ترامپ: ئەمەریکا ئامادەیە بۆ جوڵەی سەربازیی دژ بەوانەی هێرشیان كردە سەر نەوتی سعودیە
  2019-09-16       1285       
ترامپ هەڕەشە دەكات كە بەپێی بەڵگەكان دەزانن كێ‌ هێرشی سەربازی دژ بەدو كارگەی نەوتی سعودیە ئەنجامداوە، ئەو دەڵێت "چاوەڕوانی ئاشكراكردنیانین لەلایەن سعودییەوە بۆ ئەوەی هێرشی سەربازییان لەدژ ئەنجام بدەین".

ئاوێنە: دۆنالد ترامپ، سەرۆكی ئەمەریكا لەیەكەمین كاردانەوەیدا بەرامبەر بەهێرشی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان بۆ سەر دو كارگەی نەوت لەسعودیە، لەتویتێكدا رایگەیاند "بەپێی ئەو بەڵگانەی هەن دەتوانین ئەنجامدەرانی ئەم هێرشانە بناسینەوە، ئەمەریكا تەواو ئامادەی كاری سەربازییە لەدژی بكەرانی ئەم هێرشانەو تەنها چاوەڕوانی پشتڕاستكردنەوەیین لەلایەن سعودییەوە تا دەرهەق بەئەنجامدەرانی لەكات‌و ساتی گونجاودا هەنگاو بنێین".
ئەمە لەكاتێكدایە كە سەرچاوە هەواڵگرییەكانی ئەمەریكا بەرپرسیاریەتی ئەم هێرشە بۆ سەر كارگە نەوتییەكانی سعودیە دەخەنە ئەستۆی ئێرانەوە.
ئەمەریكا لەڕێگەی بڵاوكردنەوەی وێنەی مانگە دەستكردەكانیەوە دەریخستوە كە ئێران دەستی هەبوە لەهێرش كردنە سەر دو كارگەی بوقەیق‌و خەریس لەسعودیە.
سەرچاوزە هەواڵگرییەكانی ئەمەریكا بەدوری دەزانن كە ئەم هێرشانە لەلایەن حوسییەكانی یەمەنەوە كرابێتنە سەر سعودیە.
بەدوای ئەم هێرشانەشدا، مایک پۆمبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئێرانی تۆمەتبار کرد بەهێرش کردنە سەر دو كارگەی سەر بەكۆمپانیای نەوت و غازی نیشتمانی سعودیەو بەدوری زانی سەرچاوەی ئەو هێرشانە لەیەمەنەوە بوبێت.
بەرەبەیانی شەممەی رابردو، ئاگر لە دو كارگەی سەربە كۆمپانیای نەوت و غازی نیشتمانی سعودیە لەناوچەی رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە كەوتەوە. وەزارەتی ناوخۆی سعودیە رایگەیاند، ئەو دو كارگەیە بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان كراونەتە ئامانج.
وەزارەتی ناوخۆی سعودیە لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، سەعات 4ی بەرەبەیان، تیمە ئەمنییەكانی سەر بە كۆمپانیای نەوت و غازی سعودیە (ئارامكۆ) دەستیان كردوە بە كۆنترۆڵكردنی ئەو ئاگرەی لە دو كارگەی سەربە كۆمپانیاكە لە هەردو پارێزگای "بوقەیق" و "هەجرە خەریس" كەوتۆتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×