دوران کاڵکان: فەلەکەدین کاکەیی هاوڕێیەکی خۆشەویستی رێبەر ئاپۆو پەکەکە بو
  2019-09-02       3960       

ئاوێنە

 

دوران کاڵکان، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پەکەکە، باسی کەسایەتیی و فەلەکەدین کاکەیی دەکات و بە هاوڕێیەکی خۆشەویستیی خۆی و ئۆجالان و پەکەکە ناوی دەبات.
فەلەکەددین کاکەیی، سەیدی کاکەییان، پێشمەرگە، سیاستەمەدار و ڕۆشنبیری باشوری کوردستان لە ٣١تەمموزی ٢٠١٣ گیانی لەدەستدا، لەچاوپێکەوتنێکی ئاژانسی هەواڵی فورات-دا، یەکێک لەدامەزرێنەرانی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی ئەو پارتە (دوران کاڵکان) باسی هاوڕێیەتی خۆی لەگەڵ فەلەکەدین کاکەیی دەکات.


کاتێک تازە یەکتریمان ناسی بوو

کاڵکان سەرەتا بە ڕێز و خۆشەویستییەوە یادی ڕۆشنبیر، سیاسەتمەدار و شەڕڤانی ئازادی گەلی کوردی فەلەکەددین کاکەیی کردەوە و وتی: "لە کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٨٢ لە ناوچەی لۆلان – خنێرە هەڤاڵ فەلەکەددین کاکەیم ناسی. لە زستانی ساڵی ١٩٨٢-٨٣ ئێمەش لە هەمان ناوچە بووین، هەرکاتێک بوار هەبوایە یەکتریمان دەبینی و لەبارەی بارودۆخی ڕۆژەوە بیروڕامان دەگۆڕییەوە. ئەو بەرپرسیاری ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بوو لە ناوچەکە، پەیوەندی لەگەڵ هەموو بڕیارگەی پێشمەرگەکانی ناوچەکەوە هەبوو. هاوکات پڕوپاگەندەی بۆ پەدەکەش دەکرد. لە هەمان ناوچە هێزێکی گەریلای پەکەکە هەبوو کە گەڕابوەوە وڵات. هەڤاڵان عەگید و سەبری-یش لەناو ئەو هێزەدا بوون، لە ئاستی بەڕێوەبەرێتیدا بوون. ئێمەش لەگەڵ ئەو هەڤاڵانە ماینەوە و چاوپێکەوتنی فراوان و گفتوگۆی قوڵمان کرد. شەهید حامید ئاڤجی-ش بە شێوەیەکی چالاک بەشداری ئەو کارە بوو".


هاوڕێیەکی خۆشەویستی ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە بوو

کاڵکان باسی لەوەش کرد، لە وتوێژەکانیاندا بە قورسی باسی حەقیقەتی تورکیا و سیاسەتی دەوڵەتی تورکی لەدژی کورد دەکرد، لەبارەی تێکۆشانی کورد لە عێراق و باشوری کوردستان بیروڕاکانی خۆی دەردەبڕی و وتی: "ئەو کاتە ئیدارەی سەدام حسێنی فاشیست تەنگەتاو ببوو. لە هەمان کاتدا ئێمە باسی مێژوو و کەلتوری کوردمان دەکرد. خۆی باش پەروەدە کردبوو، زانایەکی خاوەن کەلتوور بوو. ڕۆشنبیرێکی ڕاستەقینە بوو، وڵاتپارێزێکی کوردستانی بوو. هەوڵی دەدا حەقیقەتی ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە لە نزیکەوە بناسێت. لەو ڕووەوە بە سەرنجەوە گوێی لە ئێمە دەگرت و هەوڵی دەدا تێبگات. لە ماوەی ژیانیدا بووە هاوڕێیەکی خۆشەویستی ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە. کاتێک وەزیری ڕۆشنبیری بوو بۆ خاوەنداریکردن لە ڕێبەر ئاپۆ کارێکی گرنگی کرد".

کاڵکان دەربارەی کەسایەتی فەلەکەددین کاکەیی وتی: "پێش هەموو شتێک ڕۆشنبیرێکی وڵاتپارێزی ڕاستەقینەی کوردستان بوو. لە ئاستێکی بەرزا گرێدراوی ڕزگاری، ئازادی و یەکێتی کوردستان بوو.  مرۆڤێکی خاوەن ئەزموون بوو، دەیخوێندەوە، لێکۆڵینەوەی دەکرد، لە هەر بوارێکدا تێڕوانینی خۆی هەبوو. بەڕێزەوە لە بیروڕای جیاوازی دەڕوانی، بە سەرنجەوە گوێی لێ دەگرتن، کەسێکی دیموکرات بوو. کەسێکی جدی و خەباتکار بوو".


