ناردنی موچەی پێشمەرگەو فەرمانبەرانی هەرێم لەبودجەی عێراق پەسەندكرا
  2019-01-23       1267       

كۆبونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2019ی عێراق بەردەوامەو تا ئێستاش 13 مادە لە كۆی 51 مادەی پرۆژە یاساكە پەسەندكراون لەنێویشیاندا مادەی 10ی پرۆژە یاساكە كە تایبەت پشكی هەرێمی كوردستان و موچەی فەرمانبەرانی هەرێم  و پێشمەرگە. 

ئاوێنە: ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەپەرلەمانی عێراق كە بەشێك لە ئەندامانی فراكسیۆنەكەی تێیدا ئامادەبون رایگەیاند؛ بەهەوڵی سەرجەم نوێنەرانی كورد لەهەمو فراكسیۆنە كوردییەكان توانیمان مادەی 10ی یاسای بودجەی گشتی تێپەڕێنن و دەنگی لەسەر بدرێت.

هێمای بۆ ئەوەش كرد كە لە مادەكەدا گەرەنتی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و تەرخانكراوە داراییەكانی پێشمەرگە لەسەر تەرخانكراوە داراییەكانی بەرگری عێراق كراوە.

وتیشی"ئەوەش دەستكەوتێكی گەورەو بەرهەمداری نوێنەرانی كوردە لەسەرجەم فراكسیۆنەكان."

 

 

لەلای خۆیشییەوە بەختیار شاوەیس، پەرلەمانتاری یەكێتی لەپەرلەمانی عێراق لەهەژماری خۆی لە فەیسبوك رایگەیاند كە پشكی هەرێمی كوردستان لەبودجە جێگیركراو بڕگەی ج-ی مادەی 10 یاساكە دەنگی هێنا. 

وتوشیەتی"سوپاس بۆ خوا ماندوبونی دو مانگمان بەرهەمی دەبێت."

جەختیشی كردۆتەوە"ده‌بێت حكومه‌تی عێراق موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و پێشمه‌رگه‌ بنێرێت ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم نه‌وتیش ته‌سلیم نه‌كات."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×