هاوپەیمانی عەرەبی بەسەرۆكایەتی سعودیە: هێرشی سەر دامەزراوە نەوتییەكان بە چەكی ئێرانی كراوە
  2019-09-16       1382       
توركی مالیكی، وتەبیژی "هاوپەیمانی عەرەبی" بە سەرۆكایەتی سعودیە

وتەبێژژی ئەو هاوپەیمانییە سەربازییەی كە سعودیە دژ بە حوسییەكانی یەمەن سەرۆكایەتی دەكات، ئەمڕۆ دوشەممە، رایگەیاند، ئاماژە سەرەتاییەكان دەریدەخەن ئەو هێرشەی رۆژی شەممە كرایە سەر دو دامەزراوەی نەوتی سعودیە، بە چەكی ئێرانی ئەنجام دراون و هێرشەكانیش لە یەمەن-ەوە سەرچاوەیان نەگرتوە.

ئاوێنە: توركی مالیكی، وتەبیژی "هاوپەیمانی عەرەبی" بە سەرۆكایەتی سعودیە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە "ریاز"ی پایتەختی ئەو وڵاتە رایگەیاند"لێكۆڵینەوە كراوەو بەردەوامیش دەبین لە لێكۆڵینەوە لەگەڵ لایەنە پسپۆڕەكاندا، تەواوی ئاماژەو بەڵگەكانی تایبەت بە هێرشەكان و ئەو چەكانەی بەكارهاتوە، بەشێوەیەكی سەرەتایی دەریدەخەن كە ئەو چەكانە، چەكی ئێرانین، ئێمە كاردەكەین بۆ كۆتاییهێنان بە لێكۆڵینەوەكان."

هێمای بۆ ئەوەش كرد كە سەرچاوەی هێرشی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان یەمەن نەبوە و وتبشی"لەئێستادا كاردەكەین بۆ دیاریكردنی ئەو شوێنەی كە سەرچاوەی هێرشەكان بوە."

بەرەبەیانی رۆژی شەممە، هێرش كرایە سەر دو دامەزراوەی نەوتی سەر بە كۆمپانیای ئارامكۆی سعودیە لەناوچەكانی "بەقیق"و "خەریس" لەرۆژهەڵاتی سعودیە.

هەمان رۆژ سعودیە رایگەیاندبو كە هێرشەكان لەڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە ئەنجامدراون.

هەر هەمان رۆژ گروپی "ئەنساروڵا"ی سەر بە حوسییەكانی یەمەن بەرپرسیارێتی هێرشەكەی لەئەستۆ گرت.

دواتر مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئێرانی تۆمەتباركرد بە ئەنجامدانی ئەو هێرشە بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەكانی سعودیەو بەدوریشی زانی سەرچاوەی هێرشەكە لە یەمەن-ەوە بوبێت. بەڵام ئێران ئەو تۆمەتانەی بە "پڕو پوچ" ناوبرد.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×