هێرشەكانی سەر دو دامەزراوە نەوتییەكەی سعودیە لەكوێوە ئەنجامدراون؟
  2019-09-15       1833       

میدیایەكی ئەمریكی و میدیایەكی ئیسرائیلی دەڵێن؛ هێرشەكانی دوێنێ بۆ سەر دو دامەزراوەی نەوتیی سعودییە لەڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و لەخاكی عێراقەوە ئەنجام دراون. نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراقیش ئەوە رەتدەكاتەوە.

ئا: ئاوێنە

دوێنێ شەممە وەزارەتی ناوخۆی سعودیە لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، سەعات 4ی بەرەبەیان، دو دامەزراوەی نەوتی سەر بە كۆمپانیای نەوت و غازی سعودیە(ئارامكۆ) لەناوچەی رۆژهەڵاتی وڵاتەكە لەڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە كراونەتە ئامانج.

ئەمڕۆش كەناڵی سی ئێن ئێن-ی ئەمریكی لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگادار لە لێكۆڵینەوە لە هێرشەكانی سەر ئەو دو دامەزراوە نەوتییەی سعودیە، بڵاویكردەوە كە بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان هێرشەكە لەڕێگەی چەند فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانەوە كە لە خاكی عێراقەوە هەڵساون ئەنجامدراوە نەك لە یەمەنەوە.

بەڵام عێراق ئەو هەواڵانەی رەتكردنەوە كە باس لەوە دەكەن خاكی وڵاتەكەی بۆ هێرشكردنە سەر دامەزراوە نەوتییەكانی سعودیە بەكارهێنرابێت.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، عێراق ئەو هەواڵانە رەت دەكاتەوە كە لەلایەن هەندێ سەرچاوە و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بڵاوكراونەتەوە لەبارەی بەكارهێنانی خاكی عێراق بۆ هێرشكردنە سەر دامەزراوە نەوتییەكانی سعویە بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و جەختیش لەسەر پابەندبونی دەستوری دەكاتەوە لەبارەی رێگرتن لە بەكارهێنانی خاكی وڵاتەكەی بۆ هێرشكردنە سەر هەر وڵاتێكی دراوسێ و دۆستەكانی.

وتوشیەتی"حكومەتی عێراق تەئكید لەوە دەكاتەوە كە بەوپەڕی گرنگییەوە بەدواداچون بۆ ئەو بەرەوپێشچونانە دەكات و لەگەڵ دۆستەكانیدا هاوخەمە و ترس و نیگەرانیی خۆی دەخاتەڕو لەوەی كە گرژبونی دۆخەكە و چارەسەری سەربازی دەبێتە هۆی تێكچونی دۆخی مرۆیی و سیاسی و هەڕەشە لە ئەمن و ئاسایشی هەرێمی و نێودەوڵەتی دەكات."

هەروەك لەبەیاننامەكەدا ئاماژە بەوەدراوە كە عێراق دوبارە داوادەكات پرسی یەمەن بەڕێگای ئاشتی چارەسەربكرێت و داواش لە وڵاتانی جیهان دەكات بەتایبەت وڵاتانی ناوچەكە بە بەرپرسیارێتی و دەستپێشخەرییەكانیان سنورێك بۆ ئەو جەنگە دابنێن كە هیچ كەس براوە نییە تێیداو هیچ شتێكی لەوەبەر نایەت جگە لە زیانی گیانی مرۆیی گەورە.

مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئێرانی تۆمەتبار كردبو بەوەی كە لەپشت هێرشەكانی سەر دو دامەزراوەكەی سعودیەوەوەیە بەڵام ئێران ئەوەی رەتكردەوە.

مایک پۆمبیۆ لەتویتێکدا نوسیبوی"تاران لەپشت١٠٠ هێرشەوەن کە کراوەتە سەر سعودیە، لەکاتێکدا کە روحانی‌و زەریف وا خۆیان دەرئەخەن کە خەریکی کاری دبلۆماسین."

هەروەها نوسیبوی"ئێستا لەمیانی ئەو بانگەوازو هەوڵانەی بۆ کەمکردنەوەی گرژی‌و ئاڵۆزییەکان هەن بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو هێرش دەکاتە سەر سەرجاوەکانی دابین کردنی وزەی جیهانی، هیچ بەڵگەیەكیش لەبەردەستدا نییە کە ئەم هێرشانە لەیەمەنەوە ئەنجام درابن."

وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف، ئەمڕۆ یەكشەممە لە تویتێكدا نوسیبوی "دوای ئەوەی پۆمپیۆ شكستی هێنا لە سیاسەتی گەورەترین گوشاردا، دەستی كردوە بە سیاسەتی گەورەترین چەواشەكاری."

هەر ئەمڕۆش یەكەشممە، عەباس موسەوی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە لێدوانێكدا بۆ تەلەفزیۆنی رەسمی وڵاتەی ئەو تۆمەتانەی ئەمریكا بە "تۆمەتی پڕوپوچ" ناوبرد.

دوابەدوای ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، ماڵپەڕێكی ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشی سەر دو دامەزراوە نەوتییەكەی سعودیە بە دەیان فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئێرانی ئەنجامدراون و هێرشەكەشی بە "بەرفراوانترین هێرشەكانی ئێران بۆ سەر ئامانجە نەوتییەكان لە كەنداو" ناوبردوە لەماوەی پێنج مانگی رابردوی تەنگژەكانی كەنداودا.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە "فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان لە بنكە سەربازییەكانی گروپە چەكدارەكانی سەربە ئێرانەوە لە باشوری عێراق هەڵساون و ماوەی نێوان ئەو بنكە سەربازییانە و دو دامەزراوە نەوتییەكەی سعودییە تەنها كەمێك لە 800 كیلۆمەتر زیاترە."

ئەوەش لەكاتێكدایە كە دوێنێ گروپی "ئەنساروڵا"ی سەر بە حوسییەكانی یەمەن، بەرپرسیارێتی هێرشەكەی سەر ئەو دو دامەزراوە نەوتییەی سعودیەی لە ئەستۆ گرت.

دوێنی هاوپەیمانی عەرەبی بە سەرۆكایەتی سعودیە رایگەیاندبو، دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردوە بۆ ئەوەی سەرچاوەی ئەو هێرشانە بزانن.


زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
بافڵ تاڵەبانی: هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەوادەی خۆیدا دەكرێت
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د: هیچ هێزێكى ئۆپۆزسیۆنى ئێرانى‌و توركى لاى ئێمه‌ تیرۆریست نین
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
مەسعود بارزانی: ناكرێ لەو وادەیەی دیاریكراوە "هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد" بەڕێوەبچێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
وتەبێژی وەزارەتی دارایی: دەستمان بە رێککارەکانی پلەبەرزکردنەوە کردوە
وەزیری نەوتی عێراق: داوامان لە حكومەتی هەرێم كردوە نەوت رادەستی سۆمۆ بكەن بۆ هەناردەكردنی
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×