په‌رله‌مانتارێكی عێراق: ھەولێر زیاتر لەسەد ملیار دۆلار قەرزاری بەغدایە
  2019-09-14       1982       

ئەندامێكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، وتەکانی ئەمدواییەی جوتیارعادل،  وتەبێژی حكومه‌تی ھەرێمی کوردستان لە بارەی قەرزی ٨٠ ملیارد دۆلاریی ھەرێم لە لای حكومه‌تی فیدراڵی عێراق بە ناڕاست ناوبردو وتی ''هەولێر سەد ملیارد دۆلار قەرزاری بەغدایە''.

ئاوێنه‌: عەبدولھادی سەعداوی، ئەندامی لێژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگه‌یاند ''شاره‌زایانی دارایی  ئەوە دەر دەخەن کە کورتھێنانی بوجەی حكومه‌تی فیدراڵی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٠ پتر لە ٧٢ ترلیۆن دینار دەبێت و ئەم کورتھێنانەی بوجەش لە چەند ھۆکارێکەوە سەرچاوە دەگرن کە گرینگترینیان پابەند نەبوونی ھەرێمی کوردستان بە بەڵێنەکانی و ھەروەھا كاره‌كانی «فۆئاد حسەین»ی وەزیری دارایی به‌ پێدانی بەشێک لە پشکی ھەرێم کە دیارە ئەوەش بە پێچەوانەی یاسای بوجەی ٢٠١٩ی حكومه‌تی فیدراڵە''.

ئەم ئەندامەی لێژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وتیشی: ''حكومه‌تی فیدراڵ بەس لە دۆسیەی نەوت دا زیاتر لە ٣٦ ملیارد دۆلاری لای ھەرێمی کوردستانە و ئەم بڕە پارەیەش په‌یوه‌ندیدارە بە ڕەوانەکرانی نەوتی ھەرێم بۆ دەرەوە بەبێ ئاگادار کردنەوەی حكومه‌تی ناوەندی''. 

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد ئەگەر بێین و داھاتە نانەوتییەکانی ھەرێم لە سەرانەو گومرگی  مه‌رزه‌ سنوورییەکان و فرۆكه‌خانه‌كانیش لە داھاتی نەوتەکەی زیاد کەین ئەوا ھەرێم زیاتر لە سەد ملیلرد دۆلار قەرزاری بەغدا دەبێت.

ئەم نوێنەرەی پەرلەمانی عێراق لە درێژەی وتەکانی دا جەختیشی کرد ''سەرباری ئەوەی کە ھەرێمی کوردستان پتر لە ٦٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت ڕەوانەی ھەندەران دەکات، ٢٥٠ ھەزار بەرمیل بەرھەمی نەوتیش لەناوخۆی ھەرێم دا دابەش دەکرێت و ١٧٠ ھەزار بەرمیلیش بۆ دابین کردنی وزەی کارەبا بەکار دێت کە ئەمەش بە تێکڕایی بە واتای ھەڵێنجاندنی زیاتر لە ملیۆنێك بەرمیل نەوتە لە ڕۆژێکدا لە لایەن ھەرێمەوە، کەچی لە ساڵی ٢٠١٤ ھەتاکو ئێستا تەنانەت دینارێکیش لە لایەن ھەرێمی کوردستانەوە ڕەوانەی خەزێنەی دەوڵەتی فیدراڵ نەکراوە''.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×