کاتێک زهنیەت یەک بێت، بەربەرست لەبەردەم لێکتێگەیشتن نییە

کاڵکان ڕایگەیاند، ئەگەر مرۆڤەکان بیانەوێت ڕێکبکەون و لە یەکتری تێبگەن، ئەو کاتە شتێک لە بەردەمیان نابێتە بەربەست و وتی: "لە لێکتێگەیشتندا بێگومان زمان زۆر گرنگە، بەڵام یەکێتی زهنیەت گرنگترە. ئەو کەسانەی خاوەن هەمان بیروڕان و ئامانجن، هەندێک جار تەنیا تەماشاکردن و جولانەوە و بەسە بۆ ئەوەی لە یەکتری تێبگەن".

کاڵکان باسی لەوەش کرد، کاتێک فەلەکەدین کاکەیی ناسیوە کوردییەکەی لەوەی ئێستا زۆر باشتر بووە و وتی: "کاتێک لە مێردین و نزیکەی ساڵیکیش لە قامیشلۆ کارم کرد. دواتر لە ئەڵمانیا کاتێک لە گرتووخانە مامەوە، زۆر وشەم لەبیر کرد. کوردییەکەی فەلەکەدین زۆر خۆش بوو. من باش لێی تێدەگەیشتم. خۆی ئێمە لەسەر سیاسەت قسەمان دەکرد و زمانی سیاسەتیش یەکێکە".

 

پەیوەندییەکانی نێوان پەکەکە و پەدەکەی زۆر بۆ گرنگ بوو

کاڵکان وتی، دواتر لە ساڵی ١٩٨٤ لە شام یەکترمان بینی و وتی: "بۆ کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی چووبوومە شام. ئەو کاتە ئەویش هاتبووە شام و ویستبووی ڕێبەر ئاپۆ ببینێت. ئاگاداری یەکتری نەبووین. ڕێبەر ئاپۆ وتی 'دۆستەکەتان فەلەکەددین هاتووە، دەیەوێت دیدار بکات، تۆش وەرە با پێکەوە دانیشین' دیدارەکە لە ناوچەکانی ئێمە بەڕێوەچوو و هەڤاڵ فەلەکەددین هاتە کۆمۆنی پەکەکە. کاتێک لەدەرگای دا من چووم و دەرگام لێ کردەوە، بە تەنیا هاتبوو، کاتێک منی بینی مات بوو، زانیم کە چاوەڕوانی  بینینی من نەبوو، نیگەرانی ئەوە بوو کە ئاخۆ پەیوەندیەکانی نێوان پەدەکە و پەکەکە لە دۆخێکی نەرێنی دایە، بۆیە من هاتومەتە شام؟ پەیوەندییەکانی پەکەکە و پەدەکەی زۆر بە گرنگ دەبینی و لە هەر دەرفەتێکدا باسی دەکرد. بە ترسەوە وتی، هەڤاڵ عەباس، شتێک ڕوویداوە؟ 'منیش بە پێکەنینەوە پێموت، شتێکی نەرێنی نییە، بۆ کارێکی ڕێکخستن هاتومەتە ئەو ناوچەیە'. بەو قسانە ئاسوودە بوو. دواتر لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ دیدارێکی درێژی ئەنجام دا، وتوێژیان کرد. دەتوانین بڵێین بوارێک نەما باسی لێوە نەکرێت".


یەکێتی نەتەوەیی وەکو بنەمایەکی ڕزگاری دەبینی

لەبارەی تێڕوانینی فەلەکەددین کاکەیی لەبارەی یەکێتی نەتەوەی ڕایگەیاند: "بێگومان کاکەیی یەکێتی نەتەوەیی کوردی زۆر بە گرنگ دەبینی، وەکو بنەمایەکی ڕزگاری دەیبینی. لەو ڕووەوە خاوەن تێڕوانینی زۆر دیموکراتیک بوو. هەمیشە دەیەویست هەموو ڕێکخستنێک لەناو یەکێتی نەتەوەییدا هەبێت. لەو چوارچێوەیەدا پەیوەندییەکانی پەکەکە و پەدەکەی بە باش دەبینی. ئاماژەی بەوەش کرد، بە یەکێتی نەتەوەیی، کورد دەتوانێت ئازاد ببێت. تێڕوانینەکەی ئەو بە تەواوی بەو شێوەیە بوو. لەو چوارچێوەیەدا جارێکی دیکە بەڕێزەوە یادی دەکەمەوە".کاڵکان باسی هاوڕێیەتی خۆی و فەلەکەدین کاکەیی کرد

ژێدەر: anf

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
ناوى ئه‌و كۆمپانیا ئه‌مریكیانه‌ ئاشكراده‌كرێت كه‌ عێراق گرێبه‌ستى له‌گه‌ڵ كردون
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×