ئەردۆغان: ئەمریكا دەیەوێت ناوچەیەكی ئارام لە بەرژەوەندی یەپەگە لە باكوری سوریا دروست بكات
  2019-09-08       1823       

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند، ئەمریكا هەوڵی دروستكردنی ناوچەیەكی ئارام لە باكوری سوریا دەدات كە لە بەرژەوەندی "یەپەگە"دا بێت نەك بەرژەوەندی توركیا، ئێمەش ئەوە رەتدەكەینەوە. ئەردۆغان هەڕەشەی ئەوەش دەكات كە ئەگەر تا كۆتایی ئەم مانگە بەكردەوە دەست بە دروستكردنی ناوچەی ئارام نەكرابێت ئەوا وڵاتەكەی پلانە تایبەتەكانی خۆی جێبەجێ دەكات.

ئاوێنە: بەپێی ئاژانسی هەواڵی رەسمی توركیا(ئەنادۆڵو)، ئەو وتانەی ئەردۆغان ئەمڕۆ یەكشەممە، لەوتەیەكدا هاتون لەمیانی كردنەوەی پڕۆژەیەكی پەرەپێداندا لە پارێزگای "ماڵاتیا"ی ناوەڕاستی توركیا.

ئەردۆغان هێمای بۆ ئەوە كردوە كە لەكاتێكدا وڵاتەكەی ئامانجییەتی لانەی "تیرۆر" لە باكوری سوریا تێكبدات، ئەمریكا هەوڵی ئەوە دەدات كە لەهەمان ئاستی رێكخراوی "یەپەگە یان پەكەكە"دا مامەڵە لەگەڵ توركیا بكات.

وتوشیەتی"وا پێدەچێت هاوپەیمانەكەمان(ئەمریكا) هەوڵی دامەزراندنی ناوچەیەكی ئارام لە بەرژەوەندی یەكینەكانی پاراستنی گەل(یەپەگە) یان پەكەكە بدات نەك لە بەرژەوەندی توركیا، ئەمەش ئەو شتەیە ئێمە رەتیدەكەینەوە."

ئەردۆغان وتیشی"ناوچەی ئارام بە فڕینی 3 تا 5 کۆپتەر، یان دەورییەی 5 تا 10 ئۆتۆمبێل و ھەبونی چەند سەد سەربازێک لە ناوچەکەدا دروست نابێت. پێویستە بە شێوەیەکی کرداریی ئارامی لە شارەکان و گوندەوارەکان دەستەبەر بکەین بۆ نیشتەجێکردنی یەک ملیۆن کەس".

ئەوەشی خستەڕو كە "توركیا گفتوگۆ لەگەڵ واشنتۆن دەكات لەبارەی ناوچەی ئارام...بەڵام لەهەمو هەنگاوێكدا دەبینین ئەوەی دەمانەوێت هەمان ئەو شتە نییە كە لە مێشكی ئەوان(ئەمریكییەكان)دایە."

ئەردۆغان هەڕەشەی ئەوەی كردوە"ئەگەر تا پێش كۆتایی ئەم مانگی ئەیلولە لەگەڵ سەربازانمان بەشێوەیەكی كرداریی دەستمان بە دروستكردنی ناوچەی ئارام لە رۆژهەڵاتی فوڕات نەكردبێت، ئەوا هیچ بژاردەیەكی دیكەمان لەبەردەستدا نییە جگە لە جێبەجێكردنی پلانە تایبەتەكانی خۆمان."

ئەوەش لەكاتێكدایە ئەمڕۆ یەكشەممە هەردو سوپای توركیاو ئەمریكا یەكەم دەورییەی زەمینی هاوبەشیان لە باكوری سوریا لەچوارچێوەی قۆناغی یەكەمی دروستكردنی ناوچەی ئارامدا، ئەنجامدا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×