فیدراسیۆنی پەنابەران: لەماوەی چوار رۆژدا 679 كۆچبەر لەتوركیا دەستگیركراون
  2019-09-02       359       

فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی، ئەمڕۆ دوشەممە، ئاشكرایكرد، لەماوەی چوار رۆژدا، 679 كۆچبەر لە توركیا دەستگیركراون كە لەو ژمارەیە بەشێكیان خەڵكی كوردستانی عێراقن.

ئاوێنە: رۆژ عەزیز، نوێنەری فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی لە تورکیا، ئەمڕۆ، لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، لەماوەی رۆژانی 30و31ی ئاب و 1 و 2ی ئەیلولدا، لەچەند ناوچەیەكی جیاجیای توركیا، لەچەند هەڵمەتێكی هێزەكانی توركیادا، 679 كۆچبەر دەستگیركراون كە بەنیاز بون بەرەو ئەوروپا بڕۆن.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە، ئەو كۆچبەرانە زۆربەیان خەڵكی عێراق، سوریا، فەلەستین، یەمەن و چەند ناوچەیەكی دیكە بون و بەشێك لەوانەش خەڵكی كوردستانی عێراقن.

بەپێی قسەی رۆژ عەزیز، ئەو كۆچبەرانە لەناوچەكانی كۆشاداسێ، دیدەم، مۆغڵا، ئەدرنە، چاناكاڵێ-ی توركیا دەستگیركراون.

ئاشكراشیكردوە كە 280 لەو كۆچبەرانە تەنها لە شەش ئۆپەراسیۆنداو لە ناوچەی ئایڤاجیك و شاری چاناكاڵێ لە رۆژی 1ی ئەیلول دەستگیركراون كە بەنیازبون بەرەو دورگەكانی یۆنان بپەڕنەوە.

وتوشیەتی"لەنێو هەمو ئەم پەنابەرانەی لەم چەند رۆژەدا دەستگیرکراون بەشێکیان پەنابەرانی کوردی کوردستانی عێراقن. دوای لێکۆڵینە لەم پەنابەرانە بەتایبەتی پەنابەرانی عێراق و کوردستانی عێراق، دیپۆرت دەکرێنەوە."


زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×