نیویۆرک تایمز: کریستاڵ بووەتە هەرەشەیەکی گەورە لەسەر گەنجانی عێراق
  2019-09-15       2368       

رۆژنامەی نیویۆرک تایمز رادەگەیەنێت، ''کریستاڵ بووەتە هەرەشەیەکی گەورە لەسەر گەنجانی عێراق کە ئەم دیاردەیەش لە ئەنجامی نارەحەتی و بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی وڵات سەیردەکرێت''.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ یەکشەممە ١٥ی ئەیلوول ٢٠١٩، رۆژنامەی نیویۆرک تایمز-ی ئەمریکی لە راپۆرتێکیدا ئاماژەی بە پەرەسەندنی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەری کریستاڵ کردووە و رایگەیاندووە ''دواهەمین تەقینەوەی ناڕەحەتی کۆمەڵگا لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ و داگیرکردنی لەلایەن ئەمریکاوە عێراق لە ئێستادا رووبەڕووی هەرەشەی مادەی هۆشبەری کریستاڵ بووەتەوە کە لەنێو گەنجان بە شێوەیەکی بەرچاو بڵاوبووەتەوە و بووەتە هۆی هۆگری زۆریان''.

هاوکات لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ''حوسێن کەریم گەنجێکی عێراقییە. ئەو بۆ مادەی هۆشبەری کریستاڵ ٣ سەیارە و زەوییەکی فرۆشتووە کە ویستوویەتی خانووی لەسەر درووست بکات. ئەو بۆ مادەی هۆشبەر سەدان هەزار دۆلاری خەرجکردووە و حوسێن تەنها یەک گەنجی عێراقییە لەنێوان هەزاران گەنج کە ئاڵوودەی ماددەی کریستاڵ بوونە''.

شایەنی باسە لە راپۆرتەکەدا تیشک خراوەتە سەر ئەوەی ساڵی رابردوو نزیکەی هەزار و ٤٠٠ کەس کە بریتین لە ئاڵودەبوو، بەدەستهێنانی ماددەی هۆشبەر بە رێگەی نایاسایی و فرۆشیارانی کریستاڵ گیراون و ٣ هەزار و ٨٠٠ کەسی دیکەش بەتۆمەتی ماددە هۆشبەرەکان لە زیندانن.

لە راپۆرتەکەدا هەرێمی کوردستانی عێراق ناگرێتەوە و لەسەر دەرەوەی شارەکانی هەرێم نووسراوە لە عێراق.

راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمز دەشڵێت، ''هەرچەندە ژمارەکە بە بەراورد لەگەڵ ژمارەی دانیشتووانی عێراق کە ٣٩ملیۆنە، بەڵام گەورەترین کێشەی هەردوو شاری گەورەی عێراق بەغداد و بەسڕە-یە''.

٧ ساڵ بەر لە ئێستا ئۆفیسی ماددە هۆشبەرەکان و تاوان-ی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندبوو کە عێراق وڵاتی “ترانزێت” دەبینێت، واتە ئەو بڕە ماددە هۆشبەرەی کە هەیە لە دەرەوە هاوردە دەکرێت و دواتر بەرەو وڵاتانی دیکە دەڕوات، بەڵام لە ئێستادا کڕینی ماددەی هۆشبەر بووەتە شتێکی ئاسایی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×