ئه‌مریكا به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ پێشوازیی لە ناردنی سه‌رباز ی دانیمارکی بۆ سووریا دەکات
  2019-09-07       874       
وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مریكا (پێنتاگۆن)، ئاشكرایكرد خۆشحاڵن به‌ بڕیاره‌كه‌ی دانیمارك بۆ ناردنی سه‌رباز بۆ سووریا به‌مه‌به‌ستی پشتیوانییكردن له‌ هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژی داعش به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا.

ئاوێنه‌: جۆناسان هۆفمان، وته‌بێژی پێنتاگۆن له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا كه‌ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، رایگه‌یاند ''ئه‌مریكا به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ پێشوازیی له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی حكوومه‌تی دانیمارك سه‌باره‌ت به‌ ناردنی سه‌رباز بۆ سووریا به‌مه‌به‌ستی پشتیوانییكردن له‌ ئۆپه‌راسیۆنی سه‌قامگیركردنی سرووشتیی و درێژه‌دان به‌ هاوبه‌شییكردن له‌م ئه‌رك و لێپرسراوێتییه‌ گرنگه‌دا، ده‌كات''.

جۆناسان هۆفمان باسی له‌وه‌كردووه‌، دانیمارك هاوبه‌شێكی گرنگی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعشه‌، و رایگه‌یاند ''ئه‌م بڕیاره‌ی حكوومه‌تی دانیمارك، ئاماژه‌ی مكووڕیی ئه‌و وڵاته‌یه‌ له‌ كاركردن له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی سووریای دیموكرات و له‌باره‌ی رێگرییكردن له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی داعش. هاوبه‌شه‌ دانیماركییه‌كانمان له‌پێناو سه‌قامگیریی و ئاسایشدا له‌ باكووری سووریا، كار له‌گه‌ڵ ئه‌و ژماره‌ كه‌مه‌ی هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا ده‌كه‌ن''.
 
دوێنێ سه‌رۆكوه‌زیرانی دانیمار، مێتێ فرێدریكسن، ئاشكرایكرد به‌مه‌به‌ستی پشتیوانییكردن له‌ هاوپه‌یمانیی دژی داعش به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا، سه‌رباز ره‌وانه‌ی سووریا ده‌كه‌ن.

مێتێ فرێدریكسن باسی له‌وه‌كردبوو كه‌ تیمێكی ١٤ كه‌سی پزیشكیی سه‌ربازیی، فه‌رگاته‌یه‌ك وه‌ك پشتیوانیی له‌ هێزی ده‌ریایی ئه‌مریكا، كه‌تیبه‌یه‌كی جه‌نگیی، كه‌شتیه‌كی جه‌نگیی و چوار فڕۆكه‌ی جه‌نگیی ره‌وانه‌ی سووریا ده‌كه‌ن.
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×