رۆحانی دو مانگی دیكە مۆڵەت دەدات هێزە ئەوروپییەكان بۆ رزگاركردنی رێككەوتنە ئەتۆمییەكە
  2019-09-04       631       

حەسەن رۆحانی، سەرۆك كۆماری ئێران، ئەمڕۆ چوارشەممە، مۆڵەتی دو مانگی دیكەی دایە هێزە ئەوروپییەكان بۆ رزگاركردنی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ساڵی 2015ەو لەگەڵ ئەوەش هۆشداری دا كە تاران هەنگاوی سێیەم بۆ كەمكردنەوەی پابەندییەكانی بە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەوە كە بەقسەی رۆحانی، ئەو هەنگاوە "كاریگەری گەورە"ی دەبێت.

ئاوێنە: حەسەن رۆحانی، سەرۆك كۆماری ئێران، ئەمڕۆ لەمیانی كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی وڵاتەكەیدا رایگەیاند؛ پڕۆسەی دانوستانەكانی نێوان ئێران و وڵاتانی نێو رێككەوتنە ئەتۆمییەكە بەرەوپێشچوەو لەگەڵ ئەوەی بەشێكی زۆری ناكۆییەكان لە دانوستانەكاندا لەگەڵ ئەوروپا، چارەسەركراون بەڵام هێشتا نەگەیشتونەتە خاڵی رێككەوتنی كۆتایی.

هێمای بۆ ئەوەش كرد كە لەم چوارچێوەیەدا ئێران بۆ كەمكردنەوەی پابەندییەكانی بە بڕگەو مادەكانی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەوە، هەنگاوی سێیەم دەنێت و ئەمڕۆ و سبەی وردەكاری هەنگاوەكە رادەگەیەنن و لەسەر بنەمای ئەو هەنگاوەش كاردەكرێت.

رۆحانی وتی"پێشتر لە 20 بابەتدا ناكۆكیمان هەبو، ئێستا ناكۆكییەكانمان لە سێ بابەتدایەو بەشێكی زۆر ناكۆكییەكان چارەسەركراون بەڵام هێشتا نەگەیشتوینەتە خاڵی كۆتایی و بەدوریشی دەزانم لە ئەمڕۆ و سبەێنێشدا بتوانین بگەینە رێككەوتنی كۆتایی. لەئەنجامدا هەنگاوی سێیەم دەنێین و وردەكاری ئەم هەنگاوەش لەماوەی ئەمڕۆ و سبەینێدا رادەگەیەنین و لەسەر بنەمای ئەو هەنگاوە كاردەكەین."

ئەوەشی خستەڕو"هەنگاوی سێیەممان لە روكەشدا زۆر كاریگەر نییە بەڵام لەناوەڕۆكدا بێوێنە گرنگەو بەبڕوای من ئەم هەنگاوە گرنگترین هەنگاوە كە دەینێین و كاریگەرییەكانی زۆر بێوێنە دەبن و بەم هەنگاوە دەزگای ئەتۆمی ئێران لە پڕۆسەی خێراییە ئاساییەكەی دەردەچێت و چالاكییەكانی خێراتر دەبن. واتە بەو فەرمانەی كە ئەمڕۆ یان سبەی دەردەچێت، دەزگای ئەتۆمی ئێران بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی خێراییەكی لەڕادەبەدەر بەخۆیەوە دەبینێت.

ئاشكراشیكرد كە لەهەمان كاتدا مۆڵەتی دو مانگی دیكە دەدەنە وڵاتە ئەوروپییەكان بۆ رزگاركردنی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەو لەگەڵ هەڵگرتنی هەنگاوی سێیەمدا بەردەوام دەبین لە دانوسان و گفتوگۆ.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×