ئەمریكا 150 سەرباز بۆ رۆژئاوای كوردستان دەنێرێت
  2019-09-13       639       

وەزارەتی بەرگری ئەمریكا(پەنتاگۆن) ئامادەكاری دەكات بۆ ناردنی 150 سەرباز بۆ رۆژئاوای كوردستان و باكوری سوریا ئەوەش بە ئامانجی ئەوەی لەگەڵ سەربازانی توركیا دەوریەی هاوبەش لەناوچەكە ئەنجام بدەن.

ئاوێنە: رۆژنامەی نیویۆرك تایمز-ی ئەمریكی، لەهەواڵێكدا باسی لەوە كردوە كە ناردنی هێزی نوێ بۆ سوریا لەچوارچێوەی زنجیرەیەك هەنگاوی سەربازی و دیپلۆماتی ئەمریكادایە كە لەم هەفتەیەی دواییدا گرتونییەتەبەر بۆ هێوركردنەوەی گرژییەكان لەگەڵ توركیا دەربارەی پشتیوانی واشنتۆن بۆ كوردانی سوریا.

بەرپرسە سەربازی و دیپلۆماتییەكانی ئەمریكا رەتیان كردۆتەوە لێدوان لەبارەی ناردنی ئەو ژمارە سەربازەوە بۆ سوریا بدەن، بەڵام بەپێی قسەی بەرپرسانی سوپای ئەمریكا، نیشاندانی رەزامەندی لەسەر ئەم هەنگاوە دەوەستێتە سەر سەركەوتنی یەكەم دەوریەی وشكانی هاوبەشی نێوان ئەمریكا و توركیا.

بەپێی رۆژنامە ئەمریكییەكە، لەئێستادا نزیكەی یەك هەزار سەربازی ئەمریكی لەسوریان كە بەشداری لە پاكتاوكردنی چەكدارانی داعشدا دەكەن.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە توركیا رەخنەی لە دەوریە هاوبەشەكان هەیەو پێی وایە ئەمریكا دەستی دەستی بە ئەنكەرە دەكات سەبارەت بە دامەزراندنی ناوچەیەكی ئارام لە باكوری سوریا.

ئیبراهیم كاڵن، وتەبێژی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا پێشتر رایگەیاندبو، ئەنجامدانی دەوریەی هاوبەش "كارێكی دروستە بەڵام بەس نییە."و هێمای بۆ ئەوەش كردبو كە توركیا پێویستی بە سەرچاوەی تایبەتی خۆی هەیە نەك هەواڵگری ئەمریكا بۆ دڵنیابونەتەوە لەوەی ناوچەیەك ئارامە یان نا.

لەلای خۆیشییەوە مەولود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی توركیا هۆشداری دابو كە دواكەوتنی لابردنی بنكە سەربازییەكانی یەپەگە لەسەر سنور و بەپێچەوانە هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی تاكلایەنەی كردبو دژ بە یەپەگە.

بڕیار وایە ئەو پرسە لەم مانگە لە پەراوێزی كۆبونەوەكانی كۆمەڵی گشتی نەتەوە یەكگرتوەكاندا لەنێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیادا، گفتوگۆی لەبارەوە بكرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×