نێردەی ئەمریكا بۆ ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستی لەكاركێشایەوە
  2019-09-05       746       

كۆشكی سپی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەستلەكاركێشانەوەی جەیسۆن گرینبلات، نێردەی سەرۆكی ئەمریكای بۆ ئاشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە پۆستەكەی راگەیاند.

ئاوێنە: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، ئەمڕۆ، لەتویتێكدا رایگەیاند، دوای نزیكەی سێ ساڵ كاركردن لەگەڵ ئیدارەكەمان، جەیسۆن گرینبلات، پۆستەكەی بەجێدەهێڵێت و لەكەرتی تایبەت كاردەكات. ئەو هاوڕێیەكی دڵسۆزو مەزن و پارێزەرێكی باش بو.

ترەمپ وتیشی"فیداكارییەكانی جەیسۆن بۆ ئیسرائیل و هەوڵەكانی بۆ هێنانەدی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین لەبیرناكرێن. بیری دەكەین. سوپاس بۆ تۆ جەیسۆن."

بەرپرسێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بە كەناڵی "ئەلحوڕە"ی راگەیاند، برایان هوك، نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ كاروباری ئێران و ئەڤی بەركویتز، یاریدەدەری جارید كۆشنەر، راوێژكاری كوشكی سپی، رۆڵێكی زیاتر لە تیمی ئاشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگێڕن.

 پێشتر راگەیاندنەكانی ئەمریكا بڵاویان كردبوەوە كە گرینبلات، ئەندازیاری پلانی ئاشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە بەم نزیكانە ئیدارەكەی ترەمپ پلانەكە ئاشكرادەكات، لەماوەی چەند هەفتەی داهاتودا پۆستەكەی بەجێدەهێڵێت و دەگەڕێتەوە بۆ نیوجێرسی، ئەو ولایەتەی كە خێزانەكەی لێی دەژین.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×