نەوزاد ھادی ماڵئاوایی لەپۆستی‌ پارێزگاری ھەولێر ده‌كات
  2019-09-10       376       
نەوزاد ھادی

نەوزاد ھادی پارێزگاری ھەولێر ماڵئاوایی لەپۆستەكەی كردو سوپاسی‌ مه‌سعود بارزانی‌‌و نێچیرڤان بارزانی‌ كرد بۆ پشتگیریكردنی‌.

ئاوێنه‌: ئه‌مرۆ سێشه‌ممه‌، نەوزاد ھادی لەكۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامەوانیدا، ماڵئاوایی لەپۆستەكەی كردو راشیگەیاند، "لەماوەی 15 ساڵی رابردودا چەندین پڕۆژەمان ئەنجامداوە لەپێناو خزمەتكردن بەخەڵكی سنوری پارێزگای ھەولێر".

باسی لەوەشكرد، لەرۆژە سەختەكاندا بەپاڵپشتی ھەمو لایەك لەشەڕی داعش كە ھەولێر كرایە ئامانج توانیان دۆخەكە تێبپەڕێنن‌و ئارامیی‌و سەقامگیریی ھەولێر بپارێزن.

پارێزگاری ھەولێر سوپاسی مه‌سعود بارزانی‌و نێچیرڤان بارزانی كرد، كە لەماوەی رابردودا متمانەیان پێبەخشیووەو پاڵپشتیان كردووە بۆ ئەمجامدان‌و جێبەجێكردنی چەندین پڕۆژە لەسنوری پارێزگای ھەولێر.

راشیگەیاند، "كاندیدی پارتی بۆ پۆستی پارێزگاری ھەولێر فرسەت سۆفییە، ھیوای سەركەوتنی بۆ دەخوازم‌و پاڵپشتی تەواوی دەكەم".

پێشتر نه‌وزاد هادی له‌باره‌ی لادانییه‌وه‌ به‌ده‌نگی‌ ئه‌مریكای‌ رایگەیاندبو کە ئەو بەردەوامە لەکارەکانی‌و هیچ شتێكی فه‌رمیش نییه‌ بۆ لادانی‌ له‌پۆسته‌كه‌ی‌. وتیشی‌، "من نامه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌م نه‌داوه‌ته‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگا كوا ئه‌و خه‌به‌ره‌‌ له‌كوێ هاتووه‌؟ هیچ شتێكی وانیه‌''.
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×