وەزیری پلاندانان: بۆ چارەسەركردنی كێشەی بودجە ھەولێرو بەغدا نزیكن لەرێككەوتن
  2019-09-17       1142       
دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی حكومەتی ھەرێم

وەزیری پلاندانانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان ئاشكرای‌ ده‌كات كه‌ بۆ چارەسەركردنی كێشەی بودجە حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و حكومه‌تی‌ ناوه‌ند نزیكن لەرێككەوتن.

ئاوێنه‌: دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی حكومەتی ھەرێم له‌لێدوانێكی‌ رۆژنامه‌وانیدا رایگەیاند، "لەساڵی 2020 نزیك دەبینەوەو هەمو كۆبونەوەكانیش بۆئەوەیە كە بتوانین لەبودجەی ساڵی 2020 كێشەكان چارەسەر بكرێن بەتەواوی بۆئەوەی بگەین بەرێكەوتن، خۆشبەختانە نزیكبونەوەی زۆرباش هەیە لەنێوان هەردولا بەشێوەیەك لەبودجەی ساڵی 2019 رێكەوتنێك هەبو لەنێوانمان‌و كێشە لە 250 هەزار بەرمیل نەوتەكە بو هەرێم نەوتەكەی نەناردو بەغداش پارەكەی بەزیادەوە رەوانەكرد."

وتیشی‌، ،"هەر لەسەرەتایی كابینەی نۆیەم هەرێم جدی بو لەسەر ئەوەی لەگەڵ بەغداد بگات بەچارەسەر كە لەیەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران‌و دواتر وەفدێكی باڵا بەسەرۆكایەتی سەرۆكی حكومەت‌و جێگری سەرۆكی حكومەت سەردانی بەغدایان كردو نیەت پاكی خۆمانی نیشاند بۆیان كە وەك حكومەتی هەرێم ئامادەین بۆ رێكەوتن".

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، د. به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عێراق به‌یاوه‌ری فوئاد حوسێن، وه‌زیری دارایی عێراق گه‌یشتنه‌ هه‌ولێرو دواتر  فوئاد حوسێن، وه‌زیری دارایی عێراق له‌گه‌ڵ ئاوات جه‌ناب، وه‌زیری دارایی‌و دارا ره‌شید، وه‌زیری پلاندانانی هه‌رێمی كوردستان كۆبوه‌وه‌.

دوای‌ كۆبونه‌وه‌كه‌، جوتیار عادل، وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، له‌كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆدا كه‌شێكی ئه‌رێنی هه‌بووه‌و هه‌مو هه‌وڵه‌كانیش بۆ ئه‌وه‌یه‌ بگه‌نه‌ چاره‌سه‌رێكی هاوبه‌شی گونجاو له‌سه‌ر پرسه‌كان.

راشیگه‌یاند، هه‌وڵه‌كان چڕكراونه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه‌ چاره‌سه‌رێكی هاوبه‌ش له‌باره‌ی پرسه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان هه‌ولێرو به‌غدا.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×