رۆحانی: كردنە ئامانجی دامەزراوە نەوتییەكانی سعودیە هۆشدارییەك بو
  2019-09-18       897       

حەسەن رۆحانی، سەرۆك كۆماری ئێران، ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، یەمەنییەكان لە هێرشەكەیاندا بۆ سەر كۆمپانیای نەوتی سعودیە(ئارامكۆ)، قوتابخانە یاخود نەخۆشخانەیان نەكردۆتە ئامانج بەڵكو گورزیان لە ناوەندێكی پیشەسازی وەشاندوە.

ئاوێنە: حەسەن رۆحانی لەمیانی كۆبونەوەی حكومەتی ئێران، رایگەیاند، هێرشی یەمەنییەكان بە كردنە ئامانجی ناوەندە پیشەسازییەكانی ئارامكۆ، هۆشدارییەك بوە.

ئاماژەی بەوەشدا كە یەمەنییەكان دەستپێشخەری شەڕ نەبو، بەڵكو ئەوە سعودیەو ئیمارات و ئەمریكا و ئیسرائیل بون دەستیان بە شەڕ دژ بە یەمەن كردو وێرانیان كرد.

رۆحانی رەخنەی لەهاتنە دەنگی وڵاتان لەسەر هێرشەكەی سەر دامەزراوە نەوتییەكانی سعودیە گرت لەكاتێكدا بەقسەی ئەو، وڵاتانی جیهان بێدەنگ بون بەرامبەر بە كوژرانی یەمەنییەكان و پڕكردنی ناوچەكە بە چەك لەلایەن ئەمریكاوەو وتی؛ هێرشەكەی سەر ئارامكۆ، پەرچەكرداری یەمەنییەكان بو دژ بە بۆردومانكردنی وڵاتەكەیان.

سەرۆك كۆماری ئێران راشیگەیاند، تۆمەتباركردنی تاران بە ئەنجامدانی هێرشەكەی سەر دامەزراوە نەوتییەكانی سعودیە بەشێكە لە سیاسەتی گوشاری توند دژ بە ئێمە ئەگەرنا هیچ بنەمایەكی راستی تێدا نییە.

جەختیشی كردەوە كە دانوستان لەگەڵ واشنتۆن لەسایەی ئەو گوشارە توندانەدا، لواو نییە و پێداگریشی لەوە كرد كە تاران هیچ نیشانەیەكی راستگۆیی واشنتۆن لە داواكانیدا بۆ گفتوگۆ نابینێت. 

حەسەن رۆحانی دوپاتیكردەوە كە وڵاتەكەی هەڵایسانی شەڕی لەناوچەكە ناوێت و جەختیشی كردەوە كە ئێران هەوڵی دامەزراندنی پەیوەندی باش لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی دراوسێی دەدات.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×