رێبوار تاڵەبانی: ئەگەر كۆبونەوەی ئەنجومەن لەدەرەوەی شاری كەركوك بكرێت من بەرێوەی دەبەم
  2019-01-23       680       

رێبوار تاڵەبانی، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك رایدەگەیەنێت بارودۆخی شاری كەركوك پەیوەندی بە كەسێكەوە نیە‌و هەر بۆیە دەست لەكار ناكێشێتەوە، راشیدەگەیەنێت هێزە كوردییەكان لەبەر ناكۆكی خۆیان نەگەیشتونەتە یەك بۆ چونی هاوبەش، دەشڵێت" ئەگەر كۆبونەوەی ئەنجومەن لەدەرەوەی شاری كەركوك بكرێت من بەرێوەی دەبەم". 


ئاوێنە: رێبوار تاڵەبانی بە دەنگی ئەمریكای راگەیاندوە پاش روداوەكانی شانزەی ئۆكتۆبەر بارودۆخێكی نادەستوری بەسەر شاری كەركوكدا سەپێنراوە، دەشڵێت "منیش وەك سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاكە بە ئامانج هەڵیان كوتایەسەر ماڵم، ئۆتۆمبێلم دزرا لەلایەن كۆمەڵێك لە هێزە سەربازییەكانی كەركوكەوە بوە هۆی ئەوەی نەتوانم بگەڕێمەوە شاری كەركوك لەگەڵ پانزە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا لەدەرەوەی شاری كەركوكم".


ئاماژەبەوەش دەكات ساڵێكە كارەكانی ئەنجومەن ڕاگیراون و حكومەتی عێراقی ناتوانێت چارەسەری بكات و هێزە كوردستانیەكانیش لەبەر ناكۆكی ناوخۆیی نەگەیشتونەتە یەك بۆچونی هاوبەش، پێشی وایە  ئێستا هەمو لایەنە كوردییەكان هاوڕان كەبارودۆخەكە ناتەندروستە، وتیشی "هەوڵدرا لەلایەن چەند ئەندامێكی لیستی بەرەی توركمانی و لیستی عەرەبی و لیستی برایەتی، بەڵام لەبەرئەوەی بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ نەیاندەتوانی دانیشتنەكان ئەنجام بدەن هەوڵەكان سەركەوتو نەبون".


دەشڵێت "لیستی برایەتی لەچەند لایەنێكی شارەكە پێكهاتوە زۆرینەیان پارتین دواتر یەكێتی، پاشان لایەنەكانی دیكە، ئەگەر بەپێی بەركەوتەی هەڵبژاردن بێت پۆستی پارێزگار بۆ پارتییە، بەڵام ئەگەر بەپێی بەركەوتەی سیاسی بێت ئەوە شتێكی دیكەیە و دەكەوێتەوە سەر ڕێكەوتنی لایەنە سیاسییەكان".


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×