توركیاو ئەمریكا لە "ناوچەی ئارام" مانۆڕی سەربازیی ئەنجامدەده‌ن
  2019-09-06       1066       
خولوسی ئاکار وەزیری بەرگریی تورکیا

وەزیری بەرگری توركیا ئاشكرای‌ ده‌كات كه‌ سوپای‌ وڵاته‌كه‌ی‌ لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا مانۆڕی سەربازیی هاوبه‌ش لەناوچە سنوریەكانی باكورو رۆژهەڵاتی فورات -ناوچەی ئارام- ئەنجامدەدەن.

ئاوێنه‌: ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، خولوسی ئاکار  وەزیری بەرگریی تورکیا، باسی‌ له‌ "ناوچه‌ی‌ ئارام‌" كردو رایگەیاند، "توركیا  ئارامی نەماوە لە دواخستنی كارەكانی تایبەت بەبنیادنانی ناوچەی ئارام لەباكوری فورات".

وتیشی‌، "بەبڕیارێكی هاوبەش لەگەڵ ویلایەتەیەكگرتوەكانی ئەمریكا، یەكشەممەی داهاتو رێكەوتی 8ی ئەیلول مانۆڕێكی سەربازیی لەناوچە سنوریەكانی باكورو رۆژهەڵاتی فورات ئەنجامدەدەین".

ئه‌مریكاو توركیا ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر دروستكردنی‌ "ناوچەیەکی ئارام" لەسەر سنوری باكورو رۆژئاوای‌ كوردستان -تورکیاو سوریا-و شارو ناوچەکانی حەڵەب‌و ئیدلەب‌و رەققە دەگرێتەوە بەدریژایی 460 کیلۆمەترو بەقوڵایی 32 کیلۆمەتر.

"ناوچەی ئارام" لەمەنبجەوە دەستپێدەکات‌و بەدرێژایی سنورەکانی رۆژئاوای کوردستان تادەگاتە سنوری عێراق‌و ناوچەکانی قامیشلۆ، سەرێکانی، تەلتەمر، درباسییە، عامودا، وەردیە، تەلحەمیس، قەحتانییە، یەعریبیە، مالکیە لەسنوری حەسەکەو کۆبانی لەحەڵەب‌و ناوچەی گرێ سپی لەپارێزگای رەققە دەگرێتەوە.

به‌پێی‌ ڕاپۆرتی‌ روانگه‌ی‌ سوری‌ بۆ مافه‌كانی‌ مرۆڤ، "ناوچه‌ی‌ ئارام" له‌بنه‌ڕه‌تدا داواكاریی‌ توركیایه‌ بۆ دورخستنه‌وه‌ی‌ هێزه‌ كوردییه‌كان له‌سه‌ر سنورەکانی‌و مەترسییش هەیە هەر لەبنەڕەتدا ئەو ناوچەیە بکەوێتە ژێر کۆنتڕۆڵی تورکیاوە.

چوارشەممەی رابردوش، ساڵح موسلیم، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی یەكێتی دیموكرات -پەیەدە-  لەمیانی كۆبونەوەیدا لەگەڵ خێڵە عەرەبیەكانی ناوچەی گرێ سپی لەباكوری فورات رایگەیاند، "شەڕڤانان مەودای پێنج كیلۆمەتر لەناوچە سنورییەكان دەكشێنەوەو ئەنجومەنە ناوخۆییەكانی ئەو ناوچانە شوێنیان دەگرنەوە".

وتیشی‌، لەو ناوچە سنوریانەی نێوان توركیاو رۆژهەڵاتی فوراتدا كە تێیدا شەڕڤانان لەچوارچێوەی رێككەوتننامەی تایبەت بە "ناوچەی ئارام" دەكشێنەوە، یەك سەربازی توركیی ناچێتە ناو ئەو ناوچانەوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×