2019-09-05   835     
حکوومەتی عێراق وەڵامی راپۆرتێکی رێکخراوی ھیومان رایتس وۆچ لە بارەی ئاوارەکان دەداتەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچە زیان لێکەوتووەکانی خۆیان بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانەیە.
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند ''بڕیاری گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچە زیان لێکەوتووەکانی خۆیان بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانەیە و لەبڕوای ئاوارەکان خۆیانەوەیە، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ ئەو تۆمەتانەی کە باس لەوە دەکات ئاوارەکان دەگەڕێندرێنەوە''.
دوای ئەوەی ئێوارەی دوێنێ رێکخراوی ھیومان رایتس وۆچ لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندبوو ''عێراق بە شێوەیەکی زۆرەملێ دوو ھەزار عێراقی لە خێزانی چەکدارانی داعش لە کەمپەکانی ئاوارەکان لە سنووری پارێزگای نەینەوا دەرکردووە''.
لە وەڵامدا وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، نەوفەل بەھا مووسا وتی: ''ھەوڵێکی جیاوازمان خستووەتەگەڕ بۆ بەدواداچوونی کاروباری ئاوارەکان و بە شێوەیەکی مەیدانی و ھەوڵمان داوە کەشێکی لەباریان بۆ برەخسێنین بۆ گەڕاندنەوەیان بۆسەر ماڵ و حاڵی خۆیان و کۆتاییھێنان بە کێشە و گرفتی نێو کەمپەکان''.
نەوفەل بەھا مووسا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە ''سەرسام بووین بەو تۆمەت و قسانەی باس لەوە دەکەن گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بە شێوەیەکی زۆرەملێیە، لەکاتێکدا بڕیاری گەڕانەوە ئارەزوومەندانەیە و لە بڕوای ئاوارەکان خۆیانەوەیە''.