بەکر عەلی، یەکەمین شاعیری تیرۆرکراو
  2019-09-02       1158       

شوانە حەسەن ئەبوبەکر



بەکر عەلی شاعیر لە ١٩/٦/١٩٦٨ لە گەڕەکی کانێسکانی شاری سلیمانی لە دایکبووە، دەرفەتی خوێندنی تا پۆلی دووی ناوەندیی دەبێت، دواتر بەهۆی نەداری ناتوانێ درێژە بە خوێندن بدات، بەڵام ئەو بەردەوام دەبێت لەسەر خوێندنەوە و خۆپەروەردەکردن. بەکر عەلی لەناو خەڵکیدا بە گوڵە سوورەکەی حامیە ناسراو بوو، لەبەر ئەوەی زۆر خۆشەویست بوو لەناو چینی هەژار و ڕەنجدەران بەتایبەتێش لەناو خەڵکی حامیە کە هەموویان هەژار بوون؛ ئەو وەک داکۆکیکارێکی سەخت بۆ مافەکانی خەڵکی حامیە دەجەنگا، لەگەڵ ئەمەشدا نووسینی شیعری دڵداری و ناسک بووە هۆی ئەوەی پێیبڵێن: ''گوڵە سورەکەی حامیە''. 


لە ساڵی ١٩٩٤ دەبێت بە نوێنەری خەڵکی حامیە بۆ ناڕەزایەتی و وەستانەوە دژی بڕیاری ڕوخاندنی خانوەکانی ئەو ناوچەیە و کردنی بەپاڕک، جێگای ئاماژەیە گشت خەڵکی حامیە هەژار و نەدار بوون، بەکر عەلیش وەک مرۆڤدۆست و کەسێک کە بڕوای بە هزری چەپخوازیی هەبووە بەرگری لەم خەڵکە کردووە.


لە یەکی ئایاری جەژنی کرێکاراندا، لە یاریگای سلێمانی بەناوی خەڵکی حامیە وتارێک پێشکەش دەکات ڕووی دەمی دەکاتە دەسهەڵاتدارانی سلێمانی و دەڵێت: ''ئێوە کە بیر لە گۆڕینی ئەو ژیانە (قوڕینە)مان ناکەنەوە بە ژیانێکی وەک هی خۆتان (گوڵین) بۆ هێندەشمان پێ ڕەوا نابینن؟'' (فەرەیدون عارف: ٢٠١٥: ل٢٢) بەم شێوەیە وتارێکی پڕ لە حەماسەت پێشکەش دەکات، هەر ئەمەش وادەکات دەسهەڵاتدارانی شارەکە هەراسان بکات و لەمە بەدواوە دەکەونە دوای و دەستگیری دەکەن، دواتر ئازاد دەکرێت. 
جێگای ئاماژەیە لە لایەن ڕژێمی بەعسیش لە ساڵی ١٩٨٧ دەستگیر دەکرێت، بەتۆمەتی هێنانی پێشمەرگە بۆناو شار دوای چوار مانگ ئەشکەنجە و ئازار ئازادی دەکەن. لە ساڵی ١٩٨٩ دوو جار لەلایەن ڕژێمەوە دەستگیر دەکرێت و دوای ماوەک ئازاد دەکرێت. 


دوای قوڵ بوونەوەی کێشەی خانووە بێتاپۆکانی حامیە ''لە ١٧/٨/١٩٩٤ لەلاین ئاسایشی سلێمانییەوە لە نیوڕۆیەکدا و لە ماڵە قوڕینەکەی خۆیدا لە حامیە، دەستگیر دەکرێت و ماوەی شەش ڕۆژ لە ئاسایشی سلێمانی بەند دەکرێت. وەک خۆی دواتر بۆ هاوڕێ و کەسە نزیکەکانی گێڕاوەتەوە، کەسێک لە دەرەوەی ئاسایشەوە دێت و بەشێوەیەکی وەحشەتناک ئەشکەنجەی دەدەت.'' (فەرەیدون عارف؛ ٢٠١٥؛ ل٢٦)
وا بڕیار بوو لە ١/٩ دا خانوەکان بەسەر خەڵکی حامیە بڕوخێنن، لەو ڕۆژەدا خەڵکەکە بڕیاریدا خۆپیشاندانێکی هێمنانە بکات لە بەردەمی قایمقامی شارەکە، بەکر علی یەکێک بوو لە سەرەکیترین نوێنەرەکانی خەڵکی ناڕازی، دوای گرد بوونەوە، پاسەوانەکان بەزەبری هێز کەوتنە بڵاوە پێکردنی خۆپیشاندەران، دوای دەستنیشانکردنی بەکر علی چەکدارەکان لە پشتەوە گولەیەکی لێدەدەن، دواتر چەکدارێک دەگاتە سەر سەری گوللـەیەک دانێ بەناو دەمیەوە و شەهید دەبێت.


