2019-09-16   492     
به‌ڕێوه‌به‌ری هاتوچۆی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه رایگه‌یاند ''ئه‌مڕۆ ده‌ستده‌كرێت به فرۆشتنی ژماره تایبه‌ته‌كانی تابلۆكانی هه‌ڵه‌بجه و نرخی ژماره (1) له یه‌ك ملیار دیناره‌وه ده‌ستپێده‌كات''.
ئاوێنه: راگه‌یاندنی هاتووچۆی سلێمانی له زاری عه‌مید حسێن عه‌بدوڵا به‌ڕێوه‌به‌ری هاتووچۆی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه بڵاویكرده‌وه ''ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 16ی ئه‌یلولی 2019 پرۆسه‌ی فرۆشتنی ژماره تایبه‌ته‌كانی تابلۆكانی هه‌ڵه‌بجه به زیادكردنی ئاشكرا ده‌ستپێده‌كات''.
عه‌مید حسێن عه‌بدوڵا به‌ڕێوه‌به‌ری هاتووچۆی هه‌ڵه‌بجه ده‌ڵێت "ئه‌و داهاته‌ی له فرۆشتنی ژماره تایبه‌ته‌كانی هه‌ڵه‌بجه ده‌ستمان ده‌كه‌وێت، سه‌دا 80ی بۆ پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری شاره‌كه و سه‌دا 20یشی بۆ بواری هاتوچۆی هه‌ڵه‌بجه ده‌بێت".
وتیشی: "ژماره 1988 نافرۆشین و له مۆنۆمێنتی هه‌ڵه‌بجه دایده‌نێین، چونكه ئه‌و ژماره‌یه ئاماژه‌یه به‌ساڵیادی كیمیابارانكردنی شاره‌كه".
عه‌مید حسێن ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه "ئه‌مڕۆ ته‌نها ژماره (1-9) ده‌خرێته فرۆشتنی زیادكراوه، له رۆژانی ئاینده‌شدا ژماره (10-99) ده‌فرۆشرێت".
سه‌باره‌ت به‌نرخی ژماره‌كانیش، عه‌مید حسێن عه‌بدوڵلا ئاشكرایكرد كه " نرخی ژماره (1) له یه‌ك ملیاره‌وه ده‌ستپێده‌كات، ژماره (2-9) له 600 ملیۆن دیناره‌وه ده‌ستپێده‌كات".