ئینسان وەک رۆبۆت. نامەیەک بۆ ئاسۆس ھەردی
  2019-09-12       971       

مەریوان وریا قانیع

 


کاکە ئاسۆس،
کۆمەڵناسی کەنەدیی ئێرڤینگ گۆفمان، لە کتێبێکی بەناوبانگیدا باس لە جۆرێکی لە دەزگای کۆمەڵایەتی تایبەت دەکات، کە ناوی دەنێت ”دەزگا تۆتالیەکان“، واتە دەزگا گشتگیرەکان. مەبەستی ئەم کۆمەڵناسە ئەو دەزگایانەیە کە لەڕووی کردەییەوە ھەموو ڕەھەندەکانی ژیانی ڕۆژانەی ئەو کەسانە ئاراستە و دەستنیشاندەکەن کە لەناویاندا ئامادەن. لەوانەش، بۆ نموونە، دەزگای سوپا، زیندان، گروپە دینییە بچووک و داخراوەکان، ھەندێک جۆری قوتابخانە و نەخۆشخانە دەرونییەکان، بەتایبەتی ئەو نەخۆشخانانەی کە ئینسان وەک شێت تیایاندا گلدەدرێنەوە.


خاڵی ھەرەسەرەکی لە شێوازی کارکردنی ئەم دەزگایەنەدا ئەوەیە ئەو شوناسە کۆمەڵایەتییە تایبەتە لە ئینسان دەسێننەوە کە بەر لە چوونی بۆناو ئەو دەزگایانە ھەڵگریەتی. بۆ نموونە ئەوەی دەچێتە ناو سوپاوە سەری دەتاشرێت، جلی تایبەتی و لێکچووی دەکرێتە بەر، ژیانی رۆژانە و ھەڵسوکەوتەکانی بەشێوەیەکی بەرفراوان ئاراستەدەکرێت و دادەڕێژرێت، خۆشی دەخرێتە ناو سیستمێکی ھیرارکیی ئەمر و نەھیکردنەوە، کە باز بەسەر ئیرادە و حەز و ئارەزووە تاکەکەسییەکانیدا ئەدات. ھەمانشتیش لە دەزگاکانی زیندان و شێتخانە و گروپە دینییە بچووکەکان و ھەندێک لە قوتابخانەکاندا ڕوودەدات.


مەسەلەی سەندنەوەی شوناسی تایبەت لە ئینسان و سەپاندنی شوناسێکی دیکە بەسەریدا بەشێکە لە دیدێکی فراوانتر بۆ کۆمەڵگا وەک سەرزەمینی چەندەھا جیاوازی کۆمەڵایەتی گەورە. لە دیدی ئەم کۆمەڵناسەدا ھیچ کۆمەڵگایەک ھارمۆنی و وێکچوو نییە، بەڵکو ئینسان لە رەوت و ژینگەی جیاوازدا شوناسی جیاوازی ھەیە و بەشێوەی جیاوازیش ھەڵسوکەوت دەکات و دەجوڵێتەوە. ئەوەشی کە دەستنیشانی کاروکردەوە و ھەڵوێستی ڕۆژانەی ئینسانەکان دەکات، کۆمەڵگا نییە وەک گشتێکی گەورە، بەڵکو ئەو سیاق و ناوەندە تایبەتەیە کە تیایاندا ئامادەیە و دەجوڵێت. واتە زۆرجار ئەو دەزگایانەیە کە دەچێتە ناویانەوە.


