شێخ جەعفەر: مەسعود بارزانی دەتوانێت سەرۆكایەتی ئەنجومەنی سیاسی حزبەكان بكات
  2019-09-11       2032       

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی پێی وایە دروستكردنی ئەنجومەنی سیاسی حزبەكان ئەگەر بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكان و یەكڕیزی كورد بێت، شتێكی باشە بەو مەرجەی دەستوەرنەداتە كاری حكومەت و پەرلەمان و سەرۆكایەتی هەرێم. شێخ جەعفەر پێشی وایە لەئەگەری دروستكردنی ئەو ئەنجومەنە سیاسییەدا، مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دەتوانێت بە كاری سەرۆكایەتیكردنی ئەنجومەنەكە هەڵسێت.

ئاوێنە: شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، كە هاوكات جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستانە، لە وتوێژێكدا لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا، كە ئەمڕۆ چوارشەممە، بڵاوكراوەتەوە باس له‌بۆچونی حیزبه‌كه‌ی ده‌كات سه‌باره‌ت به‌ دامه‌زراندنی ئه‌نجومه‌نێك بۆ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان، هاوكات ڕای حیزبه‌كه‌ی له‌باره‌ی ئه‌و كه‌سه‌ی پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نه‌ وه‌رده‌گرێت له‌داهاتودا.

شێخ جەعفەر وتویەتی"لەڕاستیدا من هیچ زانیارییەکم نیە لەسەر ئەو ئەنجومەنە یا هیچ باسێک کرابێت لەمەکتەبی سیاسی یا سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەڵام هەموان دەزانین کە ئەمڕۆ لەهەرێمی کوردستان سەرۆکایەتی هەرێم، پەرلەمان، هەروەها حکومەت هەیە کە ئەمانە هەموی بە یاسا ڕێکخراوە، هەریەکە کاری خۆی هەیە و لە بواری خۆیدا کاردەکات ئەگەر ئەنجومەنێک دروست ببێت کە دەستی حکومەت و پەرلەمان ببەستێت و دەستوەربدارتە کاروباری ئه‌و سێ دامەزراوەیە (سەرۆکایەتی هەرێم، پەرلەمان هەروەها حکومەت) ئەوا بەڕاستی من پێم باش نیە چونکە هەریەک لەو سێ دامەزراوەیە کاری خۆیان هەیە و سەربەخۆن لەو کارانەی پێیان دراوە، بەڵام خۆ ئەگەر ئەنجومەنێکیش بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان و یەکڕیزی میللەتەکەمان و ڕوبەڕوبونەوەی ئەو هەڕەشە و گوڕەشانەی لەدەرەوە لەمیللەتەکەمان دەکرێت یا کۆدەنگیەک بێت بۆ گەیاندنی دەنگی میلەتەکەمان بەهەمو دنیا من بەو شێوەیە پێم باشە بەمەرجێک دوربێت لە دەستوەردان لەکاروباری حکومەت و پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم، چونکە پەرلەمان نوێنەری خەڵکە و خەڵک دەنگی پێداون و ئەو حیزبە سیاسیانە خۆشیان دەنگیان پێداون."

شێخ جەعفەر ڕونیکردەوە"ئەگەر بۆ ئەوە بێت کە ئەم حیزبانە یەک دەنگی و یەک ڕەنگی پەیدا بکەن بۆ چارەسەری ئەو کێشە ناوخۆییانەی کە هەیە لەنێوان لایەنە سیاسیەکان خۆیاندا بێن بەرەیەک یا ئەنجومەنێک دروست بکەن بێن دەنگی میللەتەکەمان بەهەمو دنیا بگەیەنن بەڵام نەک بەشێوەیەکی ڕەسمی کە بەیاسا ڕێکخرابێت بەڵام وەک دەنگی میللەت و سەرکردایەتی سیاسی ئەم میللەتە من بەم شێوەیە پێم باشە."

سه‌باره‌ت به‌ سه‌رۆكایه‌تی كردنی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا وتویەتی"کاتێک ئەنجومەنە دروستکرا بۆ سەرۆکایەتی کردنی ئەو ئەنجومەنە دەکەوێتە سەر ئەوەی چۆن و لەسەر کێ ڕێکدەکەون، واتە دەکەوێتە سەر ڕێککەوتنی لایەنەکان..ئەگەر بڕوانینە ڕابردو کە بەڕه‌حمەت بێت جەنابی مام جەلال لەگەڵ کاک مەسعود لەگۆڕەپانەکەدا بون توانیبویان ڕۆڵێکی باشیان هەبێت لەکۆکردنەوەی هەمو لایەنەکان بەڵام ئەمڕۆ کەجەنابی مام جەلال کۆچی دوایی کردوە هەر جەنابی کاک مەسعود ماوە، جەنابی کاک مەسعود دەتوانێت هەستێت بەو کارە."


سەبارەت بەوەی ئایا ئامادەن وەک یەكێتی ئەو داوایە لەبارزانی بکەن كه‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ بكات، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا وتویەتی"نەگەیشتۆتە ئەو قۆناغە هەرکات گەیشتە ئەو قۆناغە هەرکاتێک بو ئێمە هیچ کات ڕێگریمان لە جەنابی کاک مەسعود نەکردوە، کاک مەسعود ئەمڕۆ سەرکردەیەکی دیاری میللەتەکەمانە سەرۆکی ئەم هەرێمە بوە لەپێشتر. پێشم وایە هەرشتێک لەبەرژەوەندی میللەتەکەمان بێت بۆ یەکڕیزی یەکێتی پشتگیری بکات، ئێمە پێشتر بۆ کاک مەسعود کارمان کردوە و دەنگمان پێداوە ببێتە سەرۆکی هەرێم جەنابی مام جەلال بەهەمو توانایەکیەوە لەدەرەوەی یەکێتی-ش کاری کردوە بۆ ئەوەی جەنابی کاک مەسعود ببێتە سەرۆکی هەرێم و لەهەمو خولەکانداو له‌ درێژکردنەوەی خولەکانیدا بەدەنگی یەکێتی نیسابەکە تەواو بوە کە دەنگمان داوە بۆ ئەوەی یا سەرۆکی هەرێم بێت یا دەورەکەی بۆ تازە بکرێتەوە، بۆیه‌ ئەگەر ئێستاش کاک مەسعود بیەویت ئەو ڕۆڵە ببینێت و ببێتە سەرۆکی ئەنجومەنەکە هەمو لایەنە سیاسیەکان کۆبکاتەوە و یەکڕیزی کورد بپارێزیت بێگومان وه‌ك یه‌كێتی هەمان هەڵوێستی ڕابردومان دەبێت ئەوا یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەمان هەڵوێستی دەبێت و وەبوە وەک ڕابردو بومان ."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×