كەیسی سێ هەزار بێسەروشوێن لە دادگای كەركوكە
  2019-09-05       2047       
كەركوك/4ی ئابی 2019/ پیاوێكی بە تەمەن، وێنەیەكی كوڕە بێسەروشوێنەكەی بەدەستەوەیە و بۆی دەگریت، لە كۆنگرەی خاچی سوری نێودەوڵەتی فۆتۆ: سۆران محەمەد

ئا: سۆران محەمەد – كەركوك

 

راکان سەعید جبوری، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت ئاشكرایدەكات كە كەیسی سێ هەزار كەسی بێسەروشوێن و ونبوو لە دادگای كەركوكە و جەختیشیكردەوە "حزب هەیە هێزی ئەمنی هەیە و بەشێك لە ونبووەكان لای ئەوانن"، بەبێ ناوهێنانیان.

ئەو وتەیەی راكان سەعید، لە كۆنگرەیەكی رێكخراوی خاچی سوری نێودەوڵەتیدا هات بە هاوكاری نوسینگەی كەركوكی مافی مرۆڤی عیراق كە ئەمڕۆ چوارشەممە 4ی ئاب بەڕێوەچوو، بە بۆنەی رۆژی جیهانی ونبووان.

راکان سەعید وتی "تاوەکو ئێستا 3000 هەزار کەسی بێسەروشوێن لە كەركوك هەن و كەیسەكانیان لە دادگای كەركوكە و سكاڵایان تۆماركردووە، بەڕونی دەڵێم کە حزب و هێزی ئەمنی هەیە مۆڵەتی لە حکومەتی عیراق وەرگرتووە و بەشدارن لە دیارنەمان و بێسەروشوێنكردنی هاوڵاتیان، ئەوانەی بیسەروشوێنن یان چارەنوسیان نادیارە بەشێکیان بەهۆی کاری سیاسییەوە بووە و بەشێکی تریان بەهۆی تیرۆرەوە".

ئەو کەسانەی بەهۆی تیرۆرەوە بێسەروشوێنن با بدرێن بە یاسا، ئەگەر تاوانبارن با یاسا سزایان بدات، بەشێکی تریان بەهۆی کاری سیاسییەوە دەستگیرکراون، بەڵام لە دوای 16ی ئۆکتۆبەری 2017ەوە لە نوسینگەی مافی مرۆڤ هیچ حاڵەتێکی بێسەروشوێنکردن بوونی نەبووە".

نوک هاپ، لێپرسراوی عیراقی رێکخراوی خاچی سوری نێودەوڵەتی، وتی "ئەم کۆنگرەیە بەشێکە لە زنجیرە چالاکییەک کە لەسەرانسەری عیراق رێکخراوە، ئامانجمان گەیاندنی چەند پەیامێکە بۆ دەسەڵاتداران و ئەو کەسانەی کە رۆڵیان هەیە لە دۆزینەوەی چارەنوسی ونبوەکان، ئێمە هەوڵدەدەین بەردەوام بگەڕێین بەدوای ئەو کەسانەی چارەنوسیان نادیارە لە سایەی ناکۆکی چەکداریییەوە".

رێکخراوی خاچی سوری نێودەوڵەتی لەماوەی دوو ساڵدا توانیویەتی چارەنوسی 1500 کەس بگەیەنێت بە كەسوكاریان، كە پێشتر هیچ هەواڵێكیان نەبووە.

نوك هاپ وتی "ئەو ژمارەیە ژمارەیەکی زۆر زۆر کەمە بەراورد بەو کەسانەی کە تا ئێستا چارەنوسیان نادیارە".

لە 20ی تەمموزی ئەمساڵ، گردبونەوەی سیاسی عەرەبی لە کەرکوک، ناوی 1000 بێسەروشوێنی رادەستی راكان سەعید پارێزگاری كەركوك كرد و هەردوو ئاسایشی یەكێتیی و پارتیان تۆمەتباركرد بە دەستگیركردن و زیندانیكردنی رۆڵەكانیان.

راكان سەعید، ئەوكات لە وتارێكی كۆنگرەكەدا، وتی "رۆڵەی هەموو ئەوانەی دانیشتون، بەبێ فەرمانی دادوەر دەستگیرکراون... پێویستە بەغدا و هەرێمی کوردستان ئاگاداربن بۆ ئەوەی دەستگیرکراوەکان یاخود کەسوکارەکانیان هۆکاری دەستگیرکردنەکەیان بزانن و بە گفتوگۆ ئازادیان بكەن".

هەروەها وتی "هەزار یان دوو هەزار کەسمان لەدوای ساڵی 2003وە لەلایەن ئاسیشی پارتی و یەکێتییەوە دەستگیرکراون، بەڵام با رەخنە لە خۆشمان بگرین بەهۆی پێشوازی لە داعشەوە لە ناوچەكانمان زیاتر لە 7000 کەسمان کوژران و سەربڕدران".

كەركوك/4ی ئابی 2019/ سێ منداڵ كە باوكیان چەند ساڵێكە بێسەروشوێنە و چارەنوسی نادیارە، لەگەڵ دایكیان بەشدارییان كرد لە كۆنگرەی خاچی سوری نێودەوڵەتی فۆتۆ: سۆران محەمەد

 

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
بافڵ تاڵەبانی: هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەوادەی خۆیدا دەكرێت
ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د: هیچ هێزێكى ئۆپۆزسیۆنى ئێرانى‌و توركى لاى ئێمه‌ تیرۆریست نین
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
مەسعود بارزانی: ناكرێ لەو وادەیەی دیاریكراوە "هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد" بەڕێوەبچێت
وتەبێژی وەزارەتی دارایی: دەستمان بە رێککارەکانی پلەبەرزکردنەوە کردوە
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
وەزیری نەوتی عێراق: داوامان لە حكومەتی هەرێم كردوە نەوت رادەستی سۆمۆ بكەن بۆ هەناردەكردنی
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×