ئەردۆغان: دەمانەوێت ناوچەی ئارام بەقوڵایی 30 كیلۆمەتر بۆ ئاوارە سورییەكان دروست بكەین
  2019-09-16       1037       

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند، وڵاتەكەی دەیەوێت لە باكوری رۆژهەڵاتی سوریا ناوچەیەكی ئارام بەدرێژایی 450 كیلۆمەتر و بەقوڵایی 30 كیلۆمەتر بۆ ئەو ئاوارە سوریانە دروست بكات كە ئێستا لە توركیان.

ئاوێنە: ئەو قسانەی ئەردۆغان، ئەمڕۆ دوشەممە، لەئەنكەرە دوای كۆتاییهاتنی لوتكەی سێقۆڵی سەرانی روسیاو توركیاو ئێران هاتن، لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ پوتین و رۆحانی.

ئەردۆغان دوبارە هەڕەشەی لە رۆژئاوای كوردستان كردو یەكینەكانی پاراستنی گەل(یەپەگە)ی بە "گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر ئایندەی سوریا" ناوبردو وتیشی؛ ئامانجی ئێمە دروستكردنی رێڕەوێكی ئاشتییە لە باكوری سوریا.

ئەردۆغان وتی"گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر ئایندەی سوریا گروپی یەپەگەیە. ئامانجی كۆتایی ئێمە دروستكردنی رێڕەوێكی ئاشتییە لە باكوری سوریا بۆ بەرگرتن لە دابەشكردنی ئەو وڵاتە."

هێمای بۆ ئەوەش كرد كە لە كۆبونەوەكەدا ئەوەیان خستۆتەڕو كە پشتیوانیكردن لە گروپە "تیرۆریستییەكان" بە بیانوی شەڕی دژبە داعش قبوڵكراو نییە.

ئەوەشی خستەڕو كە لەگەڵ پوتین و رۆحانی تاوتوێی ئەو ناوچە ئارامەیان كردوە كە توركیا دەیەوێت لە باكوری رۆژهەڵاتی سوریا بە درێژایی 450 كیلۆمەتر و بەقوڵایی 30 كیلۆمەتر دروست بكرێت و لەوێ شوێنی نیشتەجێبون و قوتابخانەو خزمەتگوزاری بۆ ئاوارە سورییەكانی نیشتەجێی توركیا دروست بكرێت.

لای خۆیشییەوە سەرۆكی روسیا، زڤیلادیمێر پوتین رایگەیاند، ئیدلب لەدەستی رێكخراوە تیرۆریستییەكانی سەربە رێكخراوی قاعیدەدایە و لەگەڵ توركیاو ئێران بڕیارمانداوە بەردەوام بین لە دژایەتی تیرۆر لەو ناوچەیە.

هێمای بۆ ئەوەش كرد كە وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لەسەر هاوكاریكردنی سوپای سوریا لە ئۆپەراسیۆنەكانیدا دژ بە هەڕەشەكانی تیرۆر لەهەر شوێنێك بن.

حەسەن رۆحانی، سەرۆك كۆماری ئێرانیش رایگەیاند، وڵاتەكەی سورە لەسەر ئەوەی كە دەبێت هێزەكانی ئەمریكا لەنزیك كاتدا سوریا بەجێبهێڵن و دەسەڵاتی سوریا بگەڕێتەوە بۆ رۆژهەڵاتی فوڕات.

ئەوەشی خستەڕو كە بونی هێزەكانی ئەمریكا لەو ناوچەیەی سوریا نایاسایی و هەڕەشەیە بۆ سەر یەكپارچەیی و سەروەریی سوریا.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×