بەکر عەلی ١٤ ڕۆژ بەر لە شەهیدکردنی لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە دەستگیر کرا بوو. دوای ٦ ڕۆژ لە ئازار و ئەشکەنجەدان ئازاد دەکرێت، ٨ ڕۆژ بەسەر ئازاد کردنی تێناپەڕێ زۆر بە نامەردانە شەهیدی دەکەن. شەهید کردنیشی پیلان بۆ داڕێژراو بووە و پێشتریش هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە. ئەو لە یەکێک لە یاداشتەکانیدا دەنووسێت ''بەلای منەوە کەوتنی مرۆڤێک، بەقەد بەربوونەوەی ئەستێرەیەک سەرنجڕاکیشە، تەنانەت هەرئەم هەستەش بوو وای لێکردم بەو پەڕی پەستی و بێ ئارامییەوە بڵێم: با شەقامەکان بەگوڵ سوور کەین، نەک بە خوێن.'' (فەرەیدون عارف؛ ٢٠١٥؛ ل١٣٠-١٣١)


شاعیر جەند شیعر و دەقی شانۆی نووسیەوە، یەکەم نامیلکە شیعری بەناوی ئەو شەوانەی لە پرچەکانت ڕەشترن بوو کە لە ١٦ دەقی شیعری پێکهاتوە، دوای شەهید کردنیشی چەند دانە شیعرێکیتری بڵاوکرایەوە. یەکەمین دەقی شانۆی بەناوی تریشقەکان بوو، و لە هەڵەبجە پێش دوومانگ لە شەهیدکردنی نووسی و پێشکەشکرا. 


بەکر عەلی شاعیێکی ئارام و لەسەر خۆ بووە، بەڵام یاخی بووە و سازشی لەسەر ڕاستی و دوونیا بینی خۆی نەکردووە. خاوەنی پرەنسیپی خۆی بووە بۆ ژیان، ئەمەش لە چاڵاکی و هەڵوێستەکانی ڕەنگیداوەتەوە. هەروەکو لە یادی دووەم ساڵوەگەری ڕاپەڕینەکەی بەهاری ١٩٩١دا، یەکێتی نووسەرانی کوردی کۆڕێکی شیعری ڕێکدەخەن بۆ شاعیران، بەکر عەلیش وەک شاعیرێك بەژدار دەبێت. هەموو بەژدار بووان شیعری نشتیمانیی و نەتەوەیی دەخوێنەوە، بەڵام بەکر عەلی جیاواز دەردەکەوێت و شیعرێکی سۆزداری دەخوێنێتەوە. هەرچەندە دەبێتە مایەی خۆشحاڵی میوانداران، بەڵام بەشێک لە ئامادە بووان ڕەخنەی لێدەگرن. 


لە ئاکامی ئەمەشدا بەکر عەلی لە دەفتەری یاداشتەکانیدا لەو شەوەدا دەنووسێت: ''من هەمیشە لە سەنگەردام، چاوەڕێش نیم هیچ کام لە پارتەکان سێبەر بگەیەننە ئەو هەڵقرچانە بێدەنگە و نهێنییەی ناوەوەم، یان بە واتایەکی تر من لەو میهرەجانەدا ویستم ئەوە بسەلمێنم، کە هەرگیز خۆم بە کەڵەبابی بەر مایکرەفۆن نەزانیوە و ناشزانم. من هەندێ ئەرکی نشتیمانی هەن، نایاندەم بە قەڵەمەکەم و سواڵی چەپاڵێش ناکەم و بەنیازیش نیم خۆم تەرشیح بکەم، بۆ دەزگایەکی باڵا، تا شیعر و نەڕەنەڕ پاسپۆرتی ئەو خەونەم بن. بۆ نانەڕێنم؟!.'' (فەرەیدون عارف: ٢٠١٥: ل٢١)
ئەم یاخی بوون و هەستکردن بە بەرپرسیارییەتی شاعیر لە یەکێک لە شیعرەکانی بەناوی ''زایەڵەی شەو'' ڕەنگی داوەتەوە و دەڵێت:
''بە چیتان ئەوێ بمکەن، بەس..
رازی نابم گوڵان بکرێن بە پێڵاوی هیچ گەورەیەک
وەکو گەڵای دار پرتەقاڵێکی باشوور
هەڵوەرینم بەس بەتەنها بریتی بیت لە لەنجەیەک
زۆر شەو بە دزی شەوەوە.. داوەتی مانگەشەو ئەکەم
ئەو کاتەی کە (شا)ش نووستوە.. 
من تازە خەریکە، شارو
شیعرە نوێ کەم.. لە خەو ئەکەم''     (بەکر عەلی: ٢٠١٥؛ ل٨٥)


بەکر عەلی، ٢٥ دەقی شیعری هەیە، کە بەگشتی باگراوەندێکی دڵدارییان هەیە. بەڵام لە ناوەڕۆکی شیعرەکانی دەتوانین چەندان مانای لێهەڵنجین و لە چەند ڕەهەندێکەوە لێی بڕوانین. بەکر شیعری وەک قەڵغانێک بەکاری هێناوە بۆ وەستانەوە لە دژی نادادیی و نا یەکاسانیی ژیان، هەروەها لە ڕێگەی شیعرەوە ژیانی خۆی بەیانکردووە و مانای بەبوونداوە. هەر ڕێگەی شیعریش  بوو کە وایکرد بەنەمری بمێنێتەوە.

 


ــــــــ
سەرچاوە: فەرەیدون عارف، کاسکێتەکەم بسپێرن بە پاییز، چاپی دووەم ٢٠١٥، چاپخانەی تاران، ناوەندی غەزەلنووس بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×