"هه‌مو شتێك بۆ كردنه‌وه‌ی بازاڕی ھەولێر بۆ کاغەزە داراییەکان ئاماده‌یه‌"
  2019-08-31       1132       

بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی بازاڕی ھەولێر بۆ کاغەزە داراییەکان شێروان ئەنوەر رایگەیاند"ھەمو شتێكمان ئامادەیە بۆ كردنەوەی بازاڕەكەو کردنەوەی بازاڕەکەش دەستپێکێکی ئابوریی باشە و کاریگەریی لەسەر وەبەرھێنان و رەوشی دارایی ھەرێم دەبێت."

ئاوێنە: بازاڕی ھەولێر بۆ کاغەزە داراییەکان بڕیار بو لەساڵی ٢٠١٤ بکرێتەوە، بەڵام بەھۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش دواخرا.

بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی بازاڕی ھەولێر بۆ کاغەزە داراییەکان شێروان ئەنوەر لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند، کردنەوەی بازاڕی ھەولێر بۆ کاغەزە داراییەکان تەنھا کۆبونەوەیەکی ھەرسێ لایەنی دەستەی کاغەزە داراییەکانی عێراق و بانکی ناوەندی عێراق و حکومەتی ھەرێمی کوردستانی ماوە و وتیشی"پاش ئەوە ئۆکەی حکومەتی دەمێنێت بۆ ئەوەی دەستپێبکەین."

شێروان ئەنوەر ئەوەشی خستەڕو"ئەم کۆمپانیایەی ئێمە لەساڵی ٢٠١٠ دامەزراوە، بڕیار بو لەکۆتایی ساڵی ٢٠١٤ بکرێتەوە، ھەمو رێوشوێنەکانی رێکخستنی ئامادە و تەواوە، بەڵام لەپاش تێکچونی بارودۆخی ئاسایش و قەیرانی دارایی و کۆمەڵێک فاکتەری دیکە ھەمو شتەکان راوەستان لەساڵی ٢٠١٤، ئێوە دەزانن ئەو کاتە زۆر کۆمپانیا کاریگەربون بەو روداوانە".

ھەروەھا سەبارەت بە بازاڕەکەش وتی"بازاڕی ھەولێر بۆ کاغەزە داراییەکان کۆمپانیایەکی پشکدارە، دامەزراوەیەکە ھاوشان ھاوشێوەی گەورە کۆمپانیاکانی ھەرێمی کوردستان توشی ئەو کێشانە بویەوە کە لە ساڵانی پێشوتر رویاندا و کارەکانی راگیرا".

بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی بازاڕی ھەولێر بۆ کاغەزە داراییەکان لەدرێژەی قسەکانیدا رونیشی کردەوە کە ئومێد ھەیە لە ئەمساڵدا بازاڕەکە بکرێتەوە و وتی"ئێستا لەگەڵ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئاڕاستەکان بۆ ئەوە دەچن دیسانەوە کاربکرێتەوە بۆ ئەوەی لەزوترین کاتدا ئەو بازاڕە بکرێتەوە."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×