هەپەگە كوژرانی حەوت سەربازی توركیای راگەیاند
  2019-09-19       579       

هەپەگە رایگەیاند، لەئەنجامی چەند چالاكییەكی گەریلادا لە باكورو باشوری كوردستان حەوت سەربازی توركیا كوژراون و ژمارەیەكیش برینداربون. شەهیدبونی ژمارەیەك گەریلاش رادەگەیەنێت.

ئاوێنە: ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، رۆژی ۱۷ی ئەیلول لە بەرزایی "هێلز"ی هەرێمی "هەفتانین"ی سەر بە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا، گەریلا لە هێزەکانی دوژمنی داوە کە سەرقاڵی دروستکردنی ڕێگابون و لە ئاکامدا گورز لە بلدۆزەێک دراوە و یەك سەرباز کوژراوە.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە لە ڕێککەوتی ۱۸ی ئەیلول، هێزەکانیان لە ملەی "شەهید مەروان" لە هەمان ناوچە چالاکیان لەدژی دوژمن ئەنجام داوە و بەهۆیەوە یەك سەرباز کوژراوە.

ئەوەشی خستۆتەڕو كە لە ڕێککەوتی ۱۸ی ئەیلول، لە "گرێ شکیف"ی هەرێمی خنێرە گەریلاکانیان لە دژی هێزەکانی ڕژێمی تورکیا چالاکیان ئەنجامداوە و لە ئاکامیدا گوزری قورسیان لێدراوە و هێندەی ڕون بوەتەوە لەو چالاكییەدا سێ سەرباز کوژراون و دو سەربازی دیکەش بریندار بون.

بەپێی بەیاننامەكە لە ڕێککەوتی ۱۹ی ئەیلول، لە ملەی "شەهید بۆتان"ی سەر بەهەرێمی خواکورک سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنی بەرفراوانی بەڕێوەبردوە و گەریلاش لە دژیان چالاکی ئەنجام داوە. لەو چالاکییەشدا هێندەی زانراوە  یەك سەرباز کوژراوە.

ئاماژەی بەوەشداوە كە لە ڕێککەوتی ۱۷ی ئەیلول، لە مەزرای "مارینۆس"ی هەرێمی "کاتۆ مارینۆس"ی سەر بە ناوچەی "ئەلکێ"ی پارێزگای شرنەخ سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی بەرفراوانی ئەنجام داوە. لە ۱۸ی ئەیلولدا لە ساتەکانی شەودا دوژمن بۆردومانی دەڤەرەکەی کردوە و دواتر کشاوەتەوە. بەهۆی بۆردومانەکەوە دو گەریلا شەهید بون کە دواتر ناسنامەکانیان بۆ ڕای گشتیی ئاشکرا دەکەن.

باسی لەوەش كردوە كە لە ۱۷ی ئەیلول فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بە چڕی بۆردومانی دەڤەرەکەیان کردوەو دوای ئەوەش بە هەلیکۆپتەر سەرباز لە ناوچەکە دابەزێنراون و ئەوەش شەڕی بەدوادا هاتوە. بەڵام هەمان ڕۆژ ئۆپەراسیۆنکاران کشاونەتەوە. لەو شەڕ و بۆردومانەدا گەریلایەك شەهید بوە کە لە ئایندەیەکی نزیکدا ناسنانامەکەی بۆ ڕای گشتیی رادەگەیەنن.

لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا هاتوە؛ لە ڕێککەوتی ٤ٚی ئەیلولی ڕابردودا ڕامانگەیاندبو: لە ۲ی ئەیلول، لە نزیک بەرزایی خەرەگۆڵی سەر بە ناوچەی چەلێی جۆلەمێرگ گەریلاکانمان لە دژی کاروانێکی سەربازی دوژمن چالاکیان ئەنجامداوە و تێیدا ۱۳ سەرباز کوژراون. ئێستاش ئاشکرا بوە لە پاش ئەو چالاکییە دوژمن ناوچەکەی بۆردومان کردوەو ئۆپەراسیۆنی ئەنجام داوە. ئەو ئۆپەراسیۆنە تا ۸ی ئەیلول بەردەوام بوە و لەو ڕۆژەدا لە نێوان هێزەکانمان و ئۆپەراسیۆنکاراندا شەڕ ڕویداوە. لەو شەڕەدا لە ۳ی ئەیلول هاوڕێمان ڕێناس تۆڵهەڵدان و لە ٦ی ئەیلول هاوڕێمان خەیری هەرەکۆڵ لە پاش بەرخودان و شەڕی قارەمانانە شەهید بون. لە ۸ی ئەیلولدا، گەریلا لە دژی سەربازانی دوژمن چالاکی ئەنجام داوە و بەهۆیەوە سەربازێک کوژراوە و سەربازێکیش بریندار بوە.

ئەوەش خراوەتەڕو"ئێمە لە ڕێککەوتی ٥ی ئەیلول لە ڕاگەیەندراوێکماندا ئاشکرامان کردبو، لە ۳ی ئەیلولدا، گەریلاکانمان لە لە گەلی شێخزادەی هەرێمی خواکورک چالاکیان لە دژی سوپای داگیرکەر ئەنجامداوە و تێیدا گورزیان لە هەلیکۆتەرێکی جەنگی دابو و پاش ئەوەش دوژمن ناوچەکەی بۆردومان کردوە. لە ئێستادا بۆمان دەرکەوتوە لەو بۆردومانەدا ۲ هاوڕێمان شەهیدبون."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×