2019-09-12   629     
لە نزیک بنکەیەکی سەربازی لە رۆژھەڵاتی عێراق، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان خرایە خوارەوە ، بەوتەی بەرپرسانی ئەمنی عێراق، ئەو فڕۆکەیە ئەرکی چاودێری و وەرگرتنی زانیاری بووە لەسەر پێگە سەربازییەکان لە ناوچەکە.
ئاوێنه: بەرپرسێکی ئەمنی عێراقی رایگەیاند ''ھێزێکی حەشدی شەعبی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی لە پارێزگای دیالەی رۆژھەڵاتی وڵاتەکە خستووەتە خوارەوە کە بۆ چاودێری و وەرگرتنی زانیاری بەئاسمانی ناوچەکەدا سووڕاوەتەوە''.
هاوکات لەمبارەیەوە حەبیب شممەری، بەرپرس لە ھێزەکانی پۆلیس وتی، ''ھێزێکی حەشدی شەعبی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی لە پارێزگای دیالە خستووەتە خوارەوە کە کامێرای چاودێری پێوە بووە، ئەرکەکەی چاودێریکردن و وەرگرتنی زانیاری بووە لەسەر پێگە سەربازییەکانی ناوچەکە لەنێویشیاندا پێگەی سوپا بووە''.
شایەنی باسە شممەری ئاماژەی بەوەش کرد، فڕۆکەکە لە لایەن ئەو ھێزانەوە لە ناوچەی کەنعان رۆژھەڵاتی باقووبە کراوەتە ئامانج و خراوەتە خوارەوە.
جێگای ئاماژەیە ''لێکۆڵینەوە لەسەر فڕۆکەکە و ئەو لایەنەی فڕۆکەکەی ناردووە دەستی پێ کردووە''.
ئەمەش لەکاتێکدایە لە میانی ئەم چەند ھەفتەیەی رابردوو ٥ بنکەی حەشدی شەعبی رووبەڕووی تەقینەوەی گوماناوی بوونەتەوە، دواترینیان لە رێگەی بۆردومانی دوو فڕۆکەوە بووە لە نزیک سنووری نێوان عێراق و سووریا کە بەو ھۆیەوە جگە لە کەوتنەوەی تەقینەوەیەکی گەورە، چەکدارێکی حەشد کوژراو و یەکی تریش بریندار بوو.
ھەروەھا بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە گروپێکی سەربە حەشدی شەعبی لە ناوچەی ئەلبوکەمال لە سنووری نێوان سووریا و عێراق لە لایەن فڕۆکەیەکی نەناسراوەوە کرایە ئامانج و ژمارەیەک چەکداری حەشد بەو ھۆیەوە بوونە قوربانی.