”دەزگا تۆتاڵەکان“، ئەو دەزگایانەی کە ھەموو کونوقوژبنێکی تایبەتی ھەڵسوکەوتی ئینسان کۆنترۆڵ و چاودێری و ئاراستە دەکەن، ھەوڵئەدەن پێشبینی چۆنیەتی ھەڵسوکەوت و بیرکردنەوەی تاکەکەسەکانیش بکەن. گەر چاوساغان و پاسەوانانی ئەو دەزگایانە ئەو ھەڵسوکەوت و بیرکردنەوەیەیان بە ”خراپ“ یان ”نەشیاو“ پێناسکرد، ئەوا ھەوڵئەدەن ”باش“یبکەنەوە و بیانھێننەوە سەر”ڕێگای ڕاست“. ئیشی ئەم دەزگایانە تەنھا ئەوەنییە کە ھێڵە گشتییەکانی ھەڵسوکەوتی باش و خراپ، شیاو و نەشیاو، ئاسایی و نائاسیی دەستنیشانبکەن، بەڵکو ئەوەشە بە کەس و گروپ و تاقمەکانی ناویان نیشانبدەن پێویستە چیبکەن، چ ڕۆڵێکیان ھەبێت، چۆن خۆیان لەگەڵ یاسا و بەھا و چاوەڕوانیی دەزگاکاندا بگونجێنن. ئەم خۆگونجاندنەش بریتییە لە پرۆسەی بەناوەکیکردنی ئەو یاسا و بەھاو چاوەڕوانیانە، وەکچۆن بە دەزگاییکردنی ئەو شتانەشە. مرۆڤ لێرەدا کەسایتی خۆی لەدەستئەدات و ئەکرێت بەشتێکی تر، زۆرجار بە ڕۆبۆتێک.


ئەم دەزگایانە ئینسانەکان والێدەکەن ببن بە ”سەربازی باش“، بە ”باوەڕداری باش“ یان بە ”نەخۆشی باش“، ”باش“ی ئەمانەش لەوەدایە کە ویست و بەھا و یاسای دەزگاکانیان دەرخکردوە و کردوویانە بە بەشێک لە کەسایەتییان، بە بەشێک لە تێڕوانیان بۆ خۆیان و بۆ ئەو دونیایەی تێیدا دەژین. لەم دەزگایانەدا کەسایەتی بەشداربووەکان وادادەڕێژرێتەوە کە بتوانن خۆیان خۆیان ئیھانەبکەن، خۆیان خۆیان وەک بچووک و گرنگن و بێنرخ ببینن، خۆیان خۆیان وەک نەخۆش و تاوانبار مامەڵەبکەن، ئەگەر بە ویستی دەزگاکان ھەڵسوکەوتیان نەکرد. بەکورتیی، کەش و ھەواو فەزای ناو ئەو دەزگایانە بەشێوەیەکە وابکەن تاکەکەسەکان ھەموو ئەو سیفەت و ئاکارانە وەربگرن و قبووڵبکەن کە ئەو دەزگایانە بۆیان دەستنیشاندەکەن، واتە خۆیان وەک نەخۆش و تاوانبار و بچووک و ئەمر بەسەرداکراوێکی بەردەوام، ببینن.وەک برغویەکی بچووک لەناو ماشێنێکی گەورەدا.
بێگومان ئەندامبوون لەم دەزگایانەدا مەسەلەیەکی خۆبەخش نییە، بۆ نموونە ئەوانەی دەبرێنە زیندان و نەخۆشخانەی دەرونییەوە بە ویستی خۆیان نابرێن، ئەوانەشی دەکرێن بە سەرباز زۆرجار دژ بە ویست و حەزی خۆیان دەکرێن بە سەرباز. بۆیە گەر ئینسان لەسەرەتادا ھەستێکی تایبەت و سەربەخۆی بە شوناسی خۆی ھەبێت، خۆی وەک کەسێکی تایبەت و پۆزەتیڤ و سەربەخۆ ببینێت، یان ھەستبکات ڕۆڵێکی تایبەتی لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا ھەیە، با لە لاوازترین ئاستیشدا بێت، ئەوا ئەم دەزگایانە ئەم ھەستەی تێدا دەکوژن، بەشێوەیەکی پلانرێژکراو ئەم ھەستە لەناودەبەن و ھەستی نوێی تیادا دروستدەکەن. بەم مانایە ئەم دەزگایانە ئینسانەکان لە خودی خۆیان نامۆدەکەن و دەیانکەن بە کەسایەتیی تر، خودیان بەشێوەیەکی تایبەت و بەپێی ویستی دەزگاکە دادەڕێژنەوە.

