ئەنجامی هەڵبژاردنی رێكخەرو خانەی راپەڕاندنی گۆڕان
  2019-09-14       1454       

ئەمڕۆ شەممە، پڕۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی رێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان لەلایەن جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەكەوە لەسلێمانی بەڕێوەچو و تێیدا عومەر سەید عەلی، بۆ جارێكی دیكە بە رێكخەری گشتی هەڵبژێردرایەوە.

ئاوێنە:عومەر سەید عەلی بە بەدەستهێنانی 28 دەنگی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی بەرامبەر بە 12 دەنگ بۆ شۆڕش حاجی، بە رێكخەری گشتی هەڵبژێردرایەوە.

پڕۆسەی دەنگدانەكە لەنێوان هەندێك لە كاندیدەكاندا كێبڕكێی توندی هێنایە ئاراوە.

یەكێك لە قورسترین كێبڕكێكانی نێو دەنگدانەكە لەنێوان عەدنان عوسمان و زمناكۆ جەلال-دا بو بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سكرتێری كاروباری جڤاتی نیشتمانی كە تێیدا كێبڕكێكە بە 22 دەنگ بەرامبەر بە 21 دەنگ لە بەرژەوەندی عەدنان عوسمان یەكلایی بوەو بەو شێوەیە ناوبراو بوە سكرتێری كاروباری جڤاتی نیشتمانی.

هەروەها جەلال جەوهەر، كا تاكە كاندید بو بۆ سكرتێری کاروباری فراکسیۆنەکان، توانی بە بەدەنگی 33 ئەندامی جڤاتی نیشتمانی پۆستەكە بباتەوەو ببێتە سكرتێری كاروباری فراكسیۆنەكان.

هەرچی سكرتێری كاروباری ژورەکان بۆ دەرباز محەمەد یەكلایی بوەوە ئەویش بە بەدەستهێنانی 24 دەنگ.

سکرتێری کاروباری خەڵکیش كە چەند كاندیدێك هەبون بە بەدەستهێنانی 23 دەنگ بۆ برزۆ مەجید یەكلایی بوەوەو بۆ ئەم پۆستە هەریەكە لە قارەمان قادر 9 دەنگ و مونیرە عوسمان 7 دەنگی بەدەستهێنابو.

قورسترین كێبڕكێی دەنگدانەكە لەنێوان ئاسۆ رەحیم و شەماڵ عەبدولوەفا-دا بو بۆ سكرتێری كاروباری باژێڕەكان كە هەریەكە 21 دەنگیان هێناو بەو هۆیەوە دەنگدان بۆ ئەو پۆستە لەنێوان ئەو دو كاندیدەدا دوبارە كرایەوە. لە خولی دوەمی دەنگدانەكە شەماڵ عەبدولوەفا توانی بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی پۆستی سكرتێری باژێڕەكان بەدەستبهێنێت.

بەو شێوەیەش ئەمڕۆ پێكهاتەی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان بەتەواوی هەڵبژێردران، ئەوەش دوای ئەوەی رۆژی پێنجشەممە جەمال حاجی محەمەد لەلایەن ئەندامانی جڤاتی گشتییەوە، بە سەرۆكی جڤاتی گشتی هەڵبژێردرا.

پێكهاتەی نوێی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان بەم شێوەیە دەبێت:

رێکخەری گشتی؛ عومەر سەید عەلی

سکرتێری کاروباری جڤاتی نیشتیمانی؛ عەدنان عوسمان

سکرتێری کاروباری فراکسیۆنەکان؛ جەلال جەوهەر

سکرتێری کاروباری باژێرەکان؛ شەماڵ عەبدولوەفا

سکرتێری کاروباری ژورەکان؛ دەرباز محەمەد

سکرتێری کاروباری خەڵک؛ برزۆ مەجید

سەرۆکی جڤاتی گشتی؛ جەمال حاجی محەمەد

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×