2019-09-08   819     
پهرلهمانتارێكی پارتی له پهرلهمانی عێراق رایگهیاند، ''بڕیارە هەفتەی داهاتوو لهگهڵ دهستپێكردنهوهی كۆبوونهوهكانی وهرزی نوێی پهرلمان، پێنج وەزیر بانگھێشتی پەرلەمان بکرێن، بهبۆچوونی ئهو پهرلهمانتاره مەرامی سیاسی لەپشت بانگھێشتکردنی وەزیرەکانەوە ھەیە''.
ئاوێنه: دکتۆر مەیادە نەجاڕ، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، رایگهیاند، ''بڕیارە هەفتەی داھاتوو پەرلەمانی عێراق دەست بە کۆبوونەوەکانی وەرزی نوێ بکاتهوه لە کۆبوونەوەی داھاتوودا پێنج وەزیری کابینەی دکتۆر عادل عەبدولمەھدی بانگھێشتی پەرلەمان کراون، وتیشی، پێم وایە مەرامی سیاسی لەپشت بانگھێشتی وەزیرەکانی حکوومەتی عێراقەوە ھەیە، ھەندێ کوتلە ئامانجی خۆیان لە بانگھێشتکردنی وەزیرەکانی حکوومەت ھەیە''.
مهیاده نهجار باسی لهوه كرد، لەنێو ھۆڵی پەرلەماندا چەند مەلەفێک لەگەڵ وەزیرە بانگھێشتکراوەکان باس دەکرێن، بەڵام ئەو پرسانەی وەزیرەکانی لەسەر دێنە پەرلەمان نھێنی نین، واتە ڕەخنەگرتن نییە لە راپهڕاندنی کاری وەزارەتەکان.
ئاماژەی بهوهدا، بڕیارە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای دادگای فیدڕاڵییش بدرێت، ئێمە کۆمەڵێک تێبینیمان ئاراستەی پەرلەمانی عێراق کردووە بۆ ئەوەی لەنێو پڕۆژەیاساکەدا جێگیر بکرێن، ھیوا خوازین تێبینیی ئێمە وەک ھەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگرن، ئینجا دەنگ لەسەر پڕۆژەیاساکە بدرێت.