حەلبوسی: بەهیچ شێوەیەك رێگەمان نەداوە ببین بە بەشێك لە ململێنێیە نێودەوڵەتییەکان
  2019-09-04       916       
محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگەیاند كە جەنگی دژبە تیرۆر لە وڵاتەكەی كۆتایی نەهاتووە و جەخت لەوە دەكاتەوە كە بە هیچ شێوەیەك رێگەیان نەداوە عێراق ببێت بە بەشێك لە ململانێیەكانی نێودەوڵەتی.

ئاوێنه‌: محەمەد حەلبوسی لە میانی دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوەی لیژنەی بوودجە و پلاندانان سەربە پەرلەمانی ئاسیا كە لە بەغدا بە بەشداری ١٦ وڵاتی عەرەبی و کیشوەری ئاسیا بەڕێوەدەچێت، گوتارێكی پێشكەشكرد و وتی، ''درك بەوە دەكەین كە هێشتا جەنگی دژبە تیرۆر لە عێراق كۆتایی نەهاتووە، هەروەها هێشتا بە هۆی تیرۆرەوە رووبەڕووی كێشەیەكی زۆر بووینەتەوە كە پێویستە بە جددی چارەسەر بکرێن ئەوەش تەنها بە زیاتر خستنەگەڕی هەوڵە هاوبەشە نێودەوڵەتییەكان بەدی دێت''.

هاوکات سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەی وەبیرهێناوە كە تیرۆر تەنها عێراقی نەكردووەتە ئامانج، بەڵكو سەرجەم وڵاتانی ناوچەكە و جیهانی بەبێ‌ جیاوازی كردووەتە ئامانج و وتی، ''هەرچی هەوڵ و توانامان هەیە خستوومانەتەگەڕ لە پێناو چارەسەركردنی قەیرانەكان و نزیككردنەوەی دیدو بۆچوونەكان، چونكە بە هۆی ململانێیەكانەوە لە وڵات و ناوچەكەمان، باجی زۆرمان داوە''.

هەروەها محەمەد حەلبوسی ئەوەشی وت، ''بەهیچ شێوەیەك رێگەمان نەداوە ببین بە بەشێك لە ململانێیەكانی نێودەوڵەتی، بۆیە دەبینرێت كە بەردەوام داوامان كردووە، كێشە نێودەوڵەتییەكان بە گفتوگۆ و ئاشتی چارەسەر بكرێن''.

شایەنی باسە محەمەد حەلبوسی جەختیكردەوە لەسەر ئەوەی كە عێراق پابەندە بە ستراتیجییەكی روون كە ئەویش خۆ بەدوورگرتنە بەرامبەر بە ململانێییەكانی سەربازیی و سیاسی.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×