ھەموو ئەمانە وادەکەن ئینسان ھەست بە بەھای خۆی نەکات، ھەستنەکات کەسێکی سەربەخۆیە، خاوەنی کەسایەتییەکە لەژێر کۆنترۆڵ و ویست و بەھاکانی خۆیدایە. بە پێچەوانەوە ھەستی ئەوەی تیادا بەھێزدەکەن کە لاوازە، پاشکۆیە، وابەستەیە. لە دەرەوەی ئەو دەزگایانەدا اەتوانێت ژیانی خۆی ڕێکبخات و بەڕێوەببات. بوونی ئەو یەکسانە بە بوونی ئەو دەزگایانە. گۆفمان پێوایە دانانی ئەو ئینسانانە لەناو ئەو دەزگا گشتگیرانەدا و دواتر گەڕاندنەوەیان بۆناو ژیانی تایبەتی خۆیان، وەک ئەوە وایە کەسێک لە ناو ڕوبارێکدا کە خەریکە بخنکێت ڕزگاربکەیت و بھێنیتە دەرەوە، دواتر فێری لێخوڕینی پاسکیلی بکەیت و ئینجا بیخەیتەوە ناو ڕووبارەکە. واتە ھەموو ئەوانەی کە دەبرێنە ناو ئەو دەزگا گشتگیرانەوە و لەوێدا سەرلەنوێ دروستدەکرێنەوە، ناتوانن جارێکی تر ژیانێکی ئاسایی بژین. زۆرجار تەسلیمی بەھا و یاسا و خواستەکانی دەزگاکان دەبن تەنانەت دوای بەجێھێشتنی دەزگاکانیش.
ئەوانەی دەزگاکانیش بەڕێوەدەبەن مەسافەیەکی کۆمەڵایەتیی تایبەت لە نێوان خۆیان و نەخۆش و سەرباز و زیندانییەکانی ناو دەزگاکاندا دروستدەکەن، مەسافەیەک تیایدا بەڕێوەبەر و کارمەندانی دەزگاکە خۆیان وەک مرۆڤی ساغ و بەتوانا و خاوەن مەقام پێشنیاردەکەن و ئەوانیتریش وەک نەخۆش، وەک کەسی ژێردەستە و لاواز، کە پێویستە گوێڕایەڵی ئەمر و نەھییەکانی ئەوانبن، وێنادەکەن. تا ئەوەی سەرلەنوێ دروستیاندەکەنەوە. لەم دەزگایانەدا خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو ڕۆڵانەدا کە دەزگاکە بۆ ئینسانەکانی دادەنێت لە ھەمووشتێکی تر گرنگترە، ئینسانی تەندروست ئەو کەسەیە کە خۆی لەگەڵ ویست و داخوازیی و ئیرادەی دەزگاکان و ئەوانەی دەزگاکان بەڕێوەدەبەن، گونجاندوە.

کاکە ئاسۆس،
گومانم لەوە نییە ئەوکەسەی پەلاماری تۆی دا و برینداری کردیت، کەسێکە لە توونە تاریەکانی ئەو دونیایەوە ھاتووە کە باسمکرد. ئەمڕۆکە سەرەکیترین ”دەزگای تۆتاڵ“ لە کۆمەڵگای ئێمەدا حیزبە، حیزبە خەریکە دەبێتە گەورەترین دەزگای گشتگیر لە کۆمەڵگای ئێمەدا و دەیەوێت ئەندامەکانی بەو شێوەیە خۆیان ببینن و پێناسبکەن کە حزیب دەیەوێت و بۆیان دەستنیشاندەکات. ئەخلاق و بیرکردنەوە و بەرخوردیان بەوشێوەیە بگۆڕێت و دابڕێژرێتەوە کە حیزب دەیەوێت، خۆیان و بوونیان لەگەڵ ژیانی حیزب و داواکارییەکانیدا بگونجێنن، ھەموو ئەو حەرام و حەڵاڵانە بەناوەکیی بکەن کە حیزب بە حەڵاڵ و حەرامیان دەزانێت، ھەموو ئەو ئیھانە و بەبچووک و قێزەونکردنانەش قبووڵبفەرموون کە حیزب بەسەریاندا دەسەپێنێت. لەڕاستیدا حیزب لە دونیای ئێمەدا تەنھا دەزگایەکی ئیھانەکەر نییە، بەڵکو تێکشکێنەرێکی گەورەی کەسایەتیشە. مرۆڤ والێدەکات حیزب کێی بووێت پەلاماری بدات و کێی بوێت ئیھانەی بکات. ئەوەی لەگەڵ تۆدا ڕوویدا بەرھەمی ئەو دەستگەڕانە شێوێنەرەی حیزبە بەناو کەسایەتی ئینسانی ئێمەدا.

 

ھەشت ساڵ لەمەوبەر: ٨-١١-٢٠١١

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×