ئەحمەد داودئۆغلۆ دەست لەكاركێشانەوەی خۆی لە پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتدار راگەیاند
  2019-09-13       1086       

ئەحمەد داودئۆغلۆ، سەرۆك وەزیرانی پێشوتری توركیا، بەڕەسمی دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتدار، راگەیاند.

ئاوێنە: ئەحمەد داودئۆغلۆ، ئەمڕۆ هەینی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە ئەنكەرەی پایتەخت، كە لەگەڵ سێ پەرلەمانتاری پێشو و سەركردە لە پارتی دادو گەشەپێدان بو، رایگەیاند، پلانی دروستكردنی حزبێكی سیاسی نوێی هەیە.

داودئۆغلۆ هێمای بۆ ئەوە كرد كە ماوەی سێ ساڵە "بە بێدەنگی" ماوەتەوەو سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی حزبەكەی قسەی بۆ دەزگاكانی راگەیاندن نەكردوە بەڵكو سەرجەم تێبینی و سەرنجەكانی خۆی بەشێوەی نوسراو و بەزارەكی ئاڕاستەی بەرزترین ئاستەكانی حزب كردوە بەڵام سەرنجەكانی بەهەند وەرنەگیراون.

سەبارەت بە بڕیاری حزبەكەی بۆ ئەوەی بچێتە بەردەم لیژنەی دیسپلین وەك رێگەخۆشكردنێك بۆ دەركردنی، داودئۆغلۆ ئاماژەی بەوەدا كە كەسانێك هەن "نەیانتوانیوە رەخنەكانمان رەتبكەنەوە، بۆیە بڕیاریانداوە بەپەرچەكردارێكی توند لە حزبەكە دورمان بخەنەوە...تۆمەتباریان كردوین بە خیانەت بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەكی راستیان هەبێت."

ئەوەشی خستەڕو؛ پارتی دادو گەشەپێدان، كە لەلایەن تیمێكی بچوكەوە كۆنترۆڵكراوە، چیدی توانای ئەوەی نییە كێشەكانی وڵات چارەسەر بكات. جەختیشی كردەوە"گۆڕانكاریی لەناو خۆی حزبەكەوە چیدی كارێكی لواو نەبو."

دوای ئەوەی داودئۆغلۆ لە چاوپێكەوتنێكدا رەخنەی لە حزبەكەی گرتبو، پارتی دادو گەشەپێدان بڕیاریدا روبەڕوی لیژنەی دیسپلین بكرێتەوە وەك رێگەخۆشكردنێك بۆ دەركردنی لە ریزی حزبەكە.

داودئۆغلۆ، یەكێك بو لە دیارترین كەسایەتییەكانی پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتدار، ژمارەیەك پۆست و پلەی حزبی و حكومی وەرگرتوە، لەوانە وەزارەتی دەرەوە و سەرۆكایەتی وەزیرانی توركیا.

داودئۆغلۆ، كاتێك لەساڵی 2016، لەدوای دو ساڵ پۆستی سەرۆك وەزیرانی بەجێهێشت، بەڵێنیدا بەئاشكرا رەخنە لە ئەردۆغان نەگرێت.

بەڵام بەم دواییانە لە چاوپێكەوتنێكی درێژی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەدوای ئەمڕۆوە چیتر بێدەنگ نابێت سەبارەت بە كەموكوڕی و هەڵەكانی ناو حزبەكەی.

سەرەتای شكاندنی بێدەنگییەكەی داودئۆغلۆ لەمانگی نیسانی ئەمساڵدا بو كاتیك پەیامێكی درێژی بڵاوكردەوەو تێیدا رەخنەی لە ئەردۆغان و حزبەكەی گرتبو.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×