جەمیل بایک: ئەمریکاو روسیا لەسەر حسابی بەرژەوەندیەکانی کورد مامەڵە لەگەڵ تورکیا دەکەن
  2019-09-16       1175       

جەمیل بایک، ئاماژە بەوە دەکات پێویستە روسیاو ئەمریکا بەرژەوەندیى خۆیان لەسەر سەری کورد بەڕێوەنەبەن‌و کورد نەکەن بەقوربانی‌و لەسەر قوربانیکردنى کورد هەندێک بەرژەوەندی لەتورکیا بەدەست نەخەن، ئەو دەڵێت "ئەمریکاو روسیا لەسەر حسابی بەرژەوەندیەکانی کورد مامەڵە لەگەڵ تورکیا دەکەن".


ئاوێنە: جەمیل بایک، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بەئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) راگەیاند هەر چۆن لەکۆتایى عوسمانیدا هەندێک لەدەوڵەتەکان خواستیان لەلاوازیى عوسمانی ئەنجامێک بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەدەستبهێنن، هەندێک یارمەتییان دەدان و زۆر شتیان بەدەستدەهێنا، ئێستاش روسیاو ئەمریکا ئەو کارە دەکەن، هەردوکیشیان دەزانن ئەردۆغان – باخچەلی لاوازن‌و لاوازییەکەشیان بەهۆی کوردەوەیەو بۆ ئەوەش کێشەى کورد زەق دەکەنەوەو ئەردۆغان – باخچەلیش یەکڕاست داواکانیان قبوڵ دەکەن.
بایک دەڵێت " بۆ ئەوەى کورد نەبێت بەخاوەن پێگەیەک، بەمافێک نەگات، چی لەتورکیا هەیە دەیفرۆشن‌و ئیتر هیچیشیان بۆ فرۆشتن نەماوە. تاوەکو ئێستا فرۆشتیان‌ فرۆشتیان‌و فرۆشتیان، بۆیە ئیدی هیچیان بەدەستەوە نەماوە بیفرۆشن. لەبەر ئەوەش تەنگاو بون".
دەشڵێت "پێویستە روسیاو ئەمریکاش بەرژەوەندیى خۆیان لەسەر سەری کورد بەڕێوەنەبەن‌و کورد نەکەن بەقوربانی و لەسەر قوربانیکردنى کورد هەندێک بەرژەوەندی بەدەست نەخەن. ئێمە لە دژی بەرژەوەندیی ئەوان نین. دەتوانن بەرژەوەندیى خۆیان بپارێزن و  دەتوانن لە تورکیا هەندێک شت بەدەست بهێنن و ئەو ئیمکان و توانایەیان هەیە، بەڵام دەبێت ئەوە لەسەر قوربانیکردنی کوردان نەبێت. کوردیش پێویستە لەو راستییە تێبگات، کە ئەمریکا و رووسیا لەسەر کورد پەیوەندیى لەگەڵ تورکیا دروست دەکەن و یارمەتیى تورکیا دەدەن. تورکیاش ئەو بوێرییە وەردەگرێت، کە ئەو هەڕەشانە بکات و هەنگاو بنێت".
بایک جەغت لەوە دەکات ئەگەر روسیاو ئەمەریکا هاوکاریى تورکیا نەکەن و تورکیا هان نەدەن تورکیا ناتوانێت ئەو هەڕەشانە بکات. ناتوانێت هەنگاوێک بنێت. ئەو هەنگاوانەى ناونی لەسەرەتاوە لەسوریا تاوەکو ئەمڕۆ بەهۆی هێزی خۆییەوە نەیناوە. لە پشت هەموو هەنگاوەکانییەوە ئەو دەوڵەتانە بوونیان هەیە کە تورکیا بۆ بەرژەوەندیى خۆیان بەکار دەهێنن و لەوەش ئەنجام و سوود وەردەگرن.
بایک دەڵێت "ئەو سیاسەتە بەسەر گەلەمانەوە بەڕێوەدەبەن، بۆیە پێویستە گەلەکەمان خۆی نەکاتە قوربانی و نەچێتە خزمەتیانەوە. لێرەدا پێویستە سیاستى راست و دروست بۆ خۆیان بەڕێوەببەن. ئەگەر ئەوان دۆستایەتى دەکەن ئەوا دەبێت دۆستایەتییەکەیان بەشێوەیەکى راست و دروست بێت. نەک بە ناوی دۆستایەتییەوە دوژمنایەتى بکەن. دەمەوێت گەلەکەمان لێرەدا هۆشیار بکەمەوە، دەبێت خاوەنداری لە خۆیان بکەن".
دەشڵێت "لەئیدلبیش تورکیا زۆر تەنگاو بووە. دیار تەنگاوتریش دەبێت. بۆ ئەوەى تەنگاوبوونی خۆی لە ئیدلب بشارێتەوە ئەگەری ئەوە هەیە ئیدلب بفرۆشێت. دەیفرۆشێت و لە بەرامبەر ئەوەدا دەیەوێت لە باکووری سوریا هەندێک شت بەدەست بهێنێت. ئەوە ئەگەرێکى زۆر بەهێزە. دەبێت گەلەکەمان ئەوە بە باشی ببینێت و بیزانێت، گەلی باکووری سوریا دەبێت ئەوە بە باشی ببینێت و رێگا بەوە نەدات و رێگا نەدات کڕین و فرۆشتنی لەو شێوەیە ئەنجام بدرێت. ئەگەر رێگا بە تورکیا نەدرێت ئەوا ناتوانێت لە ئیدلبیش بمێنێتەوە، لە عەفرین، عەزاز، جەرابلوس و باب-یش ناتوانێت بمێنێتەوە. ناشتوانێت لە دژی باکووری سوریایش هەنگاوێک بنێت. ئەوەش کۆتایى بە داگیرکەرییەکەیان دەهێنێت. ئەوەش لە تورکیا کۆتایى بە فاشیزم دەهێنێت و رێگا بۆ دیموکراتیک بوون دەکاتەوە. لە تورکیا بابەتى بە دیموکراسیکردن تەنها ئەرکی گەلی تورکیایە نییە، بەڵکو هاوکات ئەرکی گەلی سوریاشە".

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×