روسیاو توركیاو ئێران له‌سه‌ر نوسینه‌وه‌ی‌ ده‌ستوری‌ نوێی‌ سوریا رێككه‌وتن
  2019-09-17       751       
روحانی‌، ئه‌ردۆغان، پوتن
له‌كۆبونه‌وه‌ی‌ لوتكه‌ی‌ سه‌رۆكانی‌ روسیاو توركیاو ئێران رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌ندامانی‌ لیژنه‌ی‌ نوسینه‌وه‌ی‌ ده‌ستوری‌ نوێی‌ سوریا كراو جه‌ختیان له‌سه‌روه‌ری‌و سه‌ربه‌خۆیی‌و یه‌كپارچه‌یی خاكی سوریا كرده‌وه‌.

ئاوێنه‌: ماوه‌ی‌ دو رۆژه‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ لوتكه‌ی‌ ڤیلادیمێر پوتین سەرۆكی روسیاو رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیاو حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران له‌ئه‌نكه‌ره‌ به‌رێوه‌چو.

به‌پێی‌ راگه‌یه‌ندراوی‌ كۆتایی كۆبونه‌وه‌كه‌، هه‌رسێ سه‌رۆك لیستی ناوی ئه‌و كه‌سانه‌یان ئاماده‌كردووه‌ كه‌ به‌شداری دەکەن له‌لیژنه‌ی داڕشتنی ده‌ستوری سوریا.

حەسەن روحانی سه‌باره‌ت به‌لیژنه‌ی داڕشتنی ده‌ستور له‌سوریا وتی، ''هیوادارین هەرچی زووه‌ دەست بەکارەکانیان بكه‌ن‌و دەستور دابڕێژن".

هاوكات ڤلادیمیر پوتین رایگه‌یاند، "دیپلۆماتەکانمان لەئەنجامی کاری ورد لیسته‌كه‌یان پێکھێناوەو كاری پێویستیان له‌باره‌وه‌ ئه‌نجامدا. لیسته‌كه‌ش پەسند کراوە".

لای‌ خۆیه‌وه‌ رەجەب تەیب ئه‌ردۆغان ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ بڕیاری گرنگ دراوه‌ كه‌ ئومێدی چاره‌سه‌ری سیاسیی له‌سوریا ده‌گه‌شێننه‌وه‌و وتی، "كاره‌كانی لیژنه‌كه‌ له‌جنێڤ به‌خێرایی ده‌ستپێده‌كات. ده‌توانم بڵێم ئاسته‌نگ نه‌ماوه‌".

له‌راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا جه‌ختكراوه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر سه‌روه‌ری‌و سه‌ربه‌خۆیی‌و یه‌كپارچه‌یی خاكی سوریاو بنه‌ماكانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان.

هاوكات ئه‌ردۆغان‌و روحانی‌و پوتین رایانگه‌یاند، رێگه‌چاره‌ی سه‌ربازیی چاره‌سه‌ری کێشەی سوریا ناكات‌و ته‌نها به‌پێشه‌نگیی سورییه‌كان‌و له‌رێگه‌ی سیاسیی كه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان كارئاسانی بۆ بكات ده‌توانرێت كۆتایی پێ بهێنرێت.

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×