ئیئتیلافی نەسر: هەردو وەزیری دارایی و نەوت بانگهێشتی پەرلەمان دەكەین
  2019-09-05       695       

ئیئتیلافی نەسر، بەسەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، رایگەیاند، پلانیان هەیە لە وەرزی نوێی یاساداناندا، ژمارەیەك وەزیری حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، بۆ لێپێچینەوە بانگهێشتی پەرلەمان بكەن.


ئاوێنە: ئایات موزەفەر، وتەبێژی ئیئتیلافی نەسر، بە ماڵپەڕی "بەغداد ئەلیەوم"ی راگەیاند، لەماوەی وەرزی یاسادانانی رابردودا، چوارچێوەیەكی زەمەنیان بۆ هەڵسەنگاندنی ئەدای حكومەت داناوە بەمەبەستی دەرهێنانی حكومەت لەو دۆخە لاوازەی پێوەی دەناڵێنێت لە رێگەی پێدانی تێبینی و دیاریكردنی هەڵەكان و چاودێریكردنی كارو جێبەجێكردنی بەرنامەی حكومەتەوە.


هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە حكومەت تێبینییەكانی وەرنەگرتون و پشتگوێی خستون، بۆیە لە وەرزی یەكەمی ساڵی دوەمی یاساداناندا، لەو بارەیەوە هەنگاوی كردەیی دەنێن لەڕێگەی چەند میكانیزمێكی دەستوری وەك مافی پرسیار و بانگهێشتكردن و سەندنەوەی متمانە لە وەزیرەكان یاخود تەواوی حكومەت.


وتوشیەتی"پێموانییە ئەو قۆناغەی ئێستا عێراقی پێدا تێپەڕدەبێت بەگەری چاوەڕوانی زیاتر بگرێت، هاوڵاتی لە دۆخێكی نائومێدیدا دەژی بەهۆی دۆخی ناوخۆوەو بۆیە پێویستە هەنگاوی پراكتیكی بگیرێتەبەر."


ئەوەشی خستۆتەڕو"ئامانجی ئیئتیلافی نەسر وەرگرتنەوەی متمانە نییە لەحكومەت بەڵام ئەوە هەنگاوێكە لە ئارادایە ئەگەر ئەو قەیران و شوێنی لاوازییانە چارەسەرنەكرێن كە لەلایەن ئیئتیلافی نەسرەوە دیاریكراون."


سەبارەت بەو وەزیرانی كە لەبەرنامەیاندا هەیە، بۆ لێپێچینەوە بانگهێشتیان بكەن، وتەبێژەكەی ئیئتیلافی نەسر وتویەتی"هەردو وەزیری نەوت و دارایی تا ئێستا ئەو دو ناوەن كە لای ئێمە پێشنیاركراون بۆ بانگهێشتكردن، بەڵام لەداهاتودا چەند وەزیرێكی دیكەش پێشنیار دەكرێن، هەنگاوەكەمان هەمو ئەوانە دەگرێتەوە كە دۆسیەی گەندەڵی لەسەرە."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×