهاتوو؟
‎پارلەمان لەسێ شەممەی داهاتوو دەست بەكاردەبێتەوە كە لەپشودا بوە، بەڵام لە١٠ی سێپتێمبەردا  دەبێ دیسانەوە خۆ كۆ بكاتەوە تا ١٤ ئۆكتۆبەر . ئەگەر  سەرۆك وەزیران  توانی لەو ماوەیەدا خۆی دەرباز بكات لە بڕیارەكانی پارلەمان،  ئەوە لە ئۆكتۆبەردا  تەنها دوو هەفتەو نیو دەمێنێت بۆ دەرچوونی بەریتانیا لەیەكییەتی ئەوروپا. 
‎خۆ ئەگەر بەر لە ١٠ی سێپتێمبەر  پارلەمان   بتوانێت متمانە لەو حوكمەتەی ئێستا وەربگرێتەوە، ئەوە دەبێ هەڵبژاردنی گشتی ئەنجام بدرێ لە مانگی ئۆكتۆبەردا.

 

 

 

 

 

 

 

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×