پۆمبیۆ ئێران تۆمەتبار دەکات بەهێرش کردنە سەر دو کارگەی نەوت لەسعودیە
  2019-09-15       1064       

مایک پۆمبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئێرانی تۆمەتبار کرد بەهێرش کردنە سەر دو كارگەی سەربە كۆمپانیای نەوت و غازی نیشتمانی سعودیەو بەدوری زانی سەرچاوەی ئەو هێرشانە لەیەمەنەوە بوبێت.


ئاوێنە: مایک پۆمبیۆ لەتویتێکدا نوسی "تاران لەپشت١٠٠ هێرشەوەن کە کراوەتە سەر سعودیە، لەکاتێکدا کە روحانی‌و زەریف وا خۆیان دەرئەخەن کە خەریکی کاری دبلۆماسین">
هەروەها نوسیویەتی "ئێستا لەنێو بانگەوازو هەوڵادن بۆ کەمکردنەوەی گرژی‌و ئاڵۆزییەکان بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو هێرش دەکاتە سەر سەرجاوەکانی دابین کردنی وزەی جیهانی، هیچ نیشانەیەکیش لەبەردەستدا نییە کە ئەم هێرشانە لەیەمەنەوە ئەنجام درابن".


بەرەبەیانی دوێنێ شەممە، ئاگر لە دو كارگەی سەربە كۆمپانیای نەوت و غازی نیشتمانی سعودیە لەناوچەی رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە كەوتوە. وەزارەتی ناوخۆی سعودیە رایگەیاند، ئەو دو كارگەیە بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان كراونەتە ئامانج.
وەزارەتی ناوخۆی سعودیە لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، سەعات 4ی بەرەبەیان، تیمە ئەمنییەكانی سەر بە كۆمپانیای نەوت و غازی سعودیە (ئارامكۆ) دەستیان كردوە بە كۆنترۆڵكردنی ئەو ئاگرەی لە دو كارگەی سەربە كۆمپانیاكە لە هەردو پارێزگای "بوقەیق" و "هەجرە خەریس" كەوتۆتەوە.
بەڵام بەیاننامەكە سەرچاوەی هێرشەكانی ناو نەهێناوە.

 

 

 